=KTML_Bold=فێڵە نوێیەکەی تاقیگەکانی کوردستان=KTML_End=
#ئاراس برادۆستی#
ئێستا هەندێک لە تاقیگە ئەهلییەکان پشکنینێک دەکەن کە ناوەکەی نزیکە لە PCR، شیکارییەکە ناوی “CRP”یە، ناویشیان ناوە پشکنینی دەستنیشانکردنی کۆرۆنا، رێکلامی ئاشکراشی بۆ دەکەن، ئینجا ئەمە بە وردی و وریایی بخوێنەوە بۆئەوەی بزانی چ فێڵێک لە خەڵک دەکرێت.
تاکە پشکنین لە کوردستان بتوانێت کۆرۆنا دەستنیشانبکات شیکاریی “PCR”ە، ئینجا ئەگەر ئەنجامەکە نێگەتیڤ بوو دەبێت گومانت هەبێت، چونکە هەڵە لە ئەنجامی نێگەتیڤی PCR نزیکە لە 30٪، واتە لە هەر 100 کەس کە ئەنجامەکەیان نێگەتیڤە و پێیاندەگوترێت کۆرۆنات نییە، 30 کەسیان کۆرۆنایانە و ئەنجامەکەیان هەڵەیە، ئەمە باسی ئەمریکا و ئەڵمانیا و بەریتانیایە لە باشترین شێوازی ئەنجامدانی پشکنینەکە نەک کوردستان، بێگومان لێرە رێژەی هەڵە بەرزترە.
د. ویلیام شافنەر کە پرۆفیسۆری نەخۆشییە گوازراوەکان و سەرۆکی دەزگای نیشتیمانیی نەخۆشییە گوازراوەکانی ئەمریکایە دەڵێت ئەگەر PCR پێیگوتی کۆرۆنات هەیە، باوەڕی پێبکە، ئەگەر پێیگوتی تووشبووی کۆرۆنا نیت، گومانت لە ئەنجامەکە هەبێت. ئەمەی سەرەوە راستییە زانستییەکەیە، زانیمان کە PCR بە رێژەی %100 ورد نییە لە دەستنیشانکردنی کۆرۆنا، ئینجا راستییەکی تاڵ هەیە لە کوردستان با پێتانی بڵێم..
بەداخەوە دیسان کۆمەڵیک هەلپەرستی و بێویژدان دۆخی لاوازی هاونیشتمانیانیان قۆستووەتەوە و پشکنینێک دەکەن کە ناوەکەی نزیکە لە PCR، شیکارییەکە ناوی “CRP”یە، ناویشیان ناوە پشکنینی دەستنیشانکردنی کۆرۆنا، رێکلامی ئاشکراشی بۆ دەکەن.
=KTML_Bold=بەڕێزان=KTML_End=
پێوەری پشکنینی CRP لە هەموو هەوکردنێک بەرزدەبێتەوە، واتە ئەگەر لەو پێنج هەزار ڤایرۆسەی کە زانستی پزیشکی و ڤایرۆسزانی لەسەر زەوی ناساندوونی، یان لەو سەدان ملیۆن بەکتریایەی لەم سەر زەوییەدا هەن یەکێکیانت تووشبووبێت، پێوەری پشکنینی CRP بەرزدەبێتەوە، واتە ئەم پشکنینە تەنیا لە کۆرۆنا بەرزنابێتەوە تا بە کەسەکە بڵێین مادام ئەمەت بەرزە کەواتە کۆرۆناتە. ئێ خۆ کابرای تاقیگە ئەمە دەزانێت، ئەی بۆ دەیکات و رێکلامیشی بۆ دەکات و ناویشی ناوە پشکنینی کۆرۆنا؟ چونکە ئەمانە کەسی هەلپەرستن و دۆخەکەیان قۆستووەتەوە لەپێناوی رنینەوەی گیرفانی بەتاڵی هاونیشتمانییەک کە گومان دەکات تووشی کۆرۆنا بووبێت.
=KTML_Bold=هاونیشتمانیی وریا=KTML_End=
ئەگەر پزیشکی پسپۆڕ بڕیاریدا لە چوارچێوەی پشکنینە گشتییە تاقیگەییەکەت CRP بکات، بیکە و بیبەرەوە لای خۆی، چونکە پزیشک تێڕوانینێکی فراوانتری هەیە و رەنگە پێویستیی بە پشکنینەکە بێت بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک، بەڵام ئەگەر تاقیگەیەک لەخۆیەوە گوتی وەرە ئەم پشکنینەت بۆ بکەم بزانە فێڵێکی گەورەت لێدەکات و 20 هەزار دینارەکەت لێوەردەگرێت بەبێ ئەوەی هیچ ئەنجامێکت بداتێ.
=KTML_Bold=هەر بۆ زانیاری؛=KTML_End=
PCR کورتکراوەی Polymerase Chain Reaction”ە، پشکنینێکی باوە لە تاقیگە پزیشکی و بایۆلۆژییەکان بەکاردەهێندرێت، بەڵام CRP کورتکراوەی C- Reactive Proteinە و ئاماژەپێدەری هەوکردنە، ناوەکانیان لەیەکەوە نزیکن بەڵام سوود و فرمانەکانیان ئاسمان و رێسمانیان نێوانە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=