=KTML_Bold=تۆنی مۆریسۆن، وەبەرهێنانەوەی یادەوەریی ستەم=KTML_End=
#نووری بێخاڵی#
تۆنی مۆریسۆن، ساڵی 1931 لە شاری لۆرینی سەر بە ویلایەتی ئۆهایۆی ئەمریکا لەدایکبووە. ساڵی 1949 چووەتە زانکۆی هاوارد کە ناودارترین زانکۆی رەشپێستەکانە و جگە لە بڕوانامەی یاسا، بەکالۆریۆسی لە ئەدەبی ئینگلیزی وەرگرتووە. ساڵی 1953 ماستەری لە ئەدەبیات لە زانکۆی کۆرنیل بەدەستهێناوە. پاشان لە 1955 بڕوانامەی لە بواری دەروونزانیدا وەرگرتووە. لە زانکۆکانی (هاوارد، یێل، زانکۆی باشوور لە تێکساس، برینستۆن) وانەی گوتووەتەوە، هاوکات وەک رەخنەگرێکی ئەدەبیش ناسراوە و لەم بوارەدا وانەی لە بواری ئەدەبی ئەفریقی و ئەمریکی گوتووەتەوە. ساڵی 1958 هاوسەرگیری کردووە و ساڵی 1964 لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوە. ئینجا چووەتە نیویۆرک و لەوێ وەک نووسەر لە بنکەی سەرەکیی خانەی چاپ و پەخشی (ڕاندۆم هاوس) دەستی بەکار کردووە.
مۆریسۆن لە خێزانێکی هەژار، بەڵام هۆشیار و ڕۆشنبیر چاوی کردووەتەوە، باپیرەی میوزیکژەن بووە، باوکی کاری ئاسنگەریی کردووە، بەڵام خوێنەرێکی باشیش بووە، دایکیشی گۆرانیبێژ بووە و زۆریش حەزی لە دونیای شانۆ کردووە. سەرەڕای سەختیی ژیانی خێزانەکەیان، بەڵام چونکە لە ژینگەیەکی هونەری و ڕۆشنبیریدا گۆش بووە، هەر لە منداڵییەوە خولیای ئەدەبیات بووە و خووی داوەتە خوێندنەوە. ئاشنایەتییەکی زۆری لەگەڵ ئەدەبی کلاسیکی فەڕەنسی و ئینگلیزی و ڕووسیدا پەیدا کردووە و هەر ئەم خولیا و ئاشناییەش، وایان کردووە لە زانکۆدا بواری زانستە مرۆییەکان و ئەدەبیات تەواو بکات.
=KTML_Bold=دەسپێکی نووسین=KTML_End=
سەرەڕای هەژاری و خراپیی باری ئابووری، بەڵام ژینگەی خێزانیی مۆریسۆن، ژینگەیەکی لەبار بوو کە تێیدا بتوانێ بەم رۆژە بگات. خولیا و ئارەزووی بۆ دونیای ئەدەب، خوێندنەوەی بەردەوام، ئاشنابوونی بە مێژووی ئەدەبیاتی جیهانی، هەموو ئەوانە رۆڵیان لە گەشەکردنی ئاستی ڕۆشنبیریی مۆریسۆندا هەبووە. ئەو لەگەڵ ئەوەی خوێنەرێکی جددیی ئەدەبیاتی ئینگلیزی و ڕووسی بووە، هاوکات باوکیشی بەردەوام چیرۆکە فۆلکلۆری و میللییەکانی کۆمەڵگای رەشپێستەکانی بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ گێڕاوەتەوە، ئەوەش دواجار لە شێوازی نووسینی مۆریسۆندا ڕەنگی داوەتەوە، بۆیەش دەسپێکی نووسینی بە چیرۆکی خەیاڵی بووە.
