=KTML_Bold=بۆ هەرێمی کوردستان پێشەنگە لە عێراق و ناوچەکە؟=KTML_End=
#سامان سۆرانی#
ئەوەی ئاشکرایە کۆمپاسی پەیوەندی نێوان دەوڵەتەکان بەرژەوەندیەکان و بارودۆخ و پەرەسەندنی روووداوەکان و سروشتی گۆڕاوە جێگیر و ناجێگیرەکان دیاریان دەکات، نەوەک یادەوەرییە تاڵەکانی رابووردوو.
زۆر جار ئەو وتەیە دووبارە دەکرێتەوە، کەوا لە سیاسەتدا دوژمنی بەردەوام و دۆستی هەمیشەیی بوونی نیە، بەڵکو بەرژەوەندی بەردەوام هەیە.
ئەم رێسایەش زادەی ئەمڕۆ نیە، رێسایەکی کۆنی کارپێکراوە لە لایەن بڕیاربەدەستانی دەسەڵاتدار و ژیر لە مێژوودا.
باشترین نموونە ئەڵمانیای پاش جەنگی جیهانی دووەمە، کە پەیوەندییەکانی دەرەوەی بە شێوەیەک دامەزراند، سوودی گەورەی هەبێت بۆ گەل و وڵاتەکەی و ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهانی دەرەوە پەیوەندییەکانی لەسەر ئەو بنەمایە بە باشترین شێوە پەیڕەوی دەکات.
هەرێمی کوردستان هەر لەسەرەتای دامەزراندنی وەکو قەوارەیەکی نیمچەسەربەخۆ بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی حەکیمانەی سەرکردەکانی، وتاری سیاسی خۆی بە خۆبەدوورگرتن لە وتاری تایفەگەری پەڕگیر و ناسیۆنالیستی رەگەزپەرستانە و بە جەختکردن لەسەر وتارێکی واقعی میانڕەوانە بنیادناوە، کە بەرژوەندییە باڵاکانی وڵاتان و هەرێم لە ئامێز دەگرێ و دەیانپارێزی بەو شێوەیە سەلماندوویەتی، کەوا وتاری میانڕەوانە گەلان لەیەکتر نزیک دەکاتەوە و زەمینەساز دەبێت بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان وڵاتان و گەلان و رێگر دەبێت لەوەی دەرگای هەرێم واڵا بێت بۆ دەستێوەردانی وڵاتانی هەرێمی و زلهێزە نێودەوڵەتییەکان لە کاروبارەکانی.
پەیڕەوکردنی وتار و سیاسەتی میانڕەوانە و چاندنی فەلسەفەی ئاشتی هۆکاربووە لە بەهێزبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەری هەبووە لەسەر کزبوونی هەستی دژایەتیکردن و پێشێلکردنی یاسا و رێساکان لە هەرێم. ئەوەش ئاشکرایە کەوا چاندنی هەستی دژایەتیکرن و رق و کینە کاریگەری نەرێنیان دەبێت لەسەر دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکان.
هەرێمی کوردستان توانیویە بە کارکردن لەسەر سیاسەت و وتاری میانڕەوانە ژێرخانی هەرێم و دامەزراوەکانی بە پێی چەمکە مۆدێرنەکان تۆکمە بکات و لێنەگەڕێت هەرێم ببێت بە قوربانی جەنگ و ململانێی ناهاوسەنگ، کە هێزەکانی دەرەوەی دەوڵەت و پاشاگەردانی سەرپەرشتی دەکەن.
ئەمڕۆ دەبینین لە عیراقی پاش هەڵبژاردنەکانی 10ی تشرینی 2021و بە هۆکاری سەرکەوتنی بەرچاوی ئەو لایەنەی لە جەماوەرەوە نزیکە و داکۆکیکاری راستەقینەی بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیانی هەرێمە لە لایەن ئەو هێزانەوە بە دروشمی جیاجیا پەلامار دەدرێ، کە باوەڕیان بە وتاری میانڕەوانە و پرۆسەی دیموکراسی لە عیراق نیە، دەبینین چۆن وتارێکی ئیستفزازی رووخێنەر بەکاردەهێنرێ، کە بە سوودی نزیکبوونەوەی گەلانی عیراق و سەقامگیری و بونیادنانی ئایندەیەکی باشتر ناگەڕێتەوە.
هەبوونی ئەو جۆرە وتارە پڕ لە دروشمی پۆپۆلیستی و شۆڤینیانە هاوکار نابێت لە درووستکردنی پردی پەیوەندی نێوان پێکهاتەکان و ئەو پردانەش هەڵدەوەشێنێتەوە، کە پێشووتر بۆ پەیوەندییەکان دامەزرابوون، بۆیە پێویