=KTML_Bold=پزیشکی قەساب و پزیشکی مانگرتوو=KTML_End=
#ئاراس برادۆستی#
=KTML_Bold=پزیشکی قەساب=KTML_End=
زۆرینەیان هەر سەر بە نەخۆشخانە نین و دەرگای نەخۆشخانەیەکی حکومیش پێنازانن، ئەگەر خوانەخواستە لە نەخۆشخانەیەکی حکومیش کاربکات هەفتانە رۆژێکە، ئەو رۆژەش دوو کاژێر یان کەمترە، بە روویەکی گرژ و تاڵەوە لە راوێژکاری کۆمەڵێک نەخۆش دەبینێت، خواخوایەتی سەرە دوورەکە کۆتایی پێبێت و نەخۆشخانە بۆنناخۆشەکە بەجێبهێڵێت.
ڕاستەوخۆ دەڕواتە نەخۆشخانە تایبەتەکە، شوێنە حەیاتەکە، لەوێ لیستێک نەشتەرگەری هەیە، نیوەیان پێویستییان بە نەشتەرگەری نییە، یان لایەنی کەم بە چارەسەری کۆنزەرڤەتیڤ چاکدەبنەوە، بەڵام قازانجی ئەو لەوەدا نییە و نەشتەرگەرییەکە دەکات.
ئێوارە خێرا خۆی دەگەیەنێتە کلینیکە تایبەتەکەی، سەرەتا سڵاوێک لە دەرمانخانەکە دەکات بزانێت دۆخەکە چۆنە چونکە یان هی خۆیەتی یان شەریکە، پرسیارێکیش لە تاقیگە دەکات، سەرێکیش لە بەشی تیشک دەدات، ئینجا دەچێتە ژوورەکەی و دوو - دوو و سێ - سێ نەخۆش دەبینێت، هەر لەوێ دوو حاڵەتی دیکە رەوانەی نەخۆشخانە دەکات، لە کۆتاییدا دوو نوێنەری کۆمپانیاکانی دەرمانیش دەبینێت، سەیری لایەنە زانستییەکەی ئەو دەرمانە ناکات کە رێکلامی بۆ دەکەن، یەکسەر داوای رێککەوتن دەکات، بە یەکێکیان دەڵیت دوو ئایپاد و بەویدیکەش دەڵێت، گەشتێکی دەرەوەم بۆ رێکخە و دەرمانەکانتان بۆ نەخۆشەکانم دەنووسم.
لە نەخۆشخانەدا تیمی خۆی هەیە رێکلامی بۆ دەکەن، خەریکە بێنە بەر دەرگا و وەکو چێشتخانە ملی خەڵک بگرن و بیبەن بۆ لای ئەو، ئامانجی کۆکردنەوەی پارەیە و ئەوەی لە خەیاڵی نەبێت، بەرژەوەندی نەخۆشە.
خوێنەری بەڕێز، ئێستا تۆ ئەگەر پزیشک بیت زۆرت پێناخۆشە کە ئەوەم نوسیوە، بەڵام لەنێو خەیاڵتدا چەند کەسێکت ریزکردوون کە ئەم خاسیەتانەیان تێدان، ئەوان ژمارەیان یەکجار کەمە، بەڵام هەن.
=KTML_Bold=پزیشکی مانگرتوو=KTML_End=
پزیشکێکی گەنجە، ماوەیەکی زۆر نییە (دوو بۆ پێنج ساڵ یان زیاتر) کۆلێژی پزیشکی تەواوکردووە، لە نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن کاردەکات، رۆژانە 8 کاژێر خزمەتی نەخۆش دەکات، کارکردنی بەپێی سیستمی شیفتاتە، هەر رۆژێک و لە کاتێکدا کاردەکات، لە سێ رۆژدا شەوێک ناخەوێت تاوەکو بەیانی، نابێت ماندوو بێت و ناشبێت تەرکیزی کەمببێتەوە.
یان لە رەدهەی نەخۆشخانەکانە، هەموو بەیانییەکە لە نەخۆشخانەیە، 3 رۆژ جارێکیش ئێشکگریی 24 کاژێری هەیە، چاودێری هەموو نەخۆشەکانی لەسەرە، کە پزیشکە پسپۆڕەکە خەوتووە ئەم بە دیار نەخۆشەکانییەوە تاوەکو بەیانی ناخەوێت، نەخۆشخانە بە تەواوی پشتی پێدەبەستێت، کلینیکی نییە و لە نەخۆشخانەی ئەهلیشدا کارناکات، داتاکان دەریدەخەنە بەشێوەیەکی گشتی لە 81%ی پزیشکانی کوردستان کلینیکی تایبەتیان نییە.
مووچەکەی 490 هەزارە، دوو بۆ سێ مانگ جارێک وەریدەگرێت.
هاوسەرگیری کردووە، منداڵێکیشی هەیە، خێزانەکەی یان پزیشکە و لەگەڵ خۆیەتی یان پزیشک نییە و دانەمەزراوە، کرێچییە و مانگانە بە لایەنی کەمەوە دەبێت 400 هەزار بداتە خاوەنی خانووەکەی.
منداڵەکەی رۆژانە پێویستی بە شیر و دایبییە، کە لە نیوەشەودا لە نەخۆشخانە خەریکی رزگارکردنی ژیانی کەسێکە لە مردن، خەیاڵی لای نامەکەی خێزانییەتی کە ئێوارە بۆی نوسیبوو شیر و دایبی لەگەڵ خۆت بهێنەوە.
ڕۆژی دواتر خشتەی مانگی داهاتوو رادەگەیێندرێت، ناوی ئەو بۆ #چۆمان#، یان #کەلار# یاخود #ئاکرێ# دەرچووە، ئۆتۆمبێلی نییە و بەحاڵ کرێی رێگەشی بۆ پەیدادەبێت، لەوێ دەبێت خەمی ئەوەی بێت خواردنیش بۆخۆی بکڕێت چونکە لە نەخۆشخانە خواردنی نادەنێ و بە بڕیار ئەوە یەکلاییکراوەتەوە.
دوا رۆژەکانی کارکردنی ئەو مانگەیەتی لە #چەمچەماڵ#، شەوێک دەیەوێت قسە لەگەڵ ژنەکەی بکات، کارتی نییە و پارەشی نییە کارتی مۆبایلی پێبکڕێت، فاستلینکەکەشی تەواوبووە، لە ژوورەکەی خۆی بە خەمباری دانیشتووە، لەناکاو بانگی دەکەن نەخۆشێک هەیە حاڵی خراپە، دەبێت نەخۆشەکە چارەسەربکات و کەمترین کێماسیشی لێ قەبوڵناکرێت، هەڵە بکات هەموو هێرشی دەکەن سەر.
دوای مانگێک کارکردن لە دووری خێزان و منداڵەکەی، لەنێو تەکسی گەڕانەوەدا بەدەم رێگە بیر لەوەدەکاتەوە وەک هاوڕێ سەڵتەکەی بچێتە ئەڵمانیا، خولی فێربوونی زمان تەواوبکات و بە مووچەیەکی باش و لەنێو سیستەمێکی تۆکمەی پێشکەوتوودا کاربکات، دەزانێت دەرگالانی ئەڵمانیا بۆ پزیشکێکی ئامادە واڵان، بەڵام دەشزانێت بۆ ئەو سەختە.
خوێنەری بەڕێز، ئێستا تۆ ئەگەر پزیشک نەبیت، یان سەرتسوڕماوە یانیش باوەڕناکەی پزیشکێک لەم دنیایە هەبێت بەم شێوەیە بژێت و کاربکات، بۆ دنیاکە رەنگە ئەو حاڵەتە کەم بێت، بەڵام لە کوردستان ئەوە حاڵی زۆرینەی پزیشکانە.
ئەوانەی مانیانگرتووە پزیشکانی گەنجن، پزیشکانی نیشتەجیی خولاو و دێرینن، مووچەی ئەمانە کەمتر لە 500 هەزارە و دوو مانگ جارێک وەریدەگرن، سترسێسێکی یەکجار زۆری پیشەکەیان لەسەرە، رێزیشیان ناگیرێت، چونکە پزیشکە شەرم دەکات بڵێ پارەم نییە، چونکە قەڵا بەزرەکەی ناخی خۆی بۆ پارە ناڕوخێنێت.
بەپێی داتاکانی سەندیکای پزیشکان، ئەوانە زیاتر لە 65%یی پزیشکانی کوردستان پێکدەهێنن.
مانگرتووەکان بەشێک لە پسپۆڕە گەنجەکانیشیان لەگەڵن، ئەوان حاڵیان تۆزێک باشترە.
=KTML_Bold=پزیشکی بارزگان=KTML_End=
پزیشکێکی دیکە هەیە، بازرگانی بە زانست و پیشەکەی دەکات، بەڵام بازرگانییەکی بێویژدانانە نا، خاوەنی نەخۆشخانەیە بەڵام لە نەخۆشخانەکەیدا خزمەتی نەخۆش دەکات، خاوەنی کلینیکە بەڵام جیاوازی لەنێوان کلینیکی خۆی و راوێژکاری نەخۆشخانە ناکات، کە دەچیتە لای مافی دارایی خۆیت لێوەردەگرێت بەڵام ئەرکی خۆشی زۆر بە باشی جێبەجێدەکات.
ئەمانە پزیشکی پسپۆڕن، ماوەیەکی زۆریشە وەک پسپۆڕ کاردەکەن، لەڕووی ماددییەوە ژیانێکی سەقامگیریان هەیە، منداڵەکانیان یان لە کۆلێژە بەرزەکانی زانکۆ حکومییەکانن یان لە زانکۆ ئەهلییە باشەکانی کوردستانن
=KTML_Bold=وێنای پزیشک لە کۆمەڵگە=KTML_End=
لە زیهنی زۆرینەی تاکی کورددا، هەر کە دەڵێی پزیشک، یەکسەر ملیۆنێرێک دێتە بەرچاو، لە ڤێللایەکی خۆشی ملیۆن دۆلاریدا کە بەردەمی باخچەیەکی جوانە، بەیانییەکی درەنگ لە خەو هەڵدەستێ و پەنجەرەکەی دەکاتەوە، تۆزێک لە دەرەوە دەڕوانێت و هەوایەکی سازگاری پڕ لە ئۆکسجین هەڵدەمژێت، تا ئەو دەچێتە سەر مێزی خواردن، خزمەتکارەکەی خواردنی بۆ ئامادەکردووە، بەشێک لەو خۆراکە گرانبەهایانەی بۆی داندراون دەیانخوات و دەردەچێت، ئەی ناپرسی کوا ژن و منداڵەکانی؟ ژنەکەی خەوتووە جارێ، منداڵەکانیشی لە ئەوروپا و ئەمریکا دەخوێنن.
کاژێر 11 دەگاتە نەخۆشخانە، بەخێرایی چەند نەخۆشێک دەبینێت و دەگەڕێتەوە ماڵەوە، دوای خواردنێکی شاهانە دەچێتە کلینیکەکەی، لەوێ 100 نەخۆش دەبینێت، 6 دانە بەیەکەوە دەکاتە ژوورەوە و دەیانپشکنێت، تایبەتمەندی هەموویان تێکەڵدەکات و بە خەیاڵیشیدا نایەت.
تاوەکو درەنگانی شەو دەمێنێتەوە و پاشان دەچێتە نەخۆشخانە، لەوێ لیستێک نەشتەرگەری چاوەڕێی دەکات، نەشتەرگەرییەکانیشی تەواودەکات و دەگەڕێتەوە ماڵەوە، داهاتی رۆژانەکەی 5 ملیۆن تێدەپەڕێنێت و دەخەوێت.
ئەمە وێنای پزیشکە لە خەیاڵی زۆرینەی کۆمەڵگەدا، بەڵام هێندەی رۆژئاوا و رۆژهەڵات دوورە لە راستییەوە.
زۆر جۆری دیکەی پزیشک هەن، بەڵام لەوە زیاتر نانوسم، ئینجا ئەوەی خوێندتەوە بەشێک لە راستییەکانن، هەمووی نا. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=