ناو: ئاراس
نازناو: برادۆستی
ناوی باوک: نەجمەدین عەبدولغەفوور
$ژیاننامە$
ئاراس نەجمەدین عەبدولغەفوور ناسراو بە ئاراس برادۆستی لە ساڵی 1987 لە #سۆران# لەدایکبووە، ساڵی 2011 کۆلێژی پزیشکی لە #هەولێر# تەواوکردووە. فیسیۆلۆژی مێشکی لە زانکۆی تەفتسی ئەمریکا لە 2011-2012 خوێندووە. ساڵی 2014 فیسیۆلۆژی کلینیکیی لە زانکۆی ئوپساڵای سوێد خوێندووە. لە ساڵی 2012وە لە رووداو کاردەکات. خولی درێژی راهێنانی رۆژنامەڤانی و پێشکێشکاری بینیوە لە رووداو لەلایەن راهێنەرانی ئەوروپایی لە 2012-2013دا. لەگەڵ دەستپێکی پەخشی رووداو لە #29-05-2013# تاوەکو ئێستا بەرپرسی دێسکی تەندروستی رووداوە. خاوەنی بیرۆکە و سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ئەنتیتۆباکۆی تۆڕی میدیایی رووداوە. ئەنتیتۆباکۆ کەمپینێکی ساڵانەیە، لە 31ی ئایاری هەموو ساڵێک رادەگەیێندرێت بۆ هاندانی خەڵک بۆ دوورکەوتنەوە لە جگەرە و نێرگەلەکێشان. لە ساڵی یەکەم و دووەمدا زیاتر لە 12 هەزار کەس لە هەر چوار پارچەی کوردستان و وڵاتان تێیدا بەشداربوون و وازیان لە جگەرەکێشان هێنا. ساڵی سێیەم زیاتر لە 28 هەزار کەس بەشدارییان تێداکرد و لە کڵینیکی ئەنتیتۆباکۆ چارەسەری پزیشکیی پێویستیان وەرگرت.سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی سەبارەت بە پڕۆژەکە رایگەیاند: جوانترین بیرۆکەیە لە ماوەی 30 ساڵی رابردووی کارکردنم لە رێکخراوەکەدا لە جیهاندا بینیبێتم.
خاوەنی بیرۆکە و سەرپەرشتیاری پڕۆژەی کێشڕێکیی تۆڕی میدیایی رووداوە، کە پرۆگرامێکی کێبڕکێیانەی تەندروستییە بۆ دابەزاندنی کێش و رێکخستنەوەی ستایلی ژیان، یەکەم وەرزی بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات.
خاوەنی بیرۆکە و سەرپەرشتیاری پڕۆژەی دەرمان دیکتیۆیە، کە پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان تۆڕی میدیایی رووداو و دەزگای کواڵیتی کۆنترۆڵی دەرمانی هەرێمی کوردستانە. ئامانج لەو پڕۆژەیە بە کوردیکردنی زانیارییە زانستییەکانی دەرمانە. هەنگاوی یەکەمی پڕۆژەکە بریتییە لە ئەپڵیکەیشنێک کە هەموو زانیارییە پێویستەکان سەبارەت دەرمانە رێگەپێدراوەکانی کوردستانی تێدایە.
پێشکێشکاری بەرنامەی هەتوان بوو لە رووداو، کە شەش مانگ بەردەوام بوو و بەهاوبەشی لەگەڵ دکتۆر لۆنا قەرەداخی. دوای ئەوە دەستیکرد بە پێشکێشکردنی بەرنامەی نۆڕین بەشێوە و نێوەڕۆکێکی جیاواز. خۆی پێشکێشکار و پرۆدیوسەری بەرنامەی نۆڕین بوو لە ساڵی 2014ەوە.
نۆڕین بەرنامەیەکی هەفتانەبوو، لە ماوەی شەش ساڵدا 250 ئەڵقەی پێشکێشکران. نۆڕین بە سێ قۆناخی جیاوازی کۆنسێپت و نێوەڕۆکدا تێپەڕیوە. هەر هەفتەیەک بەشێوەیەکی ورد و زانستی بایەخی بە مژارێک دەدا. پڕبینەرترین بەرنامەی تەندروستی بوو لە میدیای کوردی دا. نۆڕین یەکێک لە سەرکەوتووترین بەرنامەکانی رووداوە و لە سۆشیالمیدیای رووداودا خاوەنی ژمارەی پێوانەیی بینەرە، کە لە یەک هەفتەدا زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار بینراوە.
پێشکێشکاری بەرنامەی (رەمەزاندروستی) بووکە بەرنامەیەکی تەندروستی گشتی بوو و لە مانگی رەمەزاندا پێشکێشدەکرا. ئەم بەرنامەیە لە ساڵی دووەمیدا بووە پڕ بینەرترین بەرنامەی میدیای کوردی لە رەمەزاندا، ساڵی 2019 لە ماوەی مانگی رەمەزاندا تەنیا لە سۆشیالمیدیای رووداو زیاتر لە 21 ملیۆن جار بینراوە.
بێژەر و پرۆدیوسەری هەواڵە تەندروستییەکانی رووداو بووە لە یەکەم رۆژی پەخشی رووداوەوە. تاوەکو ئێستاش لە کاری بێژەری بەردەوامە، رووماڵی گرنگترین رۆژ و بۆنە جیهانییە تەندروستییەکانی کردووە.
