=KTML_Bold=کێ لە کۆرۆنا دەترسێت؟=KTML_End=
#ئاراس برادۆستی#
کە دەگوترێت دۆخەکە خراپە، پێویست ناکات بترسین، بەڵکو دەبێت خۆمان بپارێزین، ترس لە بەرژەوەندیی ڤایرۆسەکەیە و خۆپاراستن لە بەرژەوەندیی تەندروستیی تاکە، تاکی هۆشیار لەم دۆخەدا دوو شت دەکات:
- ماسک دەبەستێت
- دوور دەوەستێت
بەم دوو هەنگاوە خۆی و خۆشەویستانی دەپارێزێت؛ تاکی هۆشیار و رۆشنبیر بۆئەوەی خۆی بپارێزێت پێویستی بە ترس نییە، پێویستی بەو وشیارییەیە کە لە بنەڕەتدا هەیەتی، لەگەڵ زانیاریی ورد کە دەبێت پێیبدرێت یان خۆی وەریبگرێت.
=KTML_Bold=دەربارەی تاکی ناهۆشیار؛=KTML_End=
تەندروستی وەکو هەندێک بواری دیکە نییە بە زۆر و ناچاری بگەیتە ئامانج، تاک خۆی بڕیاری یەکەم و کۆتایی دەدات. بۆیە کە کردتە ناچاری، تاکێک کە بۆ نموونە شوفێرە، لەبەردەمی پۆلیسی هاتووچۆ ماسک دەبەستێت و کە لێی رەتبوو لایدەبات و مەترسیی لەسەر سەرنشینەکەی دروستدەکات، ئەگەر هەردووکیان تاکی هۆشیاربن کەسیان ماسکەکە لانادەن، خۆ ئەگەر تەنیا سەرنشینەکە یان شوفێرەکە هۆشیاربێت، رێگە بەوەی دیکە نادات ماسکەکەی لاببات، ئەوکاتە شوفێرەکە لەپێناو پەیداکردنی بژێویی ژیانی خۆی ناچارە ماسک ببەستێت هەتا سەرنشینەکە سەربکەوێت، یانیش سەرنشینەکە لەپێناوی گەیشتن بە شوێنێکی دیاریکراو ناچارە ماسک ببەستێت، ئەگینا شۆفێرەکە نایگەیەنێت.
کام حکومەتی دنیا دەتوانێت خەڵک ناچاربکات دەستیان بشۆن بە رێکی و بەردەوامی؟ لەڕاستیدا هیچیان، بەڵام پێش ئەوە، کاری حکومەتی وڵاتەکان بە کوردستانیشەوە ئەوەیە تاکی هۆشیار پەروەردە بکەن، لانیکەم لەڕووی تەندروستییەوە، ئێستا کە تاکێک ماسک نابەستێت نیوەی خەتاکە لەسەر خۆی و بنەماڵەکەیەتی و نیوەکەی دیکەی خەتای حکومەتە، کاتێک لە ماوەی 29 ساڵدا پەروەردەی تەندروستیی تاک نەبووبێتە ئەولەویەت و تەنانەت بیریشی لێنەکرابێتەوە، ئەمە ئەنجامەکەیەتی.
لە بواری سەلامەتیشدا هەر وایە، کە تۆ کرێکارێکی هۆشیارت پەروەردەکرد، پابەندکردنی بە گرتنەبەری هۆکار و کەرەستەکانی سەلامەتی لەکاتی کاردا ئاسانتر دەبێت، ئەوکاتە تاوناتاوێک کەسێک لەکاتی کاردا بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرجەکانی سەلامەتی نامرێت، چەندین منداڵ بێ باوک نابن، دایکێک جەرگی ناسوتێت و ژنێک بێ لانە نابێت.
کە تاک لە ناخەوە بڕوای بە بەستنی پشتێنەی سەلامەتی کرد، ئەوکاتە ژمارەی رۆژانەی ئەو کەسانەی بەهۆی نەبەستنی قایشی سەلامەتییەوە نیوەگیان دەبن یان دەمرن، کەمدەبێتەوە.
لەگەڵ ئەمانەدا، بێگومان یاسایەکی ورد و تووندیش پێویستە، بەڵام بەو مەرجەی کە بۆ هەمووان وەکو یەک بێت و جیاوازی لەنێوان لاواز و بەهێز نەکات.
=KTML_Bold=بەڕێز هاونیشتمانیی خۆشەویست..=KTML_End=
تکایە تۆ لە تاکە هۆشیارەکە بە و خۆت و کەسوکارت بپارێزە.
=KTML_Bold=بەڕێزان لە حکومەت..=KTML_End=
ئایا ئیدی کاتی ئەوە نەهاتووە وشیاریی تەندروستی بکرێتە بەشێک لە پرۆگرامی خوێندن؟ هیچ کاتێک لە ئێستا پێویستتر هەیە بۆ بیرکردنەوە لە پلانێکی درێژخایەنی هۆشیاریی تەندروستی لەڕێگەی سیستەمی پەروەردە و خوێندنەوە؟
تکایە ئەمجارە با میمۆرییەکەمان کورتخایەن نەبێت، تکایە با یەکێک لەو وانانەی لە کۆرۆنای فێردەبین ئەوەبێت کە تەندروستی بکەینە بەشێک لە پرۆگرامی خوێندن، بەمە کۆمەڵگەی داهاتوومان تەندروست و هۆشیار دەبێت؛ ئەوکاتە هەمووان خۆیان دەپارێزن و کەسیش ناترسێت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=