=KTML_Bold=ئایا دکتۆریش بەشەر نین؟=KTML_End=
#ئاراس برادۆستی#
هەر کەسێک ماندەگرێت و داوای مافی خۆی دەکات ئاساییە، بەڵام کە کار گەیشتە ئەوەی پزیشکان مانبگرن، نەخۆش جێبهێڵن و رێگەی نەخۆشی و ئازار بدەن نەخۆش بتلێننەوە، دەبێت بزانین دۆخ گەیشتۆتە قۆناخێکی هەستیار و ئەگەر خێرا فریای نەکەوین هاوکێشەکان ئاڵۆزتر دەبن و داهاتووش خراپتر.
من باس لەوە ناکەم پزیشکان مان بگرن یان نا، دڵنیام لەوەی هیچ پزیشکێک لەگەڵ ئەوەدا نییە خولەکێکیش نەخۆشخانەکان چۆڵبکات، هاوڕێیەک کە زۆر لە مانگرتنی پزیشکان ناڕازی بوو دەیگوت، ئەرێ ئەو دکتۆرانە بەشەرن؟ رێگەم بدەن وێنا راستەقینەکەی پزیشکانتان پێ نیشان بدەم، پزیشکی مانگرتوو کەسێکە بە هەژاری و بێنازییەوە، قۆناخی سەرەتایی و ناوەندی بە پلەی یەکەم بڕی، لە قۆناخی شەشی ئامادەییشدا بە شایستەییەکی باڵاوە یەکەمی سەر گوند و شار و دەڤەر و قوتابخانەکەی بوو و چووە کۆلێژی پزیشکی.
لە کۆلێژی پزیشکیش شەش ساڵی تەواو خرایە ژێر خوێندنێکی چڕ و پڕی ماندووکەری پڕ هەستیاری و وردەی زانستی، لە نێوان چوار دیواری ژوورێکی ساردوسڕی ماڵەکەیدا، هەر خەریکی هەڵدانەوەی پەڕەی کۆپیکراوی ئەو کتێبە زانستییانە بوو کە لەبەر گرانی نرخییان چاپە ئەسڵەکەی دەستنەکەوتوو و ناچار بوو لەسەر کۆپییە رەش و سپییەکە بخوێنێت، ئەو چاو کز و پشت و مل چەماوە و کزۆڵە، وەلی ئاسا لە خەیاڵ دەژێت، ئاگای لە خۆشییەکانی دنیا نییە و ناشزانێت چی لە دەوری دەگوزەرێت، کە دێتە زانکۆش نێوانی دوو محازەرە و سێشنە کردارییەکەی نەخۆشخانەی بەشی ئەوەی نەکردووە بە رۆیشتنێکی ئاسایی بەرەوپیری وانەکەی بچێت، بەڵکو دەبێت رابکات و هەناسەتەنگبێت تا بە وانەکانی رابگات، لە ژێ فشار و سترێسکی بێ مانادا شەش ساڵی کۆلێژی پزیشکی دەبڕێت و ئاهەنگی دەرچوونەکەشی بۆ سازناکەن و دڵی خۆش ناکەن چونکە قەیرانی دارایی هەیە، ئینجا دوای دەرچوونیش ئەگەرچی خۆی خەڵکی #هەولێر#ە بەڵام دەخریتە شارێکی دیکە و دەبێت پێنج مانگ بێ ئەوەی یەک دینار مووچە وەربگرێت دوور لە خانەوادە و هاوڕێ و پیاسە و کافێ و کاتبەسەربردن کار بکات، ئەو گیرفانی بەشی ئەوەی تێدا نییە کارتێکی مۆبایلیش بکڕێت و دەنگی دایک و باوکە دوورەکەی ببیستێت، سەدرییە سپییەکەی کە هەمیشە شانازی پێوەدەکات، هێندە شووراو و گەچڵاوە نە رەنگە سپییەکەی ماوە و نە باڵا جوانەکەیشی.
لە دەوام گورج و گۆڵ و توند و تۆڵە، پێش کاتی دیاریکراو لە نەخۆشخانەیە و تا پزیشکە جێگرەوەکەشی نەیێتە سەرکار نەخۆشخانە جێناهێڵێت، لە کاتی دەوام نە دەخوات و نە دەخواتەوە، چونکە خواردنەوەی یەک قومی ئاو رەنگە یەکسان بێت بە مردنی نەخۆشێک، رۆژانە لە نێو بەناو نەخۆشخانەیەکی بەسەریەکدا رووخاودا، لەسەر کورسیێکی لار و لەوێردا، بە کەرەستەیەکی سادەی کرچ و کاڵی کۆن، خەریکی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بە ژمارەیەکی بێشوماری هاونیشتمانی وڵاتەکەی، ناشبێت تووڕەبێت، نابێت هەڵچێت، نابێت تینووی بێت، نابێت برسی بێت، چونکە ئەو پزیشکە، شەو ناخەوێت و خەریکی کارە، ئەو بخەوێت خەڵک دەمرن، ئەو ناخەوێت چونکە پزیشکە، پزیشکیش خۆ مرۆڤ نین، ئیتر خەوی بۆ چییە؟
من زانستی پزیشکی بە پیرۆز نازانم، بەڵام پیشەکە زۆر هەستیارە، پزیشکان بە باڵاترینی کۆمەڵگا نازانم، کرێکارێکی سەرکەوتووم بەلاوە لە پزیشکێکی خراپ باشترە، پێموایە لە کۆمەڵگایەکی پێگەیشتوودا کەس لە کەس بەرزتر نییە، بەڵام پزیشکانیش مرۆڤن، فریشتە نین، خەڵکی ئێمە هەر وا دەزانن پزیشکان ملیۆنێر و گیرفانپڕن، ئەمە بۆ هەموو دنیا هەمان هاوکێشەیە، پزیشکانیش هەژار و دەوڵەمەند و هەموو ئاستێکیان تێدایە، من دەزانم پزیشکانی گەنج لە بەریتانیا لەسەر مووچە پێش ماوەیەک مانیانگرت، دەشزانم پزیشکێک کە پارەی کڕینی شیری منداڵەکەی نەبێت و توانای گواستنەوەی دەستگیرانەکەی نەبێت، شەو بە دیار نەخۆشەوە نەخەوێت و رۆژیش بەدوای نانەوە بێت، چاوەڕێی هەموو هەڵوێستێکی لێدەکەم، چونکە ئەوانیش بەشەرن، دەیڵێمەوە من باشتر دەیانناسم، بەخوا بەشەرن. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=