=KTML_Bold=مارگرێت دوراس؛ عاشقە سەرشێتەکە=KTML_End=
#نووری بێخاڵی#
سیناریست و ڕۆماننووسی فەڕەنسی، مارگرێت دۆنادیۆ (مارگرێت دوراس) کە لە نیسانی 1914 لە شاری سایگۆنی ڤێتنام (ئەوکات کۆڵۆنیی فەڕەنسا بوو) لەدایک بووە، بە یەکێک لە گرنگترین نووسەرە فەڕەنسییەکانی سەدەی بیستەم دادەنرێت. لە تەمەنی 17 ساڵیدا لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی دەگەڕێتەوە فەڕەنسا، لەوێ بۆ تەواوکردنی ماتماتیک دەچێتەوە بەر خوێندن، دوای ماوەیەک واز دێنێ و ڕوو دەکاتە خوێندنی زانستە سیاسییەکان و هەر لەو ماوەیەشدا پەیوەندی بە حیزبی کۆمۆنیستی فەڕەنسییەوە دەکات. لە گەرمەی جەنگی دووەمی جیهانیدا وەک خۆبەخش دەچێتە ڕیزی بزووتنەوەی بەرەنگاریی فەڕەنسییەکان لە دژی ئەڵمانیای نازی کە ئەوکات فرانسوا میتێران (کە تا کۆچی دواییان هاوڕێی گیانی بەگیانی بوون) سەرکردایەتی بزووتنەوەکەی دەکرد.
تەمەنی چوار ساڵان بووە کە باوکی کۆچی دوایی کردووە، لە تەمەنی هەرزەکارییەوە کەوتووەتە داوی خۆشەویستیی گەنجێکی دەوڵەمەند، بەڵام پەیوەندییەکەیان ناکام بووە. دوو جار هاوسەرگیریی کردووە، جاری یەکەم لە ساڵی 1939، کە بەرهەمەکەی منداڵێک دەبێ و دواتر دەمرێ، دووەم جاریش لە ساڵی 1947 کە کوڕێکی دەبێت و ناوی دەنێ (جان). مەرگی ناوادەی باوکی، ئەو عیشقە ناکامە و مامەڵەی خراپی دایکی لەگەڵی، هەروەها ئەزموونی سەختی ژیانی لە ڤێتنام، دیوە تاریک و دۆزەخییەکانی سیستەمی کۆڵۆنیالیستیی فەڕەنسی لە ڤێتنام، مردنی لەناکاوی برا بچووکەکەی و دواتر مەرگی دایکی و ئەو کارەساتەی بەسەر برا گەورەکەیدا دێت، ڕەنگدانەوەی زۆریان لە نووسینەکانی (دوراس)دا هەیە.
بە خوێندنەوەی وردی بەرهەمەکانی، لەو ڕاستییە تێدەگەین کە تراژیدیای ژیانی دوراس، دایک و براکەی بوون، بەتایبەتی دایکی. ئەو دایکەی نەک هەر خۆشی نەویستووە، بەڵکو لە مامەڵەکردن لەگەڵیدا تا ئەوپەڕی توند و زبر بووە. ڕەنگە ئەو بۆشایی سۆز و خۆشەویستییەی دایکی کە هەر لە منداڵییەوە لەگەڵیدا گەورە بووە، لەگەڵ خۆشەویستییە ناکامەکەی لە ڤیتنام، هۆکار بووبن بۆ ئەوەی لە تەمەنی شەست و شەش ساڵیدا بکەوێتە داوی خۆشەویستیی (یان ئاندریە)ی تەمەن 25 ساڵ کە تا ڕۆژی مردنی (دوراس) لە مانگی گوڵانی 1996، نەک هەر لەگەڵی بەردەوام بوو، بەڵکو بە هۆی قووڵی و کاریگەریی عیشقەکەیانەوە، تا چەند ساڵێکیش دوای مەرگی (دوراس)، (ئاندریە) گۆشەگیریی هەڵبژارد.
