=KTML_Bold=سەردەمی ئیمام ئۆغلو!=KTML_End=
#ئاسۆ عەبدوللەتیف#
ئاک پارتی و هاوپەیمانێتی کۆمار لە تورکیا، بە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکانی ئەستەنبوڵ لە 23 ی حوزەیران، جارێکی تریش دووچاری شکست بوونەوە، بەڵام ئەم شکستە بە مانای کۆتاییهاتنی خۆری ئەردوغان و دەسەڵاتە سوڵتانیەکەی نایەت، چونکە تورکیا ئێستا وەک ساڵانی رابردوو نییە حیزب و سیستم و دیموکراسیەت و پەرلەمان حوکمڕانی لێ بکات، دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار ئەوەندە زۆرن دەشێت لە داهاتوودا کێشە بۆ سەرۆک شارەوانییە گەورەکانیش دروست بکات بە بیانووی جۆراوجۆر.
ڕاستە سەردەمێکی نوێ لە تورکیا دروست بووە و پارتی گەلی کۆماریی وەک پارتێکی سیاسی کۆن و مێژوویی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە کورد و چەپ و سیکولاریستەکان بردنەوەیان تۆمارکرد و ئێستا گەورەترین شارەکانی تورکیاش کە بە شادەماری ئابووری وڵات و ئاڵوگۆرە بازرگانییەکان دادەنرێن لەژێر کۆنترۆڵ و رێنمایی و بڕیاری سیاسی ئەواندایە، بەڵام به تەنها شارەوانی ئەستەنبوڵ و ئەنکەرەی پایتەخت، ئه و توانستەی نییە رەنگرێژی فۆرمێکی تازەی حوکمڕانی بکات بۆ تورکیا لەسەر دەستی کەمالیزمی نوێ و وەرگرتنەوەی تورکیا لە عوسمانیە نوێکان، ئەمە ململانێیەکی قورسە و رەنگە لە داهاتوودا دەرهاوێشتەی نوێ بێتە ئاراوە لە شێوەی هاوپەیمانێتی و دیواربەند و کوالیسیۆنی تازە، چونکە ئەردوغان سیاسەت دەکات و هێشتا ئه و کاراکتەرەیە کە دەتوانێت هاوکێشە نەخوازراوەکان و فەزا تەڵخەکان بە قازانجی خۆی بگۆڕێت، بەتایبەتی پێدانی پۆستی هەستیار بە جەهەپه و ئیغراکردنیان، وەک وەزارەت و پۆستی گرنگ لە دەزگا گرنگەکانی دەوڵەت لە پێناو زەمینە سازکردن بۆ هاوپەیمانێتی تاوەکو خولێکی تری هەڵبژاردنەوەی بۆ 4 ساڵ مسۆگەر بکات، ئەردوغان ئیتر هەست دەکات دەبێت ریزبەندیی هاوپەیمانێتییە کۆنەکەی دەستکاری بکات، بۆیە کورد هەڵە دەکات کارتەکانی خۆی بەتەنها بخاتە سەبەتە و بەرژەوەندی پارتێکەوە، چونکە سەردەمێکی تر دەگوزەرێت کە پێویستی بە هۆشیاری و هەنگاوی ستراتیجی و عاقڵانە دەبێت بۆ کورد نەک سەرکێشانە.
بۆچی ئاک پارتی شکستی خوارد؟
ئاکپارتی وەک پارتێکی سیاسی دەسەڵاتدار به و ریتم و ئایدۆلۆژیک و پلانەی لەبەردەستیدایە دەرکەوت نەیتوانی تورکیا بەرێوەبەرێت، وەک کەمال کڵیچدار ئۆغلۆ سەرۆکی گشتی جەهەپە، وتی تورکیا خراپ بەرێوەدەبرێت، هەرواش بوو ماوەی چەند ساڵێکە تورکیا هەم ئابورییەکەی و دۆخی لیرەی تورکی و قەرزە دەرەکییەکانی و هەم باڵانسە سیاسی و دیبلۆماسیەکەی بەره و داخوران و داخزان دەڕوات، بەتایبەتی کاتێک کۆمەڵگای تورکیا درکیان بەوە کرد کە وڵاتەکەیان بەره و کامپ و جەمسەری رووسیا و ئێران هەنگاو دەنێت و دەرگاکانی یەکێتی ئەوروپاو رۆژئاوایان بە روودا دادەخرێت، ئیدی مۆری رازی نەبوونی خۆیان نا بە تەوێڵی ئاکپارتیەوە لە دوو هەڵبژاردنی چارەنووسسازدا.
ئەردوغان کاتێک خەریکی هەمواری یاساکانی سەرۆکایەتی کۆمار و توندکردنی دەسەڵاتە رەهاکانی خۆی بوو لە کۆشکی کۆمار و بۆ ئەم مەبەستە سیستمی وڵاتی لە پەرلەمانیەوە گۆڕی بە سەرۆکایەتییەکی تاکڕەو، تەواوی رکابەرە سەرسەختەکانی خستە سووچی زیندان و پەراوێزکردنەوە، کوردەکان و گویلەنییەکان و کەمالییەکان و سەرمایەداران و بەشێک لە میدیاکاران و چەپەکانی تورکیا، دواجار هەر ئەمانیش بوون هاوسەنگی هەڵبژاردنیان بە قازانجی بزووتنەوەی کەمالیزمی نوێ گۆڕی و بۆ یەکەمجار شکستیان بە ئەردوغان تاقیکردەوه و سزایاندا، ناکرێت پارتێک ئازادی سیاسی و ئازادی بیرورا بخاتە ژێر پرسیارو لەکەداری بکات و هەزاران چالاکوانی سیاسی و پەرلەمانتارو هاوسەرۆکی وەک دەمیرتاش بخاتە زیندان و هەمان کات چاوەڕوانی ئەوەش بکات دەنگەکانی هەڵکشێ بۆ سەرەوە.
لەلایەکی ترەوە بێباکی ئەردوغان بەرانبەر بە کورد و هەدەپە و داخستنی تەواوی دەرگاکانی ئیمراڵی و گۆشەگیرکردنی ئۆج ئالان و پرسی رۆژئاوای کوردستان و کۆمەڵکوژی عەفرین و کۆبانی و دەیان پرسی هەستیار وایکرد تەنانەت تورکە هۆشمەندەکان بە دۆخەکە رازی نەبن، سەرباری ئەمە بۆ جارێکی تر بەکارهێنانی فیگەری ئاپۆ بۆ بەدەستهێنانی دەنگ و دەستخستنەوەی متمانەی هەدەپە، هەڵەیەکی تربوو، بەتەواوی ئاکپارتی دووچاری کێشە کردەوە لەگەڵ هاوپەیمانە سەرسەختەکەی کە مەهەپەی نەژادپەرسته و هەرگیز رازی نییە هیچ جۆرە جووڵه و گفتوگۆیەک لەگەڵ کورد بکرێت، بۆیە تاکە دەریچەی دەربازبوون کە ئەردوغان، دەبێت بیری لێبکاتەوە و بیکات، هاوپەیمانێتی نوێیە کە هەم کوردەکان و هەم کەمالییە نوێکان رازی بکرێن و رۆڵیان هەبێت له و هاوپەیمانێتیە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=