=KTML_Bold=فۆنکە.. ریسک بەناو نهێنی و جادووبازیدا=KTML_End=
#نووری بێخاڵی#
=KTML_Bold=هەموو شتێک لە پێناوی منداڵ=KTML_End=
کۆرنیلیا فۆنکە، ژنە رۆماننووس و نووسەری ئەدەبی منداڵان، ساڵی 1958 لە دۆرستن لە ئەڵمانیا لەدایکبووە. لە هامبۆرگ لەبواری پەروەردەدا، بڕوانامەی دبلۆمی وەرگرتووە. هەر لەوێ لە پەیمانگای تایبەتمەندی هونەری شێوەکاری خوێندوویەتی و بواری نەخشەسازیی تەواو کردووە. سەرەتای کاری لە دونیای منداڵاندا بە دروستکردنی نەخش و نیگاری کتێبەکانی منداڵان دەستپێکرد، دواجار بڕیار دەدا بۆ خۆی لە بواری ئەدەبی منداڵان بنووسێت. یەکەم کاری لەو بوارەدا نووسینی زنجیرەیەکی تەلەفزیۆنی بوو بە ناوی (حەفت ئەستێرە). کۆرنیلیا تا ساڵی 2005 لە هامبۆرگ دەژیا، بەڵام دوای مردنی هاوسەرەکەی، لەگەڵ منداڵەکانی روویان کردە ئەمریکا و لە لۆس ئەنجلس گیرسانەوە.
=KTML_Bold=ئایکۆنی ئەدەبی منداڵان=KTML_End=
فۆنکە، بەهۆی گەنجینە دەوڵەمەندەکەی لە بواری چیرۆک و رۆمانی منداڵان، لەوانە: ڕاوچیی دێوەزمەکان، مریشکی کێوی، سیانەی (مەرەکەبی دڵ، خوێنی مەرەکەب و مەرگی مەرەکەب)، لەودیو پەنجەرە سیحرییەکانەوە، دوو جادووبازی دڕندە، شازادە ئێزابێللا، سوارچاکی تنین، هاوڕێ قەڵەوەکان، میک و مۆ لە رۆژئاوای دڕندەدا، شای دزەکان (ئەمەیان یەکێکە لە کارە هەرە ناودارەکانی، کە ساڵی 2006 کراوەتە فیلمی سینەمایی)، سوارچاکە شاراوە بێ ناوەکە، دڕندەترین براکان لە جیهاندا، میک و مۆ لە فەزای دەرەوە، دەزووی زێڕین و …هتد) ئەمانە و چەندین کار و بەرهەمی دیکەی ئەدەبی، لە ماوەیەکی کەمدا توانی ناوبانگ لەسەرتاسەری دونیا پەیدا بکات و بەرهەمەکانی کیشوەر و زەریاکان ببڕن و ببێتە یەکێک لە دیارترین پێشەنگەکانی ئەدەبی منداڵان لە جیهاندا.
لە پای ئەو کار و بەرهەمانەی و ئەو ناوبانگەی لە ئاستی دونیادا لە بواری ئەدەبی منداڵان بۆ خۆی بەدەستی هێنا، چەندین خەڵاتی وەرگرتووە، لەوانە (خەڵاتی مانگای خوێنەر - 1998) و (خەڵاتی کتێبی ئینجیلی – 2002) و (خەڵاتی فانتازیا - 2004)، هەروەها لە ساڵی 2005 یەکێک لە ڕۆژنامە بەناوبانگەکانی جیهان، فۆنکەی وەک یەکێک لە سەد کاریگەرترین کەسایەتییەکانی جیهان دەستنیشان کرد.