دوراس کە لە پای ڕۆمانی (عاشق) خەڵاتی ناسراوی (گۆنکور)ی وەرگرتووە، هەر لە نووسینەکانی سەرەتای تەمەنیەوە توانی سەرنجی نێوەندی ئەدەبی و ڕەخنەیی و هەروەها سەرنجی خوێنەران بۆ لای خۆی رابکێشێ. ئەگەرچی ساڵی 1943 ڕۆمانی (سپڵەکان)ی نووسی، بەڵام ڕۆمانی (بەنداوێک بە ڕووی پاسیفیکدا - 1950)، بەردی بناغەی نووسین و بڵاوبوونەوەی ناوبانگی بوو. دواتر بە هۆی شانۆنامەکانیەوە و بەتایبەتی هەردوو شانۆنامەی (گۆڕەپان - 1962)، (ڕۆژێکی تەواو لەناو دارەکاندا - 1968) و بەدوای ئەوانیشدا، سیناریۆی فیلمی (هێرۆشیما خۆشەویستەکەم کە ساڵی 1975 خەڵاتی فێستیڤاڵی سینەمایی کانی وەرگرت)، دەرگا و دەروازەی بەجیهانیبوونی لەبەردەمدا ئاوەڵا بوو. دواجار لە ڕێگای ڕۆمانی (عاشق)ەوە بووە ناوێکی دیاری ناو ئەدەبی جیهانی و وەک یەکێک لە پڕخوێنەرترین ڕۆماننووسە فەڕەنسییەکان ناسرا و بەرهەمەکانی وەرگێڕدرانە سەر چەندین زمانی زیندووی جیهان.
بەرهەمەکانی دوراس لە ڕۆمان و شانۆنامە و سیناریۆی فیلم و کتێبی دیکە (کە دەیان کتێبن)، ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ توانای ئەو ژنەی کە فەڕەنسییەکان جارێک بە (جادووبازی نووسینی ڕۆمان) و جارێکی دیکە بە دیاردەی زیندوو و جیاوازی ئەدەبی و جارێکیش بە شاژنە مارگۆ (وەک ئاماژەیەک بۆ گرتنی لووتکەی عەرشی ئەدەبی فەڕەنسی بۆ ماوەیەکی درێژ)، وەسفیان کردووە.
دوراس کە گۆشەگیری و تەنیایی لە کاتی نووسیندا نهێنیی سەرکەوتنی بووە (بۆ ئاشنابوون بە نهێنییەکانی سەرکەوتنی ئەزموونی نووسینی دوراس، خوێنەر دەتوانێ بۆ کتێبی - أن تکتب.. الروایە والکتابە - بگەڕێتەوە)، لە بەرهەمەکانیدا بە تۆنێکی هێمن و خەمگین، بە هەستکردنێکی شاراوە بە ونبوون و لەدەستدانی سۆز، بەڵام هێور و دانبەخۆداگرتوو، بە ناخی مرۆڤدا ڕۆدەچێت و بە دوای نادیاردا دەگەڕێ. بە مانایەکی دیکە، ئەو ژنە نووسەرە بە هەستێکی قووڵ و ئاگاییەکی زۆرەوە، وەسفی ئێش و ئازاری مرۆڤ و خەون و خۆزگەکانی دەکات و برین و ئازارەکانی مرۆڤ دەنووسێتەوە. وەک ژنێکی دژەباو، یاخی و ڕیسککار، ڕاستگۆیانە وردەکارییەکانی ژیانی خۆی، پەیوەندییەکانی، لە دەقەکانیدا تەوزیف کردووەتەوە. بە کەسێکی ڕیالیست، بوێر و سەرکێش، بەرهەمەکانیشی بە هەمەڕەنگی، نوێگەری، ڕاستگۆیی (وەک هەوڵێک بۆ دۆزینەوە و ئاشکراکردنی نهینییەکانی واقیع) دەناسرێنەوە.
=KTML_Bold=لە نێوان ئاگری دوو عیشقدا=KTML_End=
دوراس لە تەمەنی هەرزەکارییەوە لە ڤێتنام عاشقی کوڕێکی چینی دەبێت کە 12 ساڵ لە خۆی گەورەتر بووە. لە تەمەنی 66 ساڵیشدا لە پاریس، دەکەوێتە داوی عیشقی گەنجێکی تەمەن 25 ساڵی. ئەزموونی یەکەمی سەرەڕای شەیدایی و هۆگربوونێکی قووڵ، بەڵام بە هۆی هەلومەرجەکانی ژیانی دوراس و هەڵوێستی دایکی، ناکام دەبێت. کەچی ئەوەی دووەمیان دەبێتە جۆرێک لە عیشقی ئەفسانەیی و قەرەبووی هەموو ئەو ڕابردووە بریندارەی بۆ دەکاتەوە. عیشقێک (ئەندریە)ی گەنج تا دوا چرکەکانی هەناسەدانی، بە تەنیشت دوراسەوە دەهێڵێتەوە. نەک هەر ئەوە، بەڵکو دوای مردنی مەعشووقەکەیشی، لە کتێبێکی دانسقەدا، ئەزموونی هۆگربوون و عیشقەکەیان دەنووسێتەوە و دەبێتە یەکێک لە پڕ خوێنەرترین کتێبەکانی فەڕەنسا و ساڵی 2000 لە پاریس خەڵاتی ئەدەبیی جەژنی عاشقان دەباتەوە.
