=KTML_Bold=نامەیەک لە نازەوە=KTML_End=
#ئاراس برادۆستی#
هاونیشتمانیانی ئەزیز، کوردستانیانی خۆشەویست، خەمخۆرانی وڵات، سڵاوێکی گەرمی هەناسەیەکی ساردتان ئاراستەبێت.
لە بەرزایی ئاسمانەکانەوە، بە وردی یەکە بە یەکەتان دەبینم، ئەوانە دەبینم کە خەمخۆرانە بەدوای کەیسەکەی من کەوتوون، ئەوانەشم باش لێ دیارە کە دەیانەوێت بازرگانی بە حاڵەتەکەمەوە بکەن، من هەرچییەکم بەسەرهاتبێت، خۆ هەمان دەرەنجامە، خۆ من مردم و گیانم سپارد، بۆ من جیاوازی چییە کە خنکێندرابم، سوتێندرابم، کوژرابم یان خۆم کوشتبێت؟ خۆ دەرەنجام هەر ئەوەیە کە گیانمسپارد و خەونەکانم چوونە ژێر خاک و خەم و ئازارم بۆ خانەوادە و ئەزیزانم جێهێشت.
ڕێگەم بدەن چەند داواکاریێکتان ئاراستە بکەم، تکا دەکەم ئاگاتان لە نازە بێنازەکانی نیشتمان بێت، بیانپارێزن، من تازە رۆیشتم، بەڵام ئێوە دەبێت ببنە پارێزەری نازەکانی وڵات، بڕۆن ئەو نازانە رزگار بکەن کە دەرچووی زانکۆن و کاریان دەستناکەوێت، یان لە کافێکاندا خەریکی هەڵمژینی دووکەڵی جگەرە و نێرگیلەن و خەمی پارەی نێرگەلەیەکی سبەینێیانە، یانیش لە ماڵەوە کەتوون و بوونەتە خانەخوێی دەیان نەخۆشی دەروونی، یان رەنگە خەریکی هەڵەی گەورە بن و ژیانیان داڕووخابێت.
ئەو نەخۆشانە رزگار بکەن کە بە دەست نەخۆشییەکانیان دەناڵێنن و چاوەڕوانی فریادڕەسێکن لە ئازارە بەردەوامەکان دەریانبهێنێت، فریای ئەو کەسانە بکەون کە بوونەتە قوربانی هەڵەیەکی ساکار و ئەندامێکی جەستەیان لەدەستداوە، بەڕاستی کەستان کەیسی گورچیلەی خانمەکەی #سلێمانی#تان بیر ماوە؟ ئەوە چونکە حاڵەتە هاوشێوەکانی من بەردەوام دووبارە و چەند بارە دەبنەوە، هاوار و دەنگی کەیسێک کۆتایی پێنەهاتووە، لە شوێنێکی دیکە و بە چیڕۆکێکی سەیر و سەمەرەوە یەکێکی دیکە سەرهەڵدەداتەوە، دەزانم دوای ماوەیەک منیشتان لە بیردەچێت، چونکە نازێکی دیکە لە ژێر ناونیشانێکی نوێ دروستدەکرێت.
بڕۆن فریای ئەو خاتوونە تەنیایانە بکەون کە کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی وڵات ئەوانی گەیاندە قۆناخی جیابوونەوە لە هاوسەرەکانیان و ئێستا رۆژانە لە کونجی زیندانی ماڵەوە خەریکی هۆنینەوەی تاڵە دانوماشەکانی قژیانن، باوەش بۆ ئەو باوکانە بکەنەوە کە نازەکانیان بە بێ نازی لە ماڵێکی سارد و سڕدا دەبینن و هەموو رۆژێک دەیان جار دەمرن.
بڕۆن ئەو نازانە رزگار بکەن کە بە زۆر لە خوێندن دەردەهێندرێن و دەدرێن بەشو، ئەو کچانەی نیشتمان کە رووکار زیندوون و لە ناخەوە تیرۆرکراون، ئەوانەی کە نەخۆشی خەمۆکی تەنگی پێهەڵچنیون و هاوارە بێدەنگەکانیشیان گوێچکەی گەردوون کەڕ دەکەن، کەچی ئێوە نایانبیستن و نایانبینن.
ئەو نازانە رزگار بکەن کە توێژەر و پارێزەرن و لەلایەن هەندێک بەرپرسی نابەرپرسەوە بەهۆی بەرگریکردن لە زوڵملێکراوان، هەڕەشەیان لێدەکرێت و خەریکە دەبنە قوربانی، بچن بەلای هەموو ئه و کچانەی دیکەوە کەبەهۆی نامەیەکی هەڵەی مۆبایلەوە دەکوژرێن، دەسوتێن یان خۆیان دەسوتێنن، بڕۆن بە لای ئەو گەنجە پێشمەرگانەی کە مووچەکەیان بەشی رۆژانەی منداڵەکانیان ناکات، فریای خۆیان و منداڵەکانیان بکەون.
خوێنەری ئەزیز، دەزانم ئێستا دەیان نازی دیکە بە خەیاڵتدا دێن، پێشت سەیرە کە بۆچی باسیان ناکەم، راستییەکەی ئەوە منم نامەکە دەنووسم نەک ناز، ئەوە زمانی حاڵی کەسێکە کە هەموو شتێکی لە دنیا لەدەستدا و کۆچی کرد، بەڵام بە دەنگێکی نەسبیتراوەوە هاواردەکات فریای نازە بێنازەکانی وڵات بکەون. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=