=KTML_Bold=پەرلەمانتاریت یان ڕۆژنامەنووس!؟=KTML_End=
#ئاسۆ عەبدوللەتیف#
تۆ پەرلەمانتاری ناو کەمینەیەکی پەرتبووی شێواوی بێ گوتارو بێ دیسپلینی عێراقێکی شۆڤێنی و مەزھەبیت، لەو عێراقەی ھەموو چەمکێکی سیاسی و فەرھەنگی و ئابووری لە پاشەکشەدایە بە خودی ھەڵبژاردن و دیموکراسیەتیشەوە، بیھێنە پێشچاوی خۆت لەو پەرلەمانەی عێراقی بەناو یەکگرتوو تۆی کورد ئیتر ھەر رەنگ و ھەر حیزبێک ھەیت یاسات پێدەرناکرێ و شوناسی کوردبوونیشت پێ ناپارێزرێت، ناشتوانی دۆخی #کەرکووک# چاک بکەیت و تاکە مادەیەک بۆ ئەوشارە کە مادەی 140 ی دەستورییە جێبەجێ بکەیت، ئیتر شرۆڤەی دۆخی کوردو کەرکووکیش مەکە لەسەر شاشە تۆ رۆژنامەنوس نیت، ناشتوانی بڕیار لە مافی چارەنوسی گەلەکەت بدەی، باشتر وایە بەو بچووکیەی خۆتەوە دابنیشی و رێگربە لەوەی ئەوەندە سەوداو مامەڵەت پێوە نەکەن و تۆش نەبیتە بەشێک لە شانۆگەری و موزایەدەی ناڕەوا دژی فراکسیۆنەکانی دی، چیت پێباش بوو دەنگی بۆ بدە لە قازانجی نەتەوەکەت، بەڵام دەنگت زوڵاڵ بێت و شەرمن مەبەو بیری گرێبەستی لابەلاو کۆکردنەوەی پارەو کڕینی شوقەو ژنی دووەم و خوپەرستی و خۆفرۆشی بۆ حەشدو نەزعەی مەزھەبی و ئەنفالی نوێ مەکەرەوە، بیر لەوەش مەکەرەوە دوای چوار ساڵی تر چەن پارەت کۆکردۆتەوەو چۆن دەبیتە خاوەن پارە، بیر لەوە بکەرەوە سبەی دوای چوار ساڵ ئایا دەنگدەرەکانت لەباوەشت دەگرن، یان تف و نەعلەت و کۆمێنتی نەشیاوت تێدەگرن و وەک نەفرەتیی سەیرت دەکەن، بیر لەوە بکەرەوە چی بۆ کوردو ناسنامەی کوردبوون و قەوارەکەی دەکەیت.
تۆ پەڕلەمانتاریت نەک رۆژنامەنووس، ئیدی نیشتیمانپەروەریی و خاکی بوون مەفرۆشە پێمان، وەک پەرلەمانتارێک پەیامنێری نھێنی و چوتەچوتی فەیسبووک مەکە بەناوی شرۆڤەو گەیاندنی زانیاریەوە، وەک پەرلەمانتارێک بازرگانی مەکە بەدەنگی خەڵکەوە، چیتر مەڵێ منیش وەک تۆ میدیاکارم، نەخێر تۆ ئێستا پارێزەری تۆپەڵێک فیکرو ئایدۆلۆژیاو بەرژەوەندی حیزبیت، ئەوەبە خۆت حەزت لێیەو وەک خۆتبەو گەمە بە شعوری دەستەجەمعی خەڵکی مەکە، ئەگەر ئەوەندە عاشقی کاری میدیایی بوویت بۆچی رێگایەکت ھەڵبژارد کە شەرمەزاربیت و شەرم بکەیت لەبەردەم پرسیاری خەڵک و برسێتی و قاتوقڕی و نەخۆشی و نەداری و کارەساتەکانی کۆمەڵگادا، بەراست بۆچی ئەوەندە کاری میدیایی و کاغەزو رەونەقی چاپ و دەزگای ڕۆژنامەنووسی کوردی دەغەزار بووە بەدەست گروپێک مرۆڤی ھەلپەرستەوە، تۆ کە ئەوەندە حەیرانی ئیمتیازو پارەو کورسیت چیتر پێویست ناکات بەرگی رۆژنامەنوسی و میدیایی بپۆشیت و لەگەڵ مەڕ ئاوو لەگەڵ گورگی ھار گۆشت بخۆیت، ئێستا تۆ دەزانیت ئیدی کورسی ناو پەرلەمان ئەرزشێکی ئەوتۆی نەماوە و شەیتەنەت حوکمی دەکات و تەنها بۆ دڵخۆشکردنه و رەقەمگەلێکی بێ ئیعتیبارە لە رووی کردارییەوە، تۆش ناتوانیت لە میدیاوە خۆت بکەیتەوە بە فریشتە، لە ئایندەی عێراقی نوێشدا ئەوە کورسی نییە حوکم دەکات، بەڵکو دەستوەردانە ئیقلیمیەکان و تارمایی و رێککەوتنە ژێربەژێرو نهێنیەکانەو تۆ ئیتر بەشێکی لەو سەفقە ژێربەژێرانەو مەیەرە سەرشاشەو عەنتەریات مەنوێنە بۆمان بۆ نمایش و سەمای خەڵەتێنەرو ئیرھابی فیکرو خۆ بەپاڵەوانزان و ئەویتریش بە ترسنۆک، تۆ ئیتر میدیاکار نیت و بەدەنگی بەرز ئەمە بڵێ و شەرم مەکە تۆ بەشێکی لە ئاڵووێری سیاسی، چ پەڕلەمانتارێک ئازادە لەو پەڕلەمانە پێم بڵێ بەو وردە ئیسلامیە بۆرجوازیانەشەوە کە دوێنێ بەڵێنی گەورەیان بە ھەڵەبجەداو بڕیار بوو پارەی بۆ بھێنن لای عەبادی و مالیکی بۆ دروستکردنی تەلارو ھۆڵی گەورەو دواتر شەرمەزار بوون و کەچی ھێشتا وەک مەیموون لەم شاشە بۆ ئەوشاشە خەریکی ماکیاژی خۆیان و شرۆڤەی میدیایی بێتام و بێلەزەتن.
ڕۆژنامەنووس کاراکتەرێکی زیندووی کۆمەڵگایە، کەس بە ئاسانی نابێتە رۆژنامەنووس، ھەمانکات کاری ڕۆژنامەنووسی پیشەیەو مامەڵەیە لەگەڵ داتاو وشەو ھەواڵ و ڕەگەزیی بنچینەیی زانیاریی دروست و راستدا، ڕۆژنامەنووسی راستەقینە بەپێی مۆڕاڵ و پەیام و میساقی شەرەفی ڕۆژنامەگەریی کاردەکات و سیخوڕو کۆیلەو داردەست و ماکینەی ئایدۆلۆژیی نییە، پەڕلەمانتاریش رۆحی گەلەو دەبێت بە ویژدانێکی تەندروستەوە کاربکات و ئیشی خۆی بکات نەک ئیشی خەڵکیتر! [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=