دوای دابڕانێکی کورت، دکتۆر ئاراس ئێستا بە بەرنامەیەکی نوێ و جیاوازەوە هاتووەوە سەر شاشەی رووداو، بەرنامەکە شۆیەکی پزیشکییە بە ناوی دکتۆر ئاراس، بەرنامە نوێیەکەی دکتۆر ئاراس برادۆستی پێویستیی تەنیا بە هەفتەیەک بوو تا ریکۆردێکی نوێ لە سۆشیەڵ میدیای رووداودا تۆماربکات و ڤیدیۆکانی دووەم بەرنامەی لە ماوەی 24 کاژێردا زیاتر لە یەک ملیۆن جار بیندران، ئێستا بەرنامەکەی بەردەوامە و هەفتانە لە رۆژانی شەممە پێشکێشدەکرێت.
بەرپرسی دێسکی تەندروستی رووداوە، بەرهەمەکانی ئەم دێسکە جگە لە بەرنامەی نۆڕین و دکتۆر ئاراس، هەواڵی رۆژانەی تەندروستییە کە لە میدیای کوردیدا تەنیا رووداو خاوەنی بوولتەنی تەندروستییە. لاپەڕەی تەندروستی لە رۆژنامە، ماڵپەڕ و سۆشیالمیدیای رووداو پڕ خوێنەرترین و متمانەپێکراوترین سەرچاوەی تەندروستین لە میدیای کوردیدا، لە رادیۆی رووداویش بەرنامەی نۆژدار و بوڵتەنی هەواڵە تەندروستییەکانیش بەرهەمی دێسکی تەندروستین، دکتۆر ئاراس سەرپەرشتی گشتی هەموو بەرهەمە تەندروستییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات. لە ساڵی2010 وەک ئەندامی هەمیشەیی پەیمانگەی سەرکردایەتی جیهانی The Institute for Global Leadership لە ئەمریکا هەڵبژێردرا. ئەندامی دەستەی دامەزرێنەران و یەکەم سەرۆکی رێکخراوی IFMSAبووە لە کوردستان. ماوەی دوو ساڵ سەرۆکی پزیشکانی نیشتەجێی هەولێر بووە. سەرۆکی (گرووپی پارێز بۆ ئەرک و مافەکانی نەخۆش) بووە. ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکانی تیمار و هەتوان بووە.
دکتۆر ئاراس برادۆستی لە یەکەمین رێوڕەسمی هەڵبژاردنی پزیشکی ساڵ، بەهۆی رۆڵی لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری تەندروستی خەڵکی کوردستاندا، لەلایەن وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، رێکخراوی تەندروستی جیهانی و رێکخراوی ژیانی تەندروستی، وەک پزیشکی ساڵی 2016 لە هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا.
ساڵی 2019 وەک سەرۆکی یەکەمین لووتکەی تەندروستیی کوردستان دەستنیشانکرا. لووتکەکە بە بەشداری نوێنەرانی 13 وڵاتی جیهان و زیاتر لە 600 پزیشک و کارمەندی تەندروستی لە شاری هەولێر سازکرا، ئەنجامی لووتکەکە دانانی نەخشەڕێگەی بەهێزکردنی کەرتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بوو.
ڕۆڵێکی گەورەی لە کاری خێرخوازیدا هەیە، لە ڕێگەی پەیوەندییەکانی بەشداری لە چەندین پڕۆژەی خێرخوازیدا کردووە، لەوانەش دابینکردنی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان بۆ ئاوارە و پەنابەرانی کامپەکان لە باشووری کوردستان، رزگارکردنی ژیانی چەندین منداڵ بە دابینکردنی چارەسەرە پزیشکییە خێراکان بۆیان .
خاوەنی بیرۆکە و سەرپەرشتیاری پڕۆژەی تواناسازیی پزیشکییە کە پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان حکومەتی ئەڵمانیای فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستانە، ئامانج لە پڕۆژەکە رەخساندنی دەرفەتە بۆ پزیشکانی کوردستان تاوەکو خوێندنی باڵای پزیشکی لە ئەڵمانیا تەواو بکەن.
بە هاوبەشی لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی (لا ساپیانتسا)ی ئیتاڵی، سەرۆکی کۆمەڵەی دۆستایەتی کوردستانی ئیتاڵییە.
بایەخی زۆر بە شێوەی ژیانی تەندروست دەدات، هەفتانە پێنج رۆژ وەرزش دەکات. حەزی لە یاری تۆپی پێیە، هاندەری یانەی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیتاڵیایە.
یاریزانی تۆپی پێ بووە لە تازەپێگەیشتووانی یانەی ئاسۆ و هەولێر، پاشان لەلایەن یەکێتی ناوبژیوانانی عێراق و کوردستان دوای چەندین تاقیکردنەوەی جەستەیی و زانستی بە ناوبژیوانی پلە سێی عێراق هەڵبژێردراوە، دواتر بەرزکراوەتەوە بۆ پلە دوو، بەڵام بەهۆی بایەخدانی بە خوێندنی پزیشکی وازی لە ناوبژیوانی هێناوە.
زمانەکانی عەرەبی، ئینگلیزی و ئیتاڵی دەزانێت و هێشتا سەڵتە و ژیانی هاوژینی دەستپێنەکردووە. [1]