مۆریسۆن درەنگ دەستی بە نووسین کرد، ئەو کە لە زانکۆی هاوارد، تاکە قوتابی ڕەشپێست بوو، لە ساڵانی دەسپێکی خوێندنی زانکۆییدا، ئەو دەمەی ڕەشپێستەکان لە گەرمەی شەڕی وەدەستهێنانی مافەکانیاندا بوون، دەستی بە نووسین کردووە. دوای پەیوەندیکردنی بە کۆمەڵێک نووسەر و شاعیری زانکۆکەیشی، یەکەم کورتە چیرۆکی خۆی نووسیوە. چیرۆکی کچێکی ڕەشپێست کە هیواخوازە دوو چاوی شینی هەبووایە، ئەوەی دواجار کردی بە ڕۆمانێک و بەناوی (چاوە زۆر شینەکە) بڵاوی کردەوە.
جیابوونەوەی لە هاوسەرەکەی، هۆکار و پاڵنەرێکی باش بوو بۆئەوەی خۆی بە نووسینەوە خەریک بکات و بیکاتە پڕۆژەی ژیان و ئامرازێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو جەور و ستەمەی لە ڕەشپێستەکان دەکرا. لەوبارەیەوە دەنووسێ: سەرەتا بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو گۆڕانە لەناکاوەی بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتیمدا هات، هەروەها وەک هەوڵێک بۆ راهاتن لەگەڵ ژینگەی نوێ، دەستم بە نووسین کرد، بەڵام دوای ئەوە تێگەیشتم کە نووسین بووەتە پێویستیی ژیان، بەتایبەتی وەک ئامرازێک بۆ گوزارشتکردن لە دژی ئەو هەموو ستەم و چەوساندنەوەیەی ڕووبەڕووی کەسوکارە ڕەشپێستەکانم دەبووەوە.
تۆنی کە لە نووسینەکانیدا واقیعیانە و بە قووڵی و جۆرێک لە هاوسۆزی، ڕەوشی ژیانی ڕەشپێستەکانی وێنا کردووە، لەسەر زاری کەسایەتییەکی ڕۆمانی (مەحبووبە)وە دەڵێ: هەر شتێکی کە هەمبوو، هەموو ئەو شتانەیش کە خەونم پێیانەوە دەبینین، سپیپێستەکان بردیانن و دڵیان تێکشکاندم. ئەو هەر لە یەکەم ڕۆمانیدا بەناوی (چاوە زۆر شینەکە) و لە کارەکانی دواتریشیدا، هەوڵی زۆری داوە تیشک بخاتە سەر چەند قۆناغێکی گرنگی مێژووی ئەمریکا. ئەو ئەمریکایەی بە بۆچوونی مۆریسۆن، وڵاتێکە ئەوانی دیکەی بە کۆیلە کردووە و دواجار ئەویشی بە کۆیلە کردووە. وڵاتێک کە لەسایەیدا، هەموو ئەو کەسایەتییانەی لە ئاکامی ستەم و چەساندنەوە و سەرکوتکردن زیانیان پێگەیشتووە، خوازیاری مردن، یان لەبیرکردن، یاخود سڕینەوەی رابردوو بن. تەنانەت ئەو بۆ خۆی گەیشتووەتە ئەو یەقینەی کە لە نێوان بژارەکانی مردن و هیواخواستن بۆ ئایندەیەکی گەشتر، رەنگە مردن باشترین بژارە بێت.
=KTML_Bold=گەنجینەی نووسین و خەرمانەی خەڵات=KTML_End=
مۆریسۆن بە تەنیشت کاری ئەکادیمی، ژنێکی فرەبەهرە و بە سەلیقە بووە.
