تەنیا ئەحمەد
دیپلۆماتێکی یەمەنی باسی دۆزی کوردی بۆ ڕووداو کرد و وتی: کورد خاوەن دۆزێکی ڕەوایە و بۆ ئەوەی سەربەخۆ بێت ئێمەش پشتگیریی دەکەین. ئەو هەروەها وتی، لە ئێراق زۆرینەکان هەوڵدەدەن دەنگی کورد سەرکوت بکەن.
ڕۆژی پێنجشەممە، 26-09-2024، ئەحمەد عاتف، نوێنەری ئەنجوومەنی ڕاگوزەری یەمەنی باشوور بۆ ئەمریکا قسەی بۆ دیار کوردە، نێردراوی ڕووداو بۆ نیویۆرک کرد و وتی: ئێمە پشتگیری لە هەموو نەتەوەیەک دەکەین کە جیاببێتەوە و سەروەری و سەربەخۆیی خۆی وەربگرێت، بۆ نموونە نەتەوەی کورد. ئەوان دۆزێکی گرنگ و ڕەوایان هەیە و ئێمەش پشتگیرییان لێدەکەین، پێم وایە ئەمە ڕێگەی بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیرییە لە جیهاندا.
عاتف کە بۆ بەشداریکردن لە 79یەمین کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بوو، وتیشی: دەزانم کە نەتەوەی کورد چەندین قوربانی داوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئاشتییانە حکومەتی فیدراڵیی ئێراق ڕازیبکات بۆ ئەوەی نوێنەرێکی هەبێت.
دیپلۆماتەکەی یەمەن زیاتر باسی کوردی بۆ ڕووداو کرد و وتی: هەمیشە زۆرینەکانی دیکە هەوڵی سەرکوتکردنی دەنگی خەڵکی کورد دەدەن لە ئێراق کە ئێمە دژین. ئێمە پێمان خۆشە هەموو نەتەوە و پێکهاتەیەک بۆشاییەکی تایبەت بەخۆی هەبێت، بۆ ئەوەی ئەوانیش دەرفەتێکیان هەبێت کە بتوانن هەست و بیروڕایان دەربڕن. نابێت هیچ هێزێکی خۆسەپێن هەبێت و خەڵک بچەوسێنێتەوە تەنیا لەبەر ئەوەی زمان و مێژوویان لەگەڵ یەکدی جیاوازە. نابێت ئەمە ببێتە هۆکارێک بۆ چەوساندنەوە.
یەمەنی باشوور لە ساڵی 1967 تاوەکوو 1970 ناوی کۆماری یەمەنی باشوور بوو، لە 1970 تاوەکوو 1990 ناوەکەی بۆ کۆماری دیموکراتیی یەمەن گۆڕا. یەمەنی باشوور تاکە وڵاتی کۆمیونیستی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو، بەڵام بەهۆی ئابووریی لاواز، تەنگژەی سیاسیی نێوخۆیی و کێشە هەرێمییەکان خۆشگوزەران نەبوو. وڵاتەکە لە 1990 لەگەڵ یەمەنی باکوور یەکی گرت و کۆماری یەمەنیان پێکهێنا و دوای چوار ساڵ جەنگی نێوخۆیی لێکەوتەوە.
دەقی قسەکانی ئەحمەد عاتف، نوێنەری ئەنجوومەنی ڕاگوزەری یەمەنی باشوور بۆ ئەمریکا
سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. ئێمە نوێنەرایەتیی ئەنجوومەنی ڕاگوزەری یەمەنی باشوور دەکەین، کە بەشێکە لە حکومەتی هاوپەیمانی کۆماری یەمەن. ئێمە سەربە باشوورین و ئێمەش لەو هاوپەیمانێتییە نوێنەرایەتیی خەڵکی باشوور دەکەین. ئێمە تاوەکوو 1990 دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان هەبوو، ئێستاش لە ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی کۆماری یەمەن هەوڵدەدەین بە شێوەیەکی ئاشتییانە ڕێگەیەک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی سەربەخۆیی بەدەستبێنینەوە. ئێمە دەمێکە خەریکین دۆخی خۆمان بۆ ناوچەکە و هەموو جیهان باسدەکەین، لەوانەش لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە. چەندین لایەنی جیاوازیش لێمان تێگەیشتوون و گوێیان بۆ گرتووین. پێم وایە ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئێمە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئاشتییانە حکومەت بگوازینەوە. ئێمە پشتگیری لە هەموو نەتەوەیەک دەکەین کە جیاببێتەوە و سەروەری و سەربەخۆیی خۆی وەربگرێت، بۆ نموونە نەتەوەی کورد. ئەوان دۆزێکی گرنگ و ڕەوایان هەیە و ئێمەش پشتگیرییان لێدەکەین، پێم وایە ئەمە ڕێگەی بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیرییە لە جیهاندا.
هەروەک دەزانی دۆخەکان لەیەکدی جیاوازن، بەڵام دەزانم کە نەتەوەی کورد چەندین قوربانی داوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئاشتییانە حکومەتی فیدراڵیی ئێراق ڕازیبکات بۆ ئەوەی نوێنەرێکی هەبێت. نازانم ئێستا دۆخی ئەوێ چۆنە بەڵام پێم وایە سەرۆکی ئێراق خەڵکی کوردستان بوو، هەروەها لە پەڕڵەمانی ئێراقیش [نوێنەری هەبوو]. لەوەش تێدەگەم کە هەمیشە زۆرینەکانی دیکە هەوڵی سەرکوتکردنی دەنگی خەڵکی کورد دەدەن لە ئێراق کە ئێمە دژین. ئێمە پێمان خۆشە هەموو نەتەوە و پێکهاتەیەک بۆشاییەکی تایبەت بەخۆی هەبێت بۆ ئەوەی ئەوانیش دەرفەتێکیان هەبێت کە بتوانن هەست و بیروڕایان دەربڕن. ئێمە مرۆڤی ئازادین، مرۆڤ دەبێت ئازاد بێت. بۆ نموونە هەروەک لە ئەمریکا دەیبینین، وڵاتێکی ئازادە. نابێت هیچ هێزێکی خۆسەپێن هەبێت و خەڵک بچەوسێنێتەوە تەنیا لەبەر ئەوەی زمان و مێژوویان لەگەڵ یەکدی جیاوازە. نابێت ئەمە ببێتە هۆکارێک بۆ چەوساندنەوە. کورد خەڵکێکی زۆر باشن و بەشدارییان لە زۆر شتدا هەبووە. من لە ئەزموونی خۆمەوە دەزانم، چونکە پیاوێکی بەتەمەنم، پێش 1990 کاتێک خاوەن دەوڵەت بووین پەیوەندیی باشمان لەگەڵ هاوڕێیە کوردەکانمان هەبوو لەوێ [لە هەرێمی کوردستان] ئێمە پشتگیریی لە سەربەخۆیی ئەواندا دەکەین.[1]