=KTML_Bold=سوودەکانی کۆرۆنا=KTML_End=
#ئاراس برادۆستی#
کۆرۆنا بەڵایەکی جیهانییە، مەترسییەکی گەورەشە بۆ سەر ژیانی مرۆڤ لەسەر هەسارەی زەوی، بەڵام بۆ کوردستان چەندین سوودی هەبوون کە هەندێکیان ئەمانەن؛
کۆرۆنا بەئاگای هێناینەوە و بە پراکتیکی پێشانیداین کە سیستەمی تەندروستی وڵات خراپە و پێویستی بە ریفۆرمێکی جیددی هەیە، فێریکردین کە تەندروستی پرسێکی گرنگە و پێویستە ئاستی باڵای سیاسی و سەرکردەکانی وڵات خۆیان مشووری بخۆن و بیخەنە پلانی چاکسازییەوە، کۆرۆنا پێیگوتین دەبێت تەندروستی ببێتە کاری لەپێشینەی سیاسییەکانمان و هێندەی پرسە نەتەوەیی و داهاتووییەکان بایەخی پێبدرێت.
کۆرۆنا وانەیەکی دیکەی زۆر گرنگی فێری هەموومان کرد، ئەو وانەیەی کە وڵاتە پێشکەوتووەکان بە پراکتیکی کاری پێدەکەن و یەکێک لە هۆکارەکانی پێشکەوتنی کەرتی تەندروستییانە، ئەویش ئەوەیە پاراستنی تەندروستی هاونیشتمانییان تەنیا کاری وەزارەتی تەندروستی نییە، بەڵکو پرسێکی فرەسێکتەرە و دەبێت هەموو سێکتەرە جیاوازەکان بەیەکەوە کاری تێدابکەن لەوانە؛ ژینگە، پەروەردە، خوێندنی باڵا، ڤێتێرنەری، ئەوقاف، راگەیاندن، کۆمەڵگەی مەدەنی، تەنانەت شارەوانی و گەشتوگوزاریش هاوشان و هاوکاری وەزارەتی تەندروستی بن تاوەکو تاک پارێزراو و سەلامەت بێت.
کۆرۆنا فێریکردین ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە فەتوای پەیوەست بە تەندروستی یان پێویستە هێندەی پزیشکێکی پسپۆڕ لە پرسە تەندروستییەکە تێبگات کە ئەمە مەحاڵە هەر وەک چۆن پزیشکێکیش ناتوانێت هەرگیز رۆڵی ئەوان وەربگرێت، یانیش فەتوای پرسە تەندروستییەکە بە هاوبەشی لەگەڵ پسپۆڕانی بوارە پزیشکییەکە بدەن، ئەوکاتە جیاوازی لەنێوانی مزگەوت و شوێنێکی دیکە نامێنێت لەڕووی دروستکردنی قەرەباڵخییەوە، ئەمەش هیچ لەو هەموو خزمەتە جوان و مێژووییە کەمناکاتەوە کە مزگەوت پێشکەشی رۆح و دەروونی تاکی موسڵمانی کوردی کردووە.
کۆرۆنا فێریکردین کە پیسبوونی ژینگە و جەنجاڵیی شارەکان هۆکارێکی کارای بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانە، بۆیە دەبێت ئەمە ببێتە خەمی حکومەت و سەرانی وڵات و هێندەی پەیداکردنی مووچەی خەڵک بیری لێبکەنەوە.
کۆرۆنا وانەیەکی دیکەی فێرکردین، ئەویش ئەوەیە کاری کارمەندی حکومەتی بۆ چالاکتر و خێراترکردین، فێریکردین ئەو خاوییەی لە مێنتاڵێتی هەموومان هەیە لە کارکردن و بەشێکە لە مێنتاڵێتی کاری رۆژهەڵاتی، هەڵەیە و پێویستی بە راستکردنەوەیەکی جیددی هەیە، من چەندین هاوڕێم هەن لە ئاستی وەزیرەوە تاوەکو کارمەندێکی ئاسایی کە لە پرسی کۆرۆنادا شەو و رۆژیان خستووەتە سەر یەک، شەڕ لەگەڵ کات دەکەن و خەریکی کارن بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا.
وانەیەکی دیکەی کۆرۆنا ئەوەبوو کە حکومەت جیددیتر کاری لەسەر هۆشیارکردنەوەی هاونیشتمانییان کرد و بەردەوامیشە، ئەمە جێگەی دەستخۆشییە و دەبێت بەردەوام بێت.
کۆرۆنا پێیگوتین هەمووتان لەنێو هەمان کەشتین، واز لە حیزبپەرستی و شارچێتی و ئینتیمای کرچ و کاڵ بێنن، کە دوژمن هات جیاوازی لەنێوان دەنگ و رەنگەکانتان ناکات، کۆرۆنا کۆیکردینەوە و سنوورە سیاسییەکانی کاڵکردنەوە، بۆیە کە کۆرۆنا لە #کەرکووک# و #سلێمانی# راگەیێندرا، #هەولێر#، #دهۆک# و #هەڵەبجە#شی هەژاند.