ڕۆماننووس، شاعیری ئۆپێرا، نووسەری منداڵان و ڕەخنەگری ئەدەبی. بەرهەمەکانی لە بواری رۆماندا بریتین لە: (چاوێکی زۆر شین – 1970)، (ساولا – 1974)، (سروودی سلێمان – 1978)، (منداڵیی قەتران – 1981)، (مەحبووبە – 1987)، (میوزیکی جاز – 1992)، (بەهەشت – 1999)، (خۆشەویستی – 2003)، (هەزار بەزەیی – 2008)، (خوا پەنای منداڵەکە بدا - 2015). ڕۆمانەکانی مۆریسۆن وەرگێڕدراونەتە سەر زۆربەی زمانە زیندووەکانی دونیا، لە پای بەرهەمەکانی ژمارەیەک خەڵاتی نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە. لەوانە، خەڵاتی کتێبی نیشتمانی لە پای ڕۆمانی (ساولا - 1973)، خەڵاتی نیشتمانیی ڕەخنەگران بۆ ڕۆمانی (سروودی سلێمان)، هەروەها ڕۆمانی (مەحبووبە) کە وەرگێڕدراوەتە سەر زۆربەی زمانە زیندووەکانی دونیا و خەڵاتی پۆلیتزەری وەرگرتووە، بەگوێرەی راپرسییەکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزیش، وەک باشترین بەرهەمی خەیاڵیی ئەمریکی لە نێوان ساڵانی (1981 - 2002) دەستنیشان کراوە. هاوکات ساڵی 2006 وەک باشترین رۆمانی ئەمریکی دوا چارەگە سەدەی رابردوو هەڵبژێردرا. دوای ئەوەی بە ناونیشانی (ئیمیتی دووگیان) وەک شانۆگەری نمایش کرا، ساڵی 1988 کرایە فیلمێکی سینەمایی و (ئۆپێرا وینفری) ڕۆڵی سەرەکی تێدا بینی، ساڵی 2016ش وەک زنجیرەیەکی رادیۆیی لە میانی بەرنامەی (15 خولەک دراما)، بە دە ئەڵقە لە ڕادیۆی بی بی سی پەخش کرا. دواجار تۆنی لە پای کۆی کار و بەرهەمە ئەدەبییەکانی، ساڵی 1993 خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی پێبەخشرا.
=KTML_Bold=لە رەحمی کۆیلایەتییەوە=KTML_End=
خێزانی مۆریسۆن لە دەستی مەینەتییەکانی کۆیلایەتی و چەوساندنەوە لە باشوورەوە کۆچیان بۆ ئەو ناوچەیە کردبوو کە تێیدا لەدایک بوو. باوکی کە ئاسنگەر بووە و کاری کشتوکاڵیشی کردووە، بەرمەبنای ئەزموونی ژیانی خۆی و نەوەکانی پێش خۆی، پێیوابووە بەیەکەوەژیانی هاوسەنگ و ئارام لەناو سپی و ڕەشپێستەکاندا ئەستەم بووە، بۆیەش کۆچیان کردووە. دایکیشی کە مۆریسۆن زۆری لەبارەوە گوتووە، ئازارێکی زۆری بەدەست ستەمکاریی سپیپێستەکان و هەلومەرجی سەختی ژیانیانەوە چەشتووە، زۆر حەزی بە سەردانیکردنی هۆڵەکانی شانۆگەری کردووە، بەردەوامیش لە کاتی نمایشدا لەو شوێنانە دانیشتووە کە تایبەت بوون بە سپیپێستەکان. کاتێک بەڕێوەبەرایەتیی شانۆکان، ئاگاداری و هۆشدارییان بە دیوارەکانەوە هەڵواسیوە و هەڕەشەی دەرکردنیان لە هەر ڕەشپێستێک کردووە کە لە شوێنی سپیپێستەکان دابنیشێ، دایکی ئەو ئاگادارینامەکانی دڕاندوون و پارچە پارچەی کردوون و بەناو داڵانی شانۆ و هۆڵەکاندا پەرشوبڵاوی کردوونەتەوە. لەوەش گرنگ و سەرنجڕاکێشتر، ئەو ژنە بەردەوام لەبارەی ژیانی سەختی ڕەشپێستەکان، نامەی گلەیی و ناڕەزایی بۆ (ڕۆزفێڵت)ی سەرۆک نووسیوە.
