=KTML_Bold=کۆنگرەی یەکگرتوو چی گۆڕی!=KTML_End=
#ئاسۆ عەبدوللەتیف#
هێزی سیاسی گەر خاوەنی دیدو جیهانبینی فکری و سەرکردەی مەیدانی و کاریزمی نەبێت ناتوانێت خۆی بگۆڕێت و مۆدێلێکی نوێ پێشکەش بکات، هێزێکی وەک یەکگرتوو کە نەیهێشت سەرکرده و کادرە رادیکاڵەکانی بێنە پێشەوه و یەکگرتوو بەرێوەبەرن، ناچار دەبێت کۆنگرە لە وێسگەیەکی سیاسی و رێکخراوەییەوە بگۆڕن بۆ کەرنەڤاڵ و ئیحساساتی دینی و شوێنی نمایش و تەوزیفکردنی بۆ چەمکی دونیاو قیامەت و ئیمان و کوفرو رەش و سپی، ئیتر عاشق بوون و خۆهەڵواسین و دەفلێدان بەباڵای پارتەکانی غەنوشی و ئەردوغان مانایەکی نامێنێت، واقع دەریخست یەکگرتوو بەم فۆرم و روانگە کلاسیکیەوە توانستی خۆگۆرین و نوێگەری نیە، دەبێت ئه و ژینگەیە جێ بهێڵن بۆخۆیان، وەلێ لەم کۆنگرەیەدا بناغەی ئومێدێک دروستکرا بۆ گفتوگۆ لەسەر پێداویستی کرانەوەی ئەم حیزبە، ئەمە تاکە دیوی گەشی ئەم کۆنگرەیە بوو کە زۆر سەرکردەی خاڵی کردەوە لە پیرۆزی و تەنانەت کاریزمابوونیش!؟
کاتێک کردەی دەستاودەست بۆ نەوەی دووەم، ئەوەندە پرۆسەیەکی قورس و جەنجاڵ بێت وەک بینیمان سازش و لایەنگیریی و رێککەوتنامە نهێنیەکان و ئیستحقاقاتی بادینان بە 11 ئەندامی سەرکردایەتی کە دروستکردنی یەکگرتووی ناو یەکگرتوو بوو، تۆخکردنەوەی هێڵ و رەنگەکانی بادینان بوو نابێت ئیتر یەکگرتوو شانازی بە ریفۆرم و چاکسازی و تەباییەوە بکات و باسی ئەوە بکات پارتێکی بێ باڵ و بێکێشەیە.
ڕاستە یەکگرتوو رەگەزی میانرەوی و مەدەنیەت و سەرمایەی رەمزیی زۆری هەیە، لێ ئەوەی نیەتی فکرو جیهانبینی و روئیای سیاسی مۆدێرنە، سەرۆکێک نیە یاری بەم کارتانەوە بکات و یەکگرتوو بهێنێتە سەر رێگایەکی تەندروستی سیاسەتکردن، کە ئەوەندە گوتاری شەرمن نەبێت لە ئاست بڕیاری چارەنوسسازانە، بۆنمونە: دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، بەرەی ئاکەپە یان هەدەپە، 17 ی شوبات، یان وەرگرتنی پۆست، ئەمانە هەموو لە ئایندەدا خراپتر خۆیان نمایش دەکەنەوە.
هەمیشە دەڵێن کە یەکگرتوو هەوێنی برایەتی و ئاشتەوایی و یەکریزییە، ئەی ئەم ئاشتەوایی و هەوێنە بۆ بڕی نەکرد بۆ ئاستە ناوخۆییەکە، بۆچی برایەتیەکە نەگەشتە ئه و ئاستەی کە پێویست بەوە نەکات ئەمینداری پێشوو بگەرێتەوە، تا ئەرکەکە بدەنە دەست برایەکی تر خۆ متمانه و ئیمان و جەسارەت و زانست و خەباتیشیان هەبوو؟
فەزای کۆنگرە زۆر شتی پێوتین کە مایەی هەڵوەستە لەسەرکردنە، دوای ئه و هەموو ساڵە بۆچی ئەم پارتە متمانە بە سەرکردەیەکی تری خۆی ناکات وەک ئەمیندار بیناسێنێت، بۆچی کەسانێک هەبن هەڵگری خەونی گۆرانکاری بن و روانگەیەکی جیاوازیان هەبێت بەر نەفرەتی زۆرینە دەکەون ئەگەر بە هێنانەوەی ئەمینداری پێشووش بێت، ئەوەی لە کۆنگرەی حەوتی یەکگرتوو رویدا، دەرخەری ئەوەبوو کە ریفۆرم و گۆرانکاری رادیکاڵانە بۆ پارتی رۆژهەڵاتی پاشخان ئیسلامی کردەیەکی گرانه و بە ئاسانی چێ نابێت بەتایبەتی بۆ کەسانی وەک محمد رەئوف و ئەبوبەکر عەلی کە دەبوو باشتر کاریان بکرایە بۆ گۆرانکاری ریشەیی و تێگەشتنی زیاتریان هەبوایە بۆ هەردوو ئەمیندارەکە، کە یەک روانگەی حیزبی و کۆنزەرڤاتیڤانەیان هەیه و نەوەی یەک قۆناغن و بەئاسانی دەستبەرداری حیزب نابن، هێنانەوەی فیگۆری هادی عەلیش رەنگە بۆ پرۆڤە بێت بۆ دوای مامۆستا سەڵاحەدین تا بۆ ئەبەد گەنج و نەوەی نوێ زاتی هاتنە پێشەوە و باسکردنی ریفۆرم و کرانەوە نەکەن. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=