تاڵیبان و داعشداعشی خۆراسان و پەنجشیر
ئاسۆ عەبدوللەتیفئاسۆ عەبدوللەتیف
ئەوەی ئێستا لە ئەفغانستان روو دەدات، درێژە پێدانی رێککەوتنی ئەمەریکا و تاڵیبانە لە دەوحەی قەتەر، کارکردنە لەسەر ئەجێنداکانی میتۆدی جەنگی و کاولکاریی و دروستکردنی فۆرمێکی دیکەی حوکمرانی سوننە به و جۆرەی ئەمەریکا خۆی دەیەوێت بە تەنیشت ئێران و چین و روسیاوە.
ئەمەریکا هیچ بۆی گرنگ نییە ئەم فۆرمە دینیی و مەزهەبییە حەنەفییە ماتریدییە پاکستانی ئەفغانییە، دیموکراسخواز و ئینسانیی و دۆستی ژن و کولتوور و رۆشنگەری و کۆمەڵگای مۆدێرن و کراوه و ئازاد بێت، وەلێ بۆی گرنگە مۆدێلێکی میانڕه و نەبێت، توند و نەخوازراوبێت لەبەردەم هێزە نەیار و بەرهەڵستکارەکان و بەتەواوی سەرئێشەبێت بۆ ناوچەکە، چونکە ئەمەریکا خۆی بە بەرنامە بیست ساڵە سەلەفیەتی ئوسوڵیی مۆدێرن گەشە پێدەدات لە ئەفغانستان و بۆ بیست ساڵی دیکەش کردی بە ئەڵتەرناتیڤی حوکمرانیی و پۆلیسی ناوچەکە، ئەم پەرچەمە تازەیەی تاڵیبان زۆر کار بۆ ئەمەریکا ئاسان دەکات، کە سەرەکیترینیان ئەوەیە بەبێ وجودی سەربازی ئەمەریکی و بودجەی خەیاڵی واشنتن وەبەرهێنانی دیبلۆماسی بە کابولەوە دەکات و دووراودوور گوشارەکانی دەکاتە کارتی دانووستان و گفتوگۆی بەرهەمدار بۆ ئایندە.
ئەوانەی کە بەبێ زانیاری و ریشەی مێژوویی تاڵیبان و بزافی ئیسلامی نوێ دەیانەوێت شرۆڤە بکەن، بە هەڵەدا چوون لەوەی کە تاڵیبانی ئێستا وەک میراتگری کەلەپور و فیکر و خەباتی رابوونی ئیسلامی ئەفغانستان دەبینن و هیچ باوەڕ بەوە ناکەن، کە تاڵیبانی نوێ زۆر جیاوازترە له و تاڵیبانەی مەلا محەمەد عومەر لە ساڵی 1996.
تاڵیبان بە خۆی بزانێت یان نا ئیتر زۆر گۆڕاوە و لە رووی پرەنسیپی فکریی و ئایدۆلۆژیی و ئەوەشی دەیکات بۆ چاوبەست و راکێشانی سۆزی ئایینی شەقامی ئەفغانییە، ئەگینا لە ئێستادا هیچ خاوەنی گوتاری حوکمرانی سەربەخۆ نییە و ئەجێندای تایبەتی دیاریکراو جێبەجێ دەکات، ئەمەریکا هەرگیز ناهێڵێت تاڵیبان مۆدێلێکی سەرکەوتوو پێشکەش بکات، رێگەش نادات بە تەنیا خاوەنی حوکمرانیی وڵات بێت و تەواوی جومگەکان لەدەستی خۆیدا بێت.