=KTML_Bold=سیاچارەیی، یان وەیشوومەی سپی؟=KTML_End=
مۆریسۆن زۆر گرێدراوی ڕەچەڵەک و ڕەسەنێتی و رابردووی خۆی بووە، خۆی لە ئازاری کۆمەڵگاکەی جیانەکردووەتەوە. ئەگەرچی خێزانەکەی لەدەستی ستەمی کۆیلایەتی سەریان هەڵگرت و باشووری زێدی خۆیان جێهێشت، بەڵام ئەو ژان و ئازارانەی لە ناخ و یادەوەریی خۆی و خێزانەکەیدا بوون، کردنی بە بابەتی یاخیبوون و چەکی داکۆکیکردن لە مافەکانیان. ڕۆمانەکانی مۆریسۆن گێڕانەوەی یادەوەریی پڕ برینی زیاتر لە سێ نەوەی ڕەشپێستەکانن.. ئەو یادەوەرییەی پڕیەتی لە وێنەکانی کۆیلایەتی و چەوساندنەوە.. ئەو یادەوەرییەی کە وا لە مۆریسۆن دەکات بڵێ ڕاستییەکەی هیچ شتێک نییە بەناوی چانسی خراپ لە جیهاندا، ئەوەی هەیە گەلی سپیپێستە و بەس. بەو مانایەی دەیەوێ بڵێ کە کۆیلایەتی و ئەو ستەمەی لە هاوڕەگەزەکانی دەکرێ، هەرگیز پەیوەندی بە سیاچارەیی و بەدبەختیی خۆیانەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندی بە گەلێکەوە هەیە کە سەرچاوەی هەموو ئەو سیاچارەیی و بەدبەختیانەی ئەوانن، ئەویش سپیپێستەکانن.
دیوێکی گرنگی ڕۆمانەکانی مۆریسۆن ئەوەیە کە گێڕانەوەی ئەو یادەوەریانە دەکەنە هەوێنی تێکۆشان دژی کۆیلایەتی و چەکی ڕووبەڕووبوونەوەی جیاوازیی نەژادی و ڕەگەزپەرستی. ئەگەرچی پیاوی کۆیلە کەرەستەیەکی گرنگی ناو ڕۆمانەکانی ئەو نووسەرەن، وەک ئەوەی لە ڕۆمانی (سروودی سلێمان) دا دەیخوێنینەوە. چیرۆکی ئەو کۆیلە رەشپێستەی هەوڵی ڕاکردن لە یادەوەرییەکانی کۆیلایەتیی خۆی دەدات و دەکۆشێ هەموو دیمەن و گرتەکانی ئەو سەردەمی لەمرۆخستن و چاخی بەربەریەت و ستەمکارییە لەبیری خۆی بباتەوە، کەچی بێدەست و ویستی خۆی، بەردەوام ئازارەکانی کۆیلایەتی باوک و باپیرانی لەگەڵیدا دەژین. وەکوتر ژن وەک سیمبولی چەوساندنەوە و ئەو سیستەمەی کۆیلایەتییە، تەوەری سەرەکیی ناو ڕۆمانەکانین. لە ڕۆمانەکانیدا، بە هەموو ماناکانی لەمرۆخستن، ژن لە دوو ئاستی چەوسانەوە و ستەملێکراویدا وێنا دەکات. بەوپێیەی سەرەڕای ئەوەی لەلایەن سپیپێستەکانەوە وەک پیاو بە کۆیلە کراوە، هاوکات لەناو کۆمەڵگای خۆیشیدا، خەون و خولیاکانی بۆ عیشق و ئەوین، قوربانیی کۆتوبەندی کۆمەڵایەتی و هێڵە سوورەکانی کۆمەڵگاکەین.
=KTML_Bold=نووسین و تۆڵە!=KTML_End=
کاتێ مێژووی ئەمریکای سەردەمی کۆیلایەتی بە وردی دەخوێنینەوە، لە نزیکەوە.. لەناو چیرۆکە میللییەکانیاندا، سەربوردەی مەینەتیی کۆیلەکان دەژنەوین.. لەناو رۆمانە ناسراوەکانیاندا، گوێ لە ترپەی دڵی پڕ ئازاری کۆیلەکان دەگرین و دیمەنە تراژیدی و دڕندەییەکانی ناو فیلمەکانیان دەبینین. هەڵوێستی ژیاندۆستانەی ئەو نووسەرە کە خۆی و باوک و باپیرانی، قوربانیی سیتەمکاریی کۆیلایەتین، نەک هەر سەرنجمان رادەکێشێ، بەڵکوو لەو ڕۆحی لێبووردەییەی قوربانی، تووشی شۆک دەبین. ئەو قوربانییانەی نەوە دوای نەوە، چەوساندنەوەیان بە میرات بۆ بەجێماوە.
