=KTML_Bold=وەزیرە ئینگلیزەکەی حکومەتی هەرێم=KTML_End=
#ئاراس برادۆستی#
جاران ئەگەر کەسێک زۆرزان و وریا بووایە، دەیانگووت ئینگلیزە ئینگلیز، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم هێندە ئینگلیزە، دەیڤید کامیڕۆنیش نایگاتێ، بە تایبەت لە مامەڵە لەگەڵ راگەیاندندا، هەمیشە براوە بووە.
لە هەڵبژاردنی ئەو بەرنامانەی کە بەشداریان تێدا دەکات یەکجار هۆشیارە، دەچێتە ئەو بەرنامانەی کە خۆی تەنها قسە بکات و کەسی دیکە لە بەرنامەکەی دانەنیشتبێت.
لە دەستپێکی بەرنامەوە هەوڵ دەدات پێشکەشکارەکە بۆ لای خۆی کەمەندکێش بکات، جوڵەی روخسار، هەڵبەز و دابەزی دەنگ و بەرزی و نزمی برۆکانی چەکی کۆنترۆڵکردنی پێشکەشکارن، لە هەندێک حاڵەتدا چاوەکانی بەرزدەکاتەوە، تا نیشانی بدات چەندە زاڵە بەسەر بارودۆخەکەدا، لە کاتی پێویستدا دەنگی بەرزدەکاتەوە تا راددەی بەرزتر لە دەنگی پێشکەشکار، کە برۆکانیشی بەرزکردەوە، دەیەوێت یاریەک بکات، هەرکاتێکیش برۆکانی بەرزکردبێتەوە، پێشکەشکار پرسیارەکەی بیرچۆتەوە، بەمەش خۆی لە پرسە بنەڕەتییەکە دوور دەخاتەوە و بابای میدیاکار دەچێتە سەر بابەتێکی دیکە.
لە کاتی وەڵامدانەوەی پرسە زۆر هەستیارەکاندا، بابەتێکی دیکە دەخاتە سەر مێز، کە سەرنجراکێش و گرنگە، پێشکەشکار وردە وردە رادەکێشێتە سەر بابەتی دووەم، کە خۆی و بە ویستی خۆی وروژاندوویەتی، بابەتی دووەم هەمیشە ئەو بابەتەیە کە سەرکەوتنی تێدا بەدەستهێناوە، بەمەش وا لە میدیاکاری دەشێوێنێت مەگەر خۆی و خوا بزانن.
کاروبارە رۆتینییە ئاساییەکان دەفرۆشێتەوە، لە دوا بەرنامەدا کە بەشداری تێداکردبێت، دامەزراندنی 2700 پزیشکی کردە پاڵەوانێتی خۆی، لە کاتێکدا وەزیر هەر کەسێک بێت حکومەت ساڵانە پزیشک هەر دادەمەزرێنێت.
بە هەموو تۆمەتێکی پێشکەشکار دەڵێت راست دەکەیت، بەڵام کە وەڵامی دایەوە، هەستدەکەی بە راگەیاندنکارەکەی گووتووە، لە بێ خەبەران کەشکەک سەڵەوات..
لە هەندێک حاڵەتدا پەنا دەباتە بەر زانستی پزیشکی، تا بە میدیاکاری بڵێت تۆ هیچ لە پزیشکی نازانیت، ئەوە زانستێکە و ناکرێت خۆتی لە قەرە بدەی، کە پێویستیشی کرد بەوپەڕی کوردەواری قسە دەکات، وەک ئەوەی ئەو بابەتە هیچ پەیوەندی بە زانستی پزیشکیشەوە نییە.
لە هەندێک حاڵەتدا پەنا بۆ هەستە نەتەوەیی و نیشمانییەکان دەبات، ئەو دەزانێت پرۆسەی بە ستیکەرکردنی دەرمان بێ کەموکووڕی نییە، بەڵام بە باسکردنی پیرۆزیی نەخشەی کوردستانی سەر ستیکەرەکە، کێماسییەکانی دادەپۆشێت.
زۆر بە متمانەوە قسە دەکات، هەرچەندە هەندێک جار لە باکگراوندی ئەو هەمووە متمانەیە، بێ متمانەیێکی زۆر خۆی مەڵاسداوە، بەڵام نەک هەر دەیشارێتەوە، بەڵکوو وەک چەکێک بەرامبەرەکەی پێ تۆپپاران دەکات.
بەردەوام ئاگای لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، چونکە دەزانێت بەشێکی زۆر لە زانیارییەکانی میدیاکار لەوێوە دێن، پێش تەواوبوونی پرسیار، نیوەی وەڵامی داوەتەوە، بۆ هەموو شتێکیش دۆکیومێنتی هەیە، بۆ هەر بەرنامەیەک بچێت تەواوی کارتەکانی بەکاردێنێت، رەنگە هەندێک لە وەرەقەکانی ژێر دەستی ئەی فۆڕی بەتاڵ بن، بەڵام جوان دەستیان تێوەردەدات و یاری مسۆگەریان پێدەکات.
وەزیرە وەرزشوانەکەی حکومەتی هەرێم، هەر لە مەلەوانی لێزان نییە، بەڵکو لە خۆ سەرقاڵکردن بە شتومەکەکانی دەوروبەریشی کارامەیە.
جارجارێک هێندە خۆی بە ستەمدیدە نیشان دەدات، هەستدەکەی زوڵمێکی گەورەی لێکراوە، شێوازی دانیشتن و جموجۆڵ و دەنگ و شێوازی قسەکردنی، لەم لایەنە هاوکاری باشی دەکەن.
زۆرینەی پزیشکان قسەکەری بە توانان نین، بەڵام ئەو پزیشکە هێندە لەبلەبانە، لە سیاسیێکی بە پڕئەزموون دەچێت.
من باسی باشی و خراپی وەزیری تەندروستی ناکەم، بەڵام پێموایە دیپلۆماسیترین وەزیری کابینەکەی بارزانییە، ئەو بەراستی ئینگلیزێکی عەیارە بیست و چوارە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=