ئێستا ئیتر جگە له و بارودۆخە نەخوازراوەی ئابووری و بازاڕ و داڕزانی کەرتەکانی تەندروستی و وەبەرهێنان و گەشتوگوزار و پیشەسازی و پەروەرده و فێرکردن لە کابول، ئەم حکومەتە رانەگەیەنراوەی تاڵیبان لەبەردەم ئاڵنگاری و بەرەیەکی نارازیی توندی ناوخۆیی و هەرێمییدا وەستاوە، ئەمەریکا هەم نەیار و هەم هاوبەشی بۆ پەیداکردووە، پەنجشیر وەک ناوەندی نەیارەکانی و داعشی خۆراسانیش وەک هاوبەشی بیرۆکەی حوکمرانی، یانی ئەگەر هەرێمی بەنچشیریش بکەوێت ئەوا بەرەی بەرهەڵستکاریی و بەرگریکارانی باکوور و تاجیکیە رەسەنەکان و هەزارەکان بە ئۆپۆزسیۆنی سەرسەخت دەمێننەوە و بەرگریی دەکەن و ناکەون و حکومەتەکەی عەبدولغەنی برادەر بە هیلاکدا دەبەن، چونکە بەهەمان میتۆد و هێز و بەرگریی تاڵیبانییەوە دەجەنگن و سروشتی شاخاویی و لێرەوار و تۆبۆگرافیاکەی و پشتگیریی وڵاتانی وەک رووسیا و چین و ئێران رێگە بەوە دەدەن ئۆپۆزسیۆن چالاک بکەنەوە دژی ئەمەریکا، چونکە دەزانن ئەوەی ئێستا حوکم دەکات وەک فۆرم تاڵیبانە ئەگەرنا سیاسەتی ئەمەریکیی قەتەرییە لە ناوچەکە.
پاشان بەرەی بەرهەڵستکاریش ئەوەندە هێزێکی لاواز و گەندەڵ نین، جگە لەوەی خاوەنی میراسێکی چل ساڵەی مێژووی جیهادیی و کۆمەڵەی ئیسلامی رەبانی و ئەحمەد شامەسعودن، بەرەکەشیان تۆکمەیە بە دەیان سەرۆک هۆز و خێڵ و کەسایەتی وەک ئەمروڵا ساڵح جێگری سەرۆکی پێشوو، بیسمیلا موحەمەدی وەزیری بەرگریی پێشوو، لەگەڵ هەزاران جەنگاوەری سوپایی و خۆبەخش و خاوەن ئیرادە دژی حکومەتەکەی تاڵیبان.
تاڵیبان بە تێگەیشتنی ئیمارەتسازیی و داعشی خۆراسانیش بە تێگەیشتنی بنیادنانی خەلافەتی دینی و سەلەفیەتی خۆراسانییەوە ئێستا پێکەوەن، ئەمە خۆی جیاوازیی قووڵە بۆ لێکترازانی نزیک، دوو تێگەیشتن و دوو رێباز و رێچکەی جیاوازیان هەیە بۆ حوکمرانی، تاڵیبان خۆی بە ئەهلی تەقیه و وەرع و سۆفیزم وێنا دەکات و داعشی خۆراسانیش بێگومان بە لۆژیکی توندی ڤەندە مێنتاڵیزمی سەلەفی جیهادی حەددی وێنادەکات، دوور نییە ئەمەریکا بیەوێت لەم دوو تەریقەتەوە ئاواز و فۆرمێکی تایبەت دروست بکات و بەتەواوی سێبەری ئیخوان موسلیمین و بزاڤی ئیسڵاحخوازیی نەرم و میانرەویی و پەروەرده و زیهنی بکاتە دەرەوەی مێژوو، وەک ئەوەی لە میسر و تونس و سعودیه و تورکیا بینیمان دژی مورسی و غەننوشی و گویلەن و دەرەنجامەکەی بەدیارکەوت.
بە کورتی ئەمەریکا وانەکانی ناو کتێب و نامیلکەی ئیسلامی و وەعز و تیۆرەکانی دیموکراسی ناوێت، دەوڵەتێکی هاوشێوەی ئێرانی دەوێت بە فۆرم و مۆدێلی پڕۆژەیەکی سوننی لە ناوچەکە، فەتاح سیسی و ئەردوغان و بن سەلمان و هەیبەتوڵاکان و شێخانی خەلیجی عەرەبی و مەدرەسەکانی قیتالی دەوێت، لەبری ناوەندەکانی فیکر و ئەندێشەی ئایینی، بیست ساڵیشە ئەمەریکا به و هەموو پارە رژانەوە لە ئەفغانستان، ناوەندێکی کولتووری و سینەمایەک و ستەیجێکی شانۆیی و وێژەیی و پڕۆژەیەکی وەشاندنی چاپ و رۆشنگەریی دروست نەکرد و لە ئایندەش دروستی ناکات، تاڵیبانێکی تازەی دروستکرد هەموو تا هەموو حەزارەتێکی دینی لە رەگەوە هەڵبوەشێنێت.