=KTML_Bold=بەجیهانیبوون و شکاندنی ریکۆرد=KTML_End=
یەکێک لەو بەرهەمە گرنگانەی کە بووە پردی پەڕینەوەی ئەو ژنە نووسەرەی دونیای منداڵان بۆ بەجیهانیبوون، ڕۆمانی (شای دزەکان) بوو. رۆمانەکە ساڵی 2000 بۆ یەکەم جار لە ئەڵمانیا، پاشان ساڵی 2002 لە ئەمریکا چاپ و بڵاوکرایەوە و بۆ چەندین مانگ، لە ریزبەندی پڕفرۆشترین کتێبەکانی ئەو وڵاتەدا بوو. ئەم ڕۆمانەی بە جۆرێک ناوبانگی دەرکرد، تا گەیشتە ئەوەی وەربگێڕدرێتە سەر زیاتر لە 23 زمانی زیندووی جیهان.
ڕۆمانی (دڵی مەرەکەب) یەکێکی دیکەیە لەو کارانەی فۆنکە کە بەهۆیەوە توانی ئەدەبی منداڵانی ئەڵمانی لە چوارچێوەی لۆکاڵی دەربێنێ و شوناسێکی جیهانیی پێ بدات. بەتایبەتیش دوای وەرگێڕانی ڕۆمانەکە بۆ سەر زمانی ئینگلیزی. ساڵی 2003 رۆمانی (دڵی مەرەکەب)ی لە یەک کاتدا لە ئەڵمانیا و ئەمریکا و بەریتانیا و ئوسترالیا و کەنەدا چاپ و بڵاوکردەوە، یەکێک بووە لە پڕفرۆشترین کتێبەکانی ئەدەبی منداڵان لەو وڵاتانەدا و ڕەواجێکی زۆری لەلای خوێنەران هەبوو.
فۆنکە لە رۆمانەکانیدا کە کەشێکی خەیاڵی و خورافی بەسەریاندا زاڵە، توانی لەباری زمانی نووسین و گێڕانەوەدا، چوارچێوەی باوی زمانی ئەدەبی منداڵ لەو سەردەمەدا، هەروەها بیرۆکە سواو و دووبارەکان تێپەڕێنێ و بەمەش سەرنجی دەزگاکانی چاپ و پەخشە جیهانییەکان بۆ خۆی ڕابکێشێ، تا ئەو ئاستەی لەسەر خاوەندارێتیکردنی مافی وەرگێڕان و چاپکردنی بەرهەمەکانی، بکەونە رکابەری و پێشبڕکێ. هەروەها لە پەیوەست بە شکاندنی ڕیکۆردی ژمارە و تیراژی چاپی بەرهەمەکانی، نەک هەر بێتە ریزی ناوی دەیان لە ئەدیبە کلاسیکییە ناسراوەکانی ئەڵمانیا، بەڵکوو ژمارە پێوانەییەکانیش لەو بوارەدا بشکێنێت. بۆ نموونە، دەزگاکانی چاپ و پەخشی زیاتر لە 45 وڵات، مافی خاوەندارێتی وەرگێڕانی بەرهەمەکانیان کڕیوەتەوە. بەگوێرەی هەواڵێکی دیرشپیگل، تەنیا لە ساڵی 2005 دا، لە نێوان 1800 کتێبی منداڵان و 569 ڕۆمان، ڕێژەی فرۆشی کۆبەرهەمەکانی فۆنکە گەیشتە زیاتر لە 10 ملیۆن دانە. لەلایەکی دیکەوە، باری کینگهام، وەشانگەری (هاری پۆتەر) کە خاوەندارێتی وەرگێڕانی (شای دزەکان)ی بۆ زمانی ئینگلیزی کڕییەوە (ئەم کتێبە یەکەم رۆژی بڵاوبوونەوەی چاپی یەکەمی لە ئەڵمانیا 10 هەزار دانەی لێ فرۆشرا)، بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی گوت، پاش وەرگێڕان و چاپکردنی، لە بیست هەفتەی یەکەمی بڵاوکردنەوەیدا لە ریزبەندی پێشەوەی پڕفرۆشترینی ئەو کتێبانە بوو کە لە وڵاتانی ئینگلیزیزمان رەواجیان هەبووە.