(یان ئەندریە) نووسەرێکی گومناو، بەڵام خوێنەرێکی ڕژد و شەیدایەکی سەیری نووسینەکانی (دوراس) بووە، دواتریش دەکەوێتە داوی ئەوینییەوە. پەیوەندییەکی خۆشەویستیی دژەباو، پەیوەندییەک لە ڕێگایەوە ڕکابەری سەردەم و هەموو چەمک و بەها کۆمەڵایەتییەکانیان کرد. دەیان و سەدان پرسیار و گومانی لەناو کۆمەڵگاکەیاندا دروست کرد. ئەو عیشقەی دواجار کرایە فیلمێکی سینەمایی و دەنگدانەوەیەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.
=KTML_Bold=یادەوەری، عیشق و ڕاستگۆیی=KTML_End=
ڕۆمانی (عاشق - 1984) یەکێکە لەو بەرهەمانەی کە جگە لەوەی وەرگێڕدراوەتە سەر زیاتر لە 20 زمانی دونیا، چەندین جار بە دوای یەکدا چاپکراوەتەوە و بە ملیۆنان دانەی لێ فرۆشراوە، دواتریش کراوەتە فیلمێکی سینەمایی سەرنجڕاکێش. فیلمێک کە بەدیاریەوە دادەنیشیت و بێ ویستی خۆت، فرمێسک بە چاوانتدا دێنە خوارێ.
ڕۆمانەکە، گەڕانێکە بەناو ڕاڕەوە تەنگ و داڵانە تاریکەکانی یادەوەریی ژنێکدا کە لە پاریس دەژیێت و بینینی چەند وێنەیەک دەیبەنەوە ئەو ڕۆژگارەی لە ڤێتنام ژیاوە و منداڵیی خۆی لەوێ بەسەر بردووە. چیرۆکی مردنی برا بچووکەکەی، بە دوایدا مەرگی دایکی و ژیانی پڕ کێشە و چەرمەسەریی برا گەورەکەی بەهۆی ئاڵوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر و دەستتێکەڵکردن لەگەڵ باندی چەتە و مافیا. لەناویشیاندا وێنە هەر گەورە و درەوشاوەکەی مەعشووقەکەی، گەنجە چینییە دەوڵەمەندەکەی ناو یادەوەری، بەشێکە لەو ڕابردووە سەرڕێژ لە برین و دڵشکانە.
عاشق، گێڕانەوەی ئەزموونی ژیانی 17 ساڵ مانەوەی نووسەرە لە ڤێتنام. ڕۆمانێکە دەوڵەمەند بە ڕووداو و کەسایەتی و کاراکتەر کە دەشێ هەر یەکێک لەو ڕووداوانە بکرێنە بابەتی ڕۆمانێکی سەربەخۆ. منداڵیی بێناز، مەرگی ناوەختی باوک، مامەڵەی خراپی دایک، جیاکاری ڕەگەزیی ناو خێزان، بەلاڕێداچوونی برا گەورە و وێرانبوونی ژیانی، عیشق و ئازارەکانی، سەرکێشی و ڕیسککردنی کچێکی هەرزەکار لە کاردانەوەی مامەڵەی نابەرپرسانەی دایکی، تاریکییەکانی سیستەمی کۆڵۆنیالیزمی فەڕەنسی لە ڤێتنام و ستەمکاری و زۆر بابەتی دیکە، تەوەرە گرنگەکانی ناو ڕۆمانەکەن. ڕۆمانەکە لە یەک کاتدا دەشێ وەک بایۆگرافیای نووسەر، یان وەک ڕۆمانێکی مێژوویی، یاخود وەک ڕۆمانێکی سایکۆلۆژی سەیر بکرێ. عاشق تێکەڵەیەکی سەیرە، مەگەر هەر نووسەرێکی وەک دوراس دەرەقەتی بێت. تەکنیکێکی هاوچەرخی نزیک لە قوتابخانەی ڕۆمانی نوێی فەڕەنسی، ئەوەی بە (ڕۆمانی دژ، یان ناڕۆمان) ناسراوە.