ئەوەتا مۆریسۆن دەڵێ: من بۆ تۆڵەکردنە لە ڕەگەزپەستی نانووسم، بەڵکوو بۆ گۆڕینی زمان دەنووسم، زمانێک کە لە بەهای مرۆڤەکان کەم نەکاتەوە. من شمشێرم هەڵنەگرتووە و هەرگیز نامەوێ وەڵامی ستەمکاری بدەمەوە، تەنیا دەمەوێ بە دەنگی ژنە رەشپێستەکان، بۆشاییەکان پڕ بکەمەوە. نووسەر بەم گوزارشت و دەربڕینە ژیان و مرۆڤدۆستییە دەیەوێ بڵێ: من، یان ئێمەی ڕەشپێست، نامانەوێ کۆپی ستەمکار بین.. نامانەوێ بە هەمان زمانی ئەوان وەڵامیان بدەینەوە، بەڵکوو مەبەستمانە وەک هەر مرۆڤێکی سپیپێست، وەک هەر مرۆڤێکی دیکەی ئاسایی کە مافی پاراستنی بوون و ژیان و شکۆی هەیە، ئێمەش خودی مرۆیی خۆمان بسەلمێنین، ئێمەی ئەمریکی بە ڕەچەڵەک ئەفریقی. ئەو بە نووسینەکانی ڕۆدەچێتە قووڵاییەکانی رابردوو، بەناو تونێلە لوولپێچەکانی مێژوودا رەت دەبێت، دەگەڕێتەوە بۆ رەچەڵەک و رەگەکانی، نووسەرێکە زۆر باش لە ماناکانی ئازادی و بوون و بەها و شکۆی مرۆیی گەیشتووە. خەونی مەزنی ئەو ژنە نووسەرە و هەوڵی بەردەوامی بۆ خودسەلماندنە، بە بەخاوەن دەرکەوتنە لە شوناس، نەک بۆ تۆڵەسەندنەوە. کاری ئەو، وەک لە ناوەڕۆکی نووسینەکانیدا دەیبینین، ململانێیە لەنێوان ڕاهاتن لەگەڵ واقیعی داسەپاوی سپی (ستەمکاریی سپیپێستەکان) و پاراستنی شوناسی ڕەش (ڕەشپێست وەک بوونێکی مرۆیی). هەر ئەم ڕوانگە مرۆیی و ژیاندۆستیەشە، کە وای کردووە بەرهەمە ئەدەبییەکانی ببنە جێی سەرنج و بایەخی ڕەخنەگر و خوێنەر و ئەدەبدۆستان.
جگە لە ڕۆمانی یەکەمی (چاوە زۆر شینەکە) کە بەهۆی گێڕانەوە داستانی و وێناکردنە شاعیرییەکەی بۆ وردەکاریی ژیانی کۆمەڵگای ڕەشپێستی ئەمریکا، نێوەندی ئەدەبی و ڕەخنەیی ورووژاند، وەکوتر ڕۆمانی (مەحبووبە) کە یەکێکە لەو کارە دانسقە ئەدەبیانەی لە باری شێوازی نووسین و ناوەڕۆکدا لە لووتکەدایە. ڕۆمانێکە پڕ لە ڕووداو کە دەکرێ لە دیدگا و گۆشەنیگای جیاوازیی مرۆیی و مێژووییەوە، خوێندنەوە بۆ هەر یەکێک لەو رووداوانە بکرێ کە بە ڕایەڵی جیاواز دەچنەوە سەر یەک و بەیەکەوە وێنەیەکی گشتگیری واقیعی ستەمی کۆیلایەتی و نەهامەتییەکانی کۆمەڵگای ڕەشپێستمان پیشان دەدات.
