(رووداو) لە چیدا یەکەمی جیهانە؟
#ئاراس برادۆستی#
پێش دەستپێکردنی پەخشی کەناڵی (رووداو) لە میدیای بینراوی کوردیدا هەواڵ و بەرنامەی سیاسی، وەرزشی، ئابووری و هونەری هەبوون. (رووداو) بە جیاوازییەکی گەورە و بە ستایلێکی نوێ و جیهانییەوە دەستیپێکرد و بەردەوامیشە، بەڵام یەکێک لە جیاوازییە زۆر زەقەکانی (رووداو) هەواڵە تەندروستی و بەرنامە و بەرهەمی دیکەی تەندروستی بوون. تەندروستی لە (رووداو) بەشێوەیەک دەرکەوت کە میدیای کوردی ئێستاش نەیتوانیوە بگاتە یەکەم بوڵتەنی تەندروستی کە لە یەکەم رۆژی پەخشی (رووداو) پێشکەشکرا، چونکە تاوەکو ئێستا (رووداو) تاکە تۆڕی میدیاییە کە بوڵتەنی تەندروستی هەیە، ئەمە جگە لەوەی بەرنامەی تەندروستی لە لاوەکییەوە گۆڕی بۆ یەکێک لە سەرەکیترین بەرنامەکانی تۆڕێکی سیاسیی هەواڵی.
ئەوسا بە بوڵتەنێکی هەواڵی تەندروستی و بەرنامەی هەتوان دەستمانپێکرد، ئێستا بەرنامەی نۆڕین پڕبینەرترین بەرنامەی تەندروستییە لە میدیای کوردی. یەکێکیشە لە پڕبینەرترین بەرنامەکانی (رووداو). ئەڵقەی بەرنامەی نۆڕین هەیە تەنیا لە فەیسبووک دوو ملیۆن بینەری تێپەڕاندووە، ئەمە لەکاتێکدایە کە بەرنامە سیاسییەکانی میدیای کوردی ناگەنە چارەکە ملیۆنێک بینەریش لە سۆشیاڵ میدیا.
هەواڵە تەندروستییەکان لە تیڤی و رادیۆ رۆژانە پێنج جار پێشکەشدەکرێن. لاپەڕەی (رووداو)ی تەندروستی لەنێو پەیجە تەندروستییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یەکەمی بێ رکابەرە. لاپەڕەی تەندروستی لە رۆژنامە بە جیاوازییەکی گەورەوە بەردەوامە. لاپەرەی تەندروستی لە سایتی (رووداو) هەواڵی تەندروستی بە پێوەری زانستیی باڵا بڵاودەکاتەوە.
جگە لەمانە، دەستپێکردنی پرۆژەی دکتۆر ئۆنڵاین کە ئێستا خەریکی دروستکردنی سایتێکی نوێ و تایبەتین بۆی، زیاتر لە 70 پزیشکی پسپۆڕی کورد لە هەموو جیهاندا بەشێوەی ئۆنڵاین و بەردەوام وەڵامی پرسیارەکانی هاووڵاتیان دەدەنەوە.
سپۆنسەریکردنی میدیایی زۆرینەی کۆنفرانس و رووداوە پزیشکییە گرنگەکان لە کوردستان، رووماڵکردنی رۆژ و بۆنە تایبەتە تەندروستییەکان کە لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە دیاریکراون، ئەمە یەکێک لەو خاڵە گەشانەیە کە هیچ کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی جیهانی نەیتوانیوە وەک (رووداو) بیکات.
ڕاگەیاندنی ئەنتیتۆباکۆ قۆناخێکی نوێ بوو لە کاری تەندروستیی میدیایی. (رووداو) لەوەشدا جارێکی دیکە سەلماندییەوە کە تێگەیشتن و دیدگەی (رووداو) بۆ تەندروستی لە پێشی هەموو میدیا جیهانییەکانە.
لە راگەیاندنی کەمپینی ئەنتیتۆباکۆ تاوەکو رۆژی کۆتایی و رێوڕەسمی خەڵاتکردنەکە پڕییەتی لە هەواڵ، زانیاری و بەرنامەی تایبەت بە پرۆژەکە، یەکێک لە بەرنامەکان کە تایبەت بوو بە ئەنتیتۆباکۆ ملیۆن و نیوێک بینەری تەنیا لە فەیسبووک هەبوو، ئەم هەموو بایەخدانە لەپێناو دروورخستنەوەی دوژمنێکە کە هۆکاری تووشبوونە بە شێرپەنجە، ئەمە جگە لە (رووداو) هیچ میدیایەکی جیهانی تاوەکو ئێستا بیریشی لێ نەکردووەتەوە.
کە دەستمان بە پەخشکرد، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق سەردانیکردین. بەڕێوەبەری گشتی تۆڕی میدیایی (رووداو) پێیگوت :ئەو وڵاتەی ئێوە لەسەر زەوی دابەشتان کرد، ئێمە دەمانەوێت لە ئاسمان کۆی بکەینەوە. (رووداو) بە وردی و زەحمەتییەکی زۆرەوە لەسەر هەمان خەون و ئامانج بەردەوامە.
ئەوەی (رووداو) لەرێگەی ئەنتیتۆباکۆ کردی کۆکردنەوەی کوردی هەموو جیهانە، بەشداریی کورد لە گوندێکی سەر بە #شنۆ#ی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە پەیامێکی ئێجگار گرنگە، لەنێو ئەو هەموو قەیرانە جیاوازانەوە کوردێک لە گوندێکی دوورەدەست بەهۆی پرۆژەکەی (رووداو)ەوە واز لە جگەرەکێشان بهێنێت و بتوانێت بگاتە بانەری ئەنتیتۆباکۆ لە سایتی (رووداو) و ناوی خۆی تۆماربکات سەرکەوتنێکی گەورەیە، هاوکات کوردێکی کورمانجیی #قامیشلۆ# و یەکێکی #ئامەد# بێنە سەر بانەرێک کە بە شێوەزاری #سۆران#ی نووسراوە و ناوی خۆیان تۆماربکەن، لەگەڵ کوردێک کە لە #هەولێر#ەوە وازی لە جگەرە هێناوە و بەشداری لە پرۆژەکەدا کردووە، کۆکردنەوەیەکی جوانی هەر چوار پارچەی کوردستانە، ئەمە جگە لەوەی ژمارەی بەشدارییەکانی کوردی ئەوروپا ئەمساڵ دوو هێندەی ساڵی یەکەم بوو، بەشداریی کوردێک لە ژاپۆن و یەکێک لە مەکسیک کۆکردنەوەی کوردی هەموو جیهانە لە سایتێک و لەگەڵ پرۆژەیەک کە (رووداو) خوڵقێنەریانە... (رووداو) شانازییە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=