چیرۆکی (ئەستێرەی لاورا) کە وەرگێڕدراوەتە سەر زیاتر لە سی زمانی دونیا و ناوبانگێکی جیهانیی پەیدا کرد یەکێکی دیکەیە لە کتێبە پڕفرۆشەکانی فۆنکە و لەلایەن وەشانخانەی (باومهاوس) لە فرانکفۆرت چاپ و بڵاوکرایەوە. خاوەنی وەشانخانەکە دەربارەی دەنگدانەوەی کتێبەکە و ڕێژەی فرۆشی لە بازاڕەکاندا، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی دوێچەوێلا گوتبووی: لە ئەڵمانیا زیاتر لە پێنج ملیۆن و 500 هەزار دانە و لە هەریەک لە بەریتانیا و ئەمریکاش، زیاتر لە پێنجسەد هەزار دانەمان لێی فرۆشت.
=KTML_Bold=شای دزەکان، فانتازیای خەیاڵ و واقیع=KTML_End=
دەربارەی رەواجی رۆمانی (شای دزەکان)ی فۆنکە، رۆژنامەی گاردیان-ی بەریتانی نووسیبوی: ئەو ڕۆمانە گەوهەر و مرواریی ئەڵمانییە و پێویستە نووسەرە ئینگلیزەکانی بواری چیرۆکی منداڵان، لە پشتییەوە خۆیان وەشێرن.
(شای دزەکان) گێڕانەوەی چیرۆکی دیاردەی منداڵانی سەر شەقامە، بەتایبەتی منداڵانی بێسەرپەرشت کە هەمیشە لەبەردەم مەترسیی بەلاڕێدابردندان. منداڵانی سەرشەقام منداڵانێکن کە رەنگە زۆربەیان بەبێ ویستی خۆیان، ڕووبەڕووی ئەم قەدەری بێکەسی و بێنەواییە بووبنەوە، بەڵام سەختیی ژیان و مەینەتییەکانی ڕۆژگار و هەلپەرستیی خەڵکانێکی ئەو دەوروبەرە، تووشیان بە تووشی چارەنووسێکی ناخۆش و نەخوازراو دەکەن.
ئەگەرچی رۆمانەکەی فۆنکە بەو ئاراستەیە قسە لەسەر ئەم دیاردەیە و دەرکەوتەکانی ناکات، بەڵکو خودی دیاردەکە و دەرهاوێشتەکانی، دەکاتە ئامرازی پەلکێشکردنی خوێنەر بۆ ناو دونیایەکی ئەفسوناویی سەرنجڕاکێش، ناو جیهانێکی پڕ جادوو و تەلیسم. جیهانێک تێیدا، خەیاڵ رەنگاڵەیی و سەرسامکەر.. زمانی گێڕانەوە جادووگەرانە و کەمەندکێش.. گرتە و دیمەنەکان ئەفسانەیین. جیهانێک تێیدا، نووسەر هاڕمۆنیایەکی سەیر لە نێوان ئەو سێ ئاستەی خەیاڵ و زمان و گێڕانەوەدا دروست دەکات.
ڕۆمانی (شای دزەکان)، چیرۆکی دوو منداڵی ئەڵمانیی بێسەرپەرشتە لە شەقامەکانی شاری ڤینیسیای ئیتاڵیا کە دوای مردنی دایک و باوکیان و بۆ ڕزگاربوون لە دەستی مامەڵەی خراپی پوورێکیان، ڕوویان لەو شارە کردووە و لەوێش ئاشنای چەند منداڵێکی سەرشەقام و بێسەرپەرشت دەبن. چیرۆکەکە سەرڕێژە لە ڕیسککردن و سەرکێشی.. بارگاوییە بە ڕووداوگەلی خەیاڵیی ترسناک و دڵخۆشکەر.. گەمەکردنە لە نێوان واقیع و خەیاڵ.. تێکەڵەیەکە لە چیرۆکی سەرکێشی و پۆلیسی، بەڵام بە زمانێک، لە ئاستی تێگەیشتنی منداڵ و مێرمنداڵان.. بە ڕووداو و سەربووردەگەلێک، تەبا لەگەڵ حەز و ئارەزوو و خولیاکانیان، نزیک لە دونیای خەون و خۆزگەکانیان کە ئەمەش یەکێکە لەو تایبەتمەندییانەی ڕۆمانەکانی فۆنکەیان پێ دەناسرێتەوە، ئەویش تێکەڵکردنی واقیع و خەیاڵ، گێڕانەوە بە زمانێکی سادە و شیرین و سەرنجڕاکێش.