لێبووردەیی وەک هەوڵی خۆپێناسەکردنەوە، ڕەگەزپەرستی لە دژی رەشپێستەکانی ئەمریکا، بابەتی سەرەکیی ڕۆمانەکانی مۆریسۆنن. ئەو لە هەر ڕۆمانێکیدا بە جۆرێک و لە ڕوانگە و گۆشەی جیاوازی ناو ئەو مێژووەوە، بابەتی کۆیلایەتی و ستەمکاری و چەوساندنەوە و ڕەگەزپەرستی دەکاتەوە بە تەوەری قسەکردن. دیمەنی سەرەکیی ئەو گرتە جیاوازانەش، گێڕانەوەی چیڕۆک و سەربوردەی بە کۆیلەکردنی ئەفرۆئەمریکییەکانە. لایەنێکی دیکەی ناو ڕۆمانەکانی ئەو ژنە نووسەرە، ململانێیە. ململانێی نێوان تاک و کۆمەڵگا، ئیتر ئەو ململانێیە هی ناو کۆمەڵگای سپیپێستەکان بێت، یان هی ڕەشپێستەکان.
ڕوونتر بڵێین، لە ڕێگای نووسینەوەی مێژووی ئەمریکاوە، مۆریسۆن یادەوەریی کۆیلایەتی و ڕابردووی ئەفرۆئەمریکییەکان شەنوکەو دەکات و لەباریەکی هەڵدەوەشێنێتەوە.. هەڵوەشاندنەوەیەک وەک شیکردنەوەی تاڵەکانی خوری، وەک شەنەکردنی خەرمانە لەبەر با.. ئەو لە ڕۆمانی (میوزیکی جاز)دا، ئێش و ئازاری ناو مێژووی هاوڕەگەزەکانی، دیمەنەکانی ناو ئەو یادەوەرییە بریندارەیان، بارگاوی بە میوزیکێکی خەمگینی ناوەوەی خۆی کە لە دەربڕینەکانیدا ئاوازە ناسۆرەکانی دەژنەوین، هەروەها بە ئاوێتەکردنیان لەگەڵ ترسی کوشندەی لە شتەکان کە لە گێڕانەوەکانی و وێناکردنی دیمەنەکانی دڕندەیی سیستەم نیشانمانی دەدا، ڕوونتر بە وردەکارییەکان ئاشنامان دەکات و سەرنجڕاکێشانە بۆ ناو کونج و کەلەبەرەکانی ئەو تاریکاییەی مێژوو دەستمان دەگرێ، ئەمە بەبێ ئەوەی لە دەربڕینێکیدا بۆن بە ڕقەوە بکەیت، بەبێ ئەوەی لە نیشاندانی وێنە و دیمەنێکی گێڕانەوەکانیدا هەست بەوە بکەیت، کە بیر لە تۆڵەسەندنەوە دەکاتەوە. ئەمە ئەو دونیابینییە باڵادەستەی گێڕانەوەیە کە وا دەکات یەکێک لە ڕەخنەگرەکان بڵێ: مۆریسۆن نوێنەرایەتی دەسەڵاتی ئەخلاقێک و ویژدانێکی زیندوو دەکات کە هاوشێوەیان نییە. بە گشتی، ئەو مێژووە سەرڕێژ لە دڕندەییە، جگە لەوەی نووسەر دەیانکاتە کەرەستەی بێدارکردنەوەی ویژدانی مرۆیی و هەوڵێک بۆ بەرهەمهێنانی لێبووردەیی و فاکتەری بەخاوەن دەرکەوتن لە شوناس و خۆسەلماندن، هاوکات دەشیانکاتە کەرەستەی داهێنانی ئەدەبی.
بەکورتی، مەبەستی ئەو لە هەڵکۆڵین لەناو یادەوەری وەک خۆی دەڵێ، بۆ ئەوەیە: لە میانی دەوروبەرەکەم و ئەو یادەوەرییانە، سیستەم و جوانی و ژیان دابهێنم. ئەو دەوروبەرەی هیچ نییە، جگە لە ترس و نیگەرانی و خەمۆکی و مردن. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=