ئەگینا راستە ئەمەریکا لە ئەفغانستان پاشەکشەی کرد، وای وێنا دەکەن شکستی هێناوە، بەڵام بریکار و پرۆکسییەکی متمانەداری دانا و ئەم شکستانەی کە بەرەی ئیسلامیخوازی عەوام باس دەکەن، ئەوە توێکڵەکەیەتی و شکستی میدیایی و بچوکن و کرۆکەکەی نییه و ناکرێت بە رەهایی باسی بکەین و پڕۆژە گەورەکەی هالەی تاڵیبان/ ئەمەریکا نەبینین.
ئەمەریکا لە دەیان دەوڵەتدا سەرمایەگوزاری گەورەی کردوە بە دڵی خۆی و تەواوی بەرژەوەندییە نەوتی و ئابووری و سوپاییەکانی پارێزراو بوون، راستە بۆ عێراق و سووریا رەنگە ئەمەریکا زۆر باش جوڵەی نەکردبێت، ئەگینا لە تەواوی دونیا و لەسەر ئاستی ناوخۆییش هەم سوپاکەی و هەم گوتار و ئابوورییەکەی رووی لە گەشەکردنه و تەواو سەرکەوتوو بووە لە سیاسەتی دەرەوە، ئەگەرچی لە عێراقیش هێشتا ئەمەریکا حاکمی رەهایە و هەر پڕۆسەیەک ئەمەریکا نەیەوێت، ناکرێت و هەر پڕۆسەیەکیش بیەوێت ئەنجامی دەدات.
ئەگەر سەیری چەند نمونەیەک بکەین، ئه و راستیە باشتر دەردەکەوێت: لە ساڵی
2006 گەورەترین سەرکردەی تەوحید و جیهاد دەکوژێت و دەیکاتە ئامانجی ئەجێنداکانی کە ئەبو مەسعەب زەرقاویی بوو لە بیابانەکانی عێراق. لە ساڵی
2011 لە پڕۆسەیەکی ورد و هەواڵگریی شاراوەدا ئوسامە بن لادن و چەندین سەرکردەیەکی جیهادیی دەکاتە ئامانج و ئەمەش گەورەترین سەرکەوتن بوو بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا و قوفڵدان لە چالاکییەکانی قاعیدە بۆ ماوەیەکی درێژ تا کاتی هاتنەوەی تاڵیبان لە 15 ی ئابی 2021. لە ساڵی
2016 ئەمیرێکی داعشی خۆراسانی پاکستانی دەکاتە ئامانج و دەیکوژێت بەناوی حافز سەعید خان و دوابەدوای ئەوەی دەیان سەرکردەی دیکەیان دەکوژێت و ئیتر رێگەی کارکردنیان پێ دەدات. لە ساڵی
2019 ئەبوبەکر بەغدادیی ئەمیری داعش دەکاتە ئامانج و کۆتایی پێ دەهێنێت و ئەوەش دەبێتە دوا پەردەی شانۆییەکەی داعش بۆ قۆناغی یەکەمی گەمەکە.
لە سەرەتای ساڵی
2020 گەورەترین ئۆپەراسیۆنی ئەنجامدا لە فڕۆکەخانەی بەغداد دژی قاسمی سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس و بەمەش ئیرادەی حەشدی شەعبی بۆ چەندین ساڵ توشی شکست و لاوازی کرد. چەندین جار بە فڕۆکە ناوەندە گرنگە سەربازی و هەواڵگرییەکانی شیعه و سوپای پاسداران و بەدر و سەرایا و لیواکانی حەشد و حیزبوڵڵا و رەبعوڵای لە ناوەڕاست و باشوور و بیابانەکانی نێوان ئوردن و سووریا و عێراقیان کردووەتە ئامانج.
ئەمەریکا لە کوێ بیەوێت جوڵەی بەهێزدەکات و جوڵەکانی بە ئاسانی نابینرێت، بۆ ئێستای ئەفغانستانیش راوێژکاری پلەیەک و پلانداڕێژەریی ئه و وڵاتەیه و هەر لە ئێستاوە داعشی خۆراسانی و تاڵیبان و دەیان گرووپی دیکەی هێناوەتەوە مەیدانەکە.
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!