ئەو ژنەی لە یەکێک لە وێنەکاندا دیارە، دایکی من بوو. بە پێچەوانەی وێنە نوێیەکانی، زۆر باشتر لەناو وێنە کۆنەکاندا دەیناسمەوە……. بەم دەستەواژەیە و دەستەواژەگەلی دیکەی دواتر کە وێنای ڕوخسار و ئەدگارەکانی ژنەکە دەکات و ڕەفتار و هەڵسوکەوت و کاردانەوەکانی دەگێڕێتەوە، ڕێک باسی دایکی خۆی دەکات. عاشق، چیرۆکی کچێکی فەڕەنسییە کە لەگەڵ خێزانەکەیدا لە ڤێتنام دەژیێت، بە ماوەیەکی کەم دوای مردنی باوکی، دەنێردرێتە قوتابخانە. دایکی کچەکە لە بواری پۆست و گەیاندندا کار دەکات، دایکێک کوڕە گەورەکەی (کە ئاڵوودەی ئەفیون بووە و بۆ ئەوەی پارەی کڕینی ئەو ماددە هۆشبەرەی دەستبکەوێت، دزی لە دایکی دەکات و زۆرجاریش کەلوپەلی ماڵەوە دەفرۆشێت) زۆر بە لاوە خۆشەویستە و بایەخێکی زۆری پێدەدات، لە بەرامبەردا پەروەردەکردنی کچەکەی فەرامۆش دەکات و هەرچی سۆزی دایکایەتییە پێی ڕەوا نابینێ، دایکێکی بەردەوام مڕومۆچ و تووڕە.
کچە لە کاردانەوەی ئەو ڕەفتارانەی دایکی، هەوڵ دەدات وەک کچێکی پێگەیشتوو دەربکەوێ، بە شوێن ئازادیی خۆیدا دەگەڕێ. ئیتر لەناو ئەو واقیعە دژوارەی ماڵەوە و هەوڵە سەرکێشییەکانی، ئاشنای گەنجێکی دەوڵەمەندی شارەکەیان دەبێت و دەکەوێتە داوی ئەوینیەوە. کوڕە ئامادەی خوازبێنی و پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیرییە لەگەڵ کچەدا، بەڵام دایکی کچەکە بەبێ هیچ پاساوێک، ڕەزامەندی نادات و دژی دەوەستێتەوە. ئەم هەڵوێستەی دایکی، سەرکێشتری دەکات، لە پەیوەندی لەگەڵ کوڕەکە و دیداری نهێنیی نێوانیان بەردەوام دەبێت، تەنانەت پەیوەندییەکەیان سەر بۆ بەریەککەوتنی جەستەیی و سێکس دەکێشێ، تا ئەوەی زۆرجار لە قوتابخانە دوادەکەوێت و بەڕێوەبەرایەتیی قوتابخانەکەش دایکی ئاگادار دەکەنەوە. دایکە دڵڕەقەکەی لەبری ئەوەی چارەیەک بۆ دۆخی کچەکەی بدۆزێتەوە، بە بەڕێوەبەری قوتابخانەکە دەڵێ، کچەکەم ئازادە و بە بەرپرسیارێتییەوە هەرچی بیەوێ، دەیکات. دوراس لە میانی نیشاندانی ئەم هەڵوێستەی دایکیدا، ڕاستەوخۆ دەیەوێ کەسایەتیی نابەرپرسی دایکێکمان نیشان بدات کە باکی بە بەلاڕێداچوونی کچەکەی نییە، دایکێک لە خەمی ئەوەدا نییە کچە هەرزەکارەکەی پەیوەندییەکی سۆزداریی دروست و ئاسایی هەبێت.
بوێری لە گێڕانەوەی بێ پێچ و پەنای بیرەوەری، باوەڕبەخۆبوون لە باسکردنی خود و پەیوەندییە سروشتی و ناجۆرەکانی، نەکەوتنەژێر باری هەست و سۆز لە خستنەڕووی نهێنییەکانی ژیانی خێزانێک و پەیوەندی ناجۆری نێوان ئەندامەکانی، ئەمانە و سەرەڕای زمانێکی باڵا، خەیاڵێکی فراوان، توانا و سەلیقەی بەرز و ناوازە و جیاواز لە هونەری گێڕانەوە، جۆرێک لە ڕاستگۆییان بە نووسەر بەخشیوە کە خوێنەر متمانە بە خوێندنەوەی نەک هەر ڕۆمانی (عاشق)، بەڵکو کۆی بەرهەمەکانی دیکەشی بکات. بۆیە بە لایەنی کەمەوە سەرەڕای ئەو ڕۆمانانەی نووسەر کە خوێنەر دەتوانێ بە فەڕەنسی، یان ئەوەی کراونەتە ئینگلیزی و عەرەبی، بیانخوێنێتەوە. سەرنجیشی بۆ ئەوە ڕادەکێشم کە کتێبی (نووسین)، یان (کە بنووسیت.. ڕۆماننووس و نووسین) بخوێنێتەوە، بۆ ئەوەی باشتر و وردتر ئاشنای ئەزموونی دەوڵەمەند و نهێنیی داهێنانی ئەدەبیی ئەو ژنە نووسەرە بێت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=