ڕۆمانی (شای دزەکان) چیرۆکێکە رووداوەکانی لە شاری ڤینیسیا ڕوودەدەن، کەسایەتییەکانی، منداڵانی بێسەرپەرشت و سەر شەقامەکانی شارەکەن.. ئەو منداڵانە لە رێکەوتێکدا بە کەسێکی سەیر ئاشنا دەبن.
ڤینیسیا کە یەکێکە لە سەمەرەترین و سەرنجڕاکێشترین شارەکانی دونیا، شوێنی رووداوەکانە.. (بڕۆسبەر و بۆ) کە دوو منداڵی ئەڵمانی بێسەرپەرشتن، ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن. ئەوان بەهۆی ئەو چیرۆکە سەرنجڕاکێشانەی کە دایکیان کاتی خۆی لەبارەی ڤینیسیا بۆی گێڕابوونەوە، شارەکە دەبێتە خەونی ئایندەیان.
ئیتر هەروا بوو، دوای مردنی دایک و باوکیان، بەهۆی کاریگەریی چیرۆکەکانی دایکیان لەبارەی شارەکە و هەروەها بۆ دەربازبوون لە دەستی پوورە هەراسانکەرەکەیان، شوێنی خەونی خۆیان دەکەون و ئەو شارە دەکەنە نەوا و پەناگەی ژیانی خۆیان.
زۆر نابا دوو منداڵەکە هۆگری شارەکە دەبن و لای چەند منداڵێکی دیکەی ئیتاڵی کە ئەوانیش منداڵی سەر شەقام و کۆڵانەکانن و لای سەرکردەیەکی دزانن، شوێنی حەوانەوە و مانەوەی خۆیان لە باڵاخانەی کۆنە سینەمایەکدا دابین دەکەن.. ئەوانیش هاوشێوەی منداڵەکان، ماوەیەکی زۆر ژیانێکی ئازاد و بێ کۆتوبەند لای ئەو سەرکردەیەی دزان بەسەر دەبەن. لەو نێوانەدا منداڵێک بەناوی (ڤیکتۆر) دەردەکەوێ کە سیخوڕی پوورە ڕەزا قورسەکەی ئەو دوو منداڵەیە و نیگابانی بەسەر (بڕۆسبەر و بۆ)دا دەکات. رۆژێکیان سەرکردەی دزەکان کە منداڵەکانی داڵدە داوە، ئەرکێکی سەیر و نهێنی بە منداڵەکان دەسپێرێت. ئیتر رووداوە سەیر و سەمەرەکان لەوێوە رێچکە دەگرن و وردە وردە نهێنی و پەرجووەکانی شاری ڤینیسیا دەردەکەون. گرنگترینیشیان، ئەو ژنە مەیگێڕەی یانەکەیە کە منداڵەکان دەیانەوێ دزیی لێ بکەن. ژنە لە دوورگەیەکی نزیکی شارەکە جادوویەکی سەیری شاردووەتەوە.. جادووەکەش ئەوەیە کە بەهۆیەوە دەتوانێ گەورەکان بکاتە منداڵ و منداڵەکانیش گەورە بکات.
=KTML_Bold=نهێنیی سەرکەوتن=KTML_End=
فۆنکە کە چ لەسەر ئاستی ئەڵمانیا، یان جیهاندا بە یەکێک لە بەناوبانگترین نووسەرانی منداڵان دادەنرێ، سەرەتا لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا، کاری نیگارکێشی بۆ کەسایەتی و ڕووداوی ناو چیرۆکەکان دەکرد، بەڵام دواجار کەڵکەڵەی ئەوە کەوتە سەریەوە کە بۆچی بۆ خۆی چیرۆک نەنووسێ؟
بۆ سەرکەوتن لە دونیای نووسینی ئەدەبی منداڵانیشدا، بە تەنیا ئەزموونی نیگارکێشییەکەی و خوێندنەوەی ئەو چیرۆکانەی کە نەخشونیگاری بۆ دەکردن، بەس نەبوو. ئەو پێویستی بەوە بوو قووڵتر بچێتە ناو دونیای منداڵ. بۆیە یەکەم هەنگاو کە هەڵیگرت، تەواوکردنی خوێندن بوو لە بواری پەروەردەی منداڵ. کە خوێندنەکەیشی تەواو کرد، بە کردەنی وەکو پەروەردەکارێک چووە ناو پرۆسەی پەروەردەکردنی منداڵ. بەو پێیەی لە دامەزراوەیەکی پەروەردەیی، بە کاری چاودێریکردنی منداڵان و گوتنەوەی وانەی پەروەردەی هونەری دەستبەکار بوو. ئیتر ئەو ئەزموونە هاوکارێکی سەرەکیی ئەو ژنە نووسەرە بوو، بۆ ئەوەی زیاتر و لە نزیکەوە، لە باری سایکۆلۆژی و خەون و خەیاڵ و زمانی ئاخاوتن و دەربڕینیاندا، ئاشنای دونیای منداڵان بێت.
ئەزموون و بایەخی بە دونیای منداڵ، وایان کرد لە نووسین لەبارەی ئەو جیهانە ئاڵۆزە کە پێویستی بە خەیاڵێکی قووڵ و زمانێکی سیحری هەیە، سەرکەوتن بەدەست بهێنێ. یەکێک لە سەرکەوتنە دیارەکانیشی نووسینی (مریشکی کێوی، یان دڕندە) بوو کە تێیدا باس لە سەرکێشی و ڕیسککردنی چەند کچە هەرزەکارێک دەکات. کچگەلێک لەوانەی بە هاروهاجی و قۆشمەبازی و ڕۆحسووکی ناسراون، ئەو کچانەی نەک هەر ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکان دەبنەوە، بەڵکو کار بۆ ئەوە دەکەن، ئاستەنگ و ئاڵنگاری بەرهەمبێنن و بیکەنە بەشێک لە کەرەستەی تاقیکردنەوەی توانا و سەرکێشییەکانی خۆیان.
ئەو رۆماننووسە ژنە کە خەیاڵ و فانتازیا بەسەر گێڕانەوەکانیدا زاڵە، لەوبارەیەوە دەڵێ: من تا ئاستێکی زۆر بە زیندوێتی چیڕۆکە خەیاڵییەکانی ناو مێژوو و ئەدەبی ڕووسی سەرسامم، بەتایبەتی کارە شیعرییەکانی پوشکین. وەلێ لەگەڵ ئەوەشدا کە فۆنکە لە ڕۆمانەکانیدا، لە باری زمانی گێڕانەوە و دەربڕینەوە، هەروەها لە باری وێناکردنی شوێنکاتی رووداوەکانەوە، خەیاڵ و فانتازیا ئاوێتەی یەکتری دەکات و سەرنجی خوێنەر بۆ خۆی رادەکێشێ و دەیباتەوە ناو جیهانێکی سیحراویی پڕ لە تەلیسم و نهێنی. جیهانێک لە میانی هەر گرتە و دیمەن و گێڕانەوەیەکی ڕووداوەکانیدا، وا لە خوێنەر دەکات تاسەی دۆزینەوەی نهێنیی دیکە، سەرکێشیی دیکە، سوپرایزی دیکە بکات، بەڵام بە دیوەکەی تریشدا، بایەخێکی زۆر بە واقیع دەدات و لە میانی ئەو گەمەی خەیاڵ و فانتازیایەدا، وێنای واقیعی ژیانی ڕۆژانەش دەکات، بەو مانایەی لە ئاستێکی تردا، ڕۆمانەکانی تێکەڵەیەکن لە واقیع و خەیاڵ. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=