=KTML_Bold=کچەکە دکتۆرە نییە، تەماتەش نە دەردە نە دەرمان=KTML_End=
#ئاراس برادۆستی#
ڕاگەیاندنی کوردی لە بواری پزیشکیدا هێندە هەژارە خێر و سەدەقەی پێدەشێت، لەم دواییانە کچێکیان کردە پاڵەوان کە مێردی بە پێشمەرگەیەک کردووە، تا ئێرە باشیان کرد و دەستی خانمەکەش خۆش بێت، بەڵام کچەکە یاریدەدەری پزیشکییە کردیان بە دکتۆرە.
سایتێک کە کچە کوردەکەی بە دکتۆرە ناوبردووە لە ناوەڕاستی هەواڵەکەدا جوان و روون نوسیویەتی یاریدەدەری پزیشکییە!
سایتێکی دیکە کە بە حسابی خۆی شان لە شانی بی بی سی دەدات کەوتە هەمان چاڵی قوڵەوە.
واز لەوە بێنە، رۆژانە هەواڵە تەندروستییەکانی وێبسایتەکان دەخوێنیتەوە سەرت سووڕ دەمێنێت، حەیای توێژینەوەیان بردووە ، ئەمڕۆ تەماتە باشە، سبەی لێکۆڵینەوەیەک بڵاودەکەنەوە دەڵێت نیخۆی دەتکوژێت، دوای حەفتەیەک توێژێنەوەیەک لە هەمان سایت دەبینی دەڵێت تەماتە بۆ دڵ باشە، دوای مانگێک و لە هەمان سایت هەواڵێکی زۆر گرنگ دەڵێت تەماتە گورچیلەکان تێکدەشکێنێت!
پێم ناڵێن هاونیشتمانی باوەڕ بە کامیان بکات؟
بەپێی هەواڵێکی ئاخر مۆدێڵی وێبسایتێک قەڵەوی بۆ دڵ باشە، لاپەڕەی تەندروستیی ناتەندروستی رۆژنامەیەکیش دەفەرموێ شیری قووتوو دەهێندەی شیری دایک بە سوودە، لەولاوە گۆڤارێک قووت بۆتەوە و دەڵێت پرتەقاڵ بخۆیت لە ژیانتدا تووشی شێرپەنجە نابیت، دەگ بەخێرنەیێنەوە خۆتان و هەواڵەکانتان.
لە وێبسایتە کوردییەکان زاراوەی زاناکان زۆر بە کاردێت وەک ئاماژەیەک بۆ توێژەران، لە کاتێکدا ئەو توێژەرانە کۆمەڵێک پزیشک یان کەسی ئاسایین و خەریکی لێکۆڵینەوەن، بڕواتان هەبێت لای خۆیان پێیان بڵێیت زانا لە ژیانیان سەر بەو بوارەدا ناکەنەوە.
دەڵێن شارەزایانی بواری تەندروستی پزیشکی توێژینەوەیەکیان ئەنجامداوە، ئەوە چونکە ئەم زاراوەیە لە سیاسەتدا دەگونجێت، لەبەر ئەوەی سیاسییەکانی ئێمە هێشتا هێندە ئەکادیمی و زانستی نین پسپۆڕیەتی وردیان هەبێت، هەر یەکە و بە خوێندنەوەی چەند لاپەڕەیەک بۆتە شارەزا لە فڵانە بوار، هاوڕێیان لە دونیای پزیشکیدا شتێک بە ناوی شارەزای پزیشکی بوونی نییە، ئیتر راگەیاندنی کوردی ئەوەشی داتاشی.
ناوە زانستییە پزیشکییەکانیان هێندە سەراوژێر کردووە پزیشکی پرۆفیسۆریش نایانناسێتەوە، بێژەرێک لە کۆتایی گەشتی هەواڵەکاندا هەواڵێکی تەندروستی پێشکەش کرد، ناوی هۆڕمۆنێکی رێک وەک ناوی وەزیری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا خوێندەوە!.
میدیای کوردی دەبێت ئیدی بیر لەوە بکاتەوە کە بەرەو پسپۆڕیەتی ورد هەنگاو بنێت، بە تایبەتی راگەیاندنی تەندروستی کە تژییە لە هەستیاری و بەرپرسیاریەتی، نابێت کامە رۆژنامەنووسی بێ سەلیقە بوو مل بداتە هەواڵی پزیشکی یان تەندروستی، زانستی پزیشکی یەکجار فراوان و وردە، دەبێت پزیشک یان کارمەندی تەندروستی بیت و بە پێی شیانە زانستییە رۆژنامەڤانی و پزیشکییەکانت پێ راکێشی. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=