لەکاتێکدا خەڵکی لە پژمەی هەڵامەتێکی ئاسایی تۆقیون، پزیشکان و پەرستارانی کوردستان لە نەخۆشخانەکاندا بێ بوونی سادەترین کەرەستەکانی خۆپارێزی خەریکی بەجێهێنانی ئەرکە پزیشکی و مرۆڤایەتییەکەیانن و تەنانەت یەک کەسیشیان پاشەکشەی نەکردووە، ئەسڵەن گفتوگۆی نێوان پزیشکان و پەرستاران چۆنییەتی چارەسەرکردنی هاونیشتمانییانە نەک ترس لە مەرگی خۆیان و ئازیزانیان، ئەمەش دەریخست ئەو گرووپە کەمەی پزیشکان کە هەلپەرستن و بازرگانییەکی ناشەرعی بە نەخۆش دەکەن بەهیچ شێوەیەک تەعبیر لەو توێژە جوان و مرۆڤدۆستە ناکات کە شەو ناخەون و لە جەنگی دژی نەخۆشییەکان لە ریزەکانی پێشەوەن.
ڕێژەی %80ی تووشبووانی کۆرۆنا نیشانەکانیان سووکن، ئەوانەی کە کۆرۆنا زاڵ دەبێت بەسەریان زیاتر ئەوانەن کە سیستەمی بەرگری جەستەیان لاوازە، بەتایبەتی ئەوانەی نەخۆشییەکی درێژخایەنی کۆنترۆڵنەکراویان هەیە، یان جگەرە و نێرگەلەکێشن، داتاکان لە چینەوە پێماندەڵێن تووشبووانی کۆرۆنا ئەگەر جگەرەکێش بن کەمتر بەرگەی ڤایرۆسەکە دەگرن، بەڵام ئەگەر ستایلێکی تەندروستی ژیانیان پەیڕەوکردبێت دەتوانن بە ئاسانی بەسەر کۆرۆنادا سەرکەون تەنانەت ئەگەر تەمەنیان 98 ساڵیش بێت، هەموومان لە رووداو هەواڵی چاکبوونەوەی دوو بەساڵاچوومان بینی کە تەمەنیان نزیکی 100 ساڵ بوو، بەڵام ژیانێکی تەندروستیان بەڕێکردبوو و کۆرۆنا نەیتوانی زاڵ بێت بەسەریاندا.
کۆرۆنا مامۆستایەکی زۆر باشە، بیریهێناینەوە کە ئەو کەسانەی خەویان رێکترە تۆکمەترن بەرامبەر نەخۆشییەکان چونکە خەوی رێک سیستەمی بەرگریی جەستە بەهێزدەکات.
کۆرۆنا سەلماندی ئەوانەی وەرزش بەشێکە لە ژیانی رۆژانەیان ئەگەر تووشی کۆرۆنا ببن وەک ئەوە وایە تووشی هەڵامەتێک بوونە و دوای چەند رۆژێک لەکۆڵیاندەبێتەوە و ژیانی ئاسایی خۆیان بەسەردەبەن.
کاتێک کۆرۆنا لە وهان بوو ماسک لە چین پارەی دەکرد، هەندێک بازرگانی چاوچنۆک خەریکی بە قاچاخ بردنە دەرەوەی ماسک بوون، بێ گوێدانە ئەوەی کە ئەگەر کۆرۆنا هات ئێمەش پێویستیمان پێیدەبێت، بەڵام کە کۆرۆنا گەیشتە کوردستان خێرا نرخی ماسکیان بەرزکردەوە و ئامادەبوون زۆرترین قازانج لەسەر حیسابی تەندروستی خەڵک بکەن، کۆرۆنا بەمەش دیسان وانەیەکی دیکەی فێرکردین، بازرگانی و هەڵپەی پەیداکردنی پارە هەموو سنوورێکی ئەخلاقی بەزاندووە و دەبێت تووند بین و بە دەستێکی ئاسنین رایانبگرین.
کۆرۆنا پەیامێکی گرنگی منیشی سەلماند، راگەیاندن و چەمکی پێشگیری لە نەخۆشییەکان هێندەی چارەسەر گرنگە، ئەگەر ئێمە ئەم راستییە نازانین و پێزانینمان بۆی نییە پەیوەندی بە دواکەوتووییمانەوە هەیە لە بواری تەندروستیدا، پەیوەندی بەوەوە هەیە کە هێشتا خەریکین نەخۆش چارەسەربکەین، نەک لەگەڵیدا خەریکی رێگریبین لە نەخۆشکەوتنی هاونیشتمانییە ساخەکانمان، ئەنجام نە نەخۆش بە باشترین شێوە چارەسەردەکەین و نە هاونیشتمانییە ساخەکەش دەپارێزین.
کاتێک کۆرۆنا رۆیشت، دەبێت هەمووان پێداچوونەوەیەکی ورد بە تەندروستیی تاک و کەرتی تەندروستی بکەین، دەزانم کە لەم وڵاتەی ئێمە قەیرانەکان بە بەردەوامی یەخەیان گرتووین و ناهێڵن پلانەکانمان وەک خۆی جێبەجێبکەین، بەڵام ئیدی دەبێت بنیاتنانی ژێرخان و سەرخانی تەندروستی لە وڵات ببێتە خەم و کاری لەپێشینەی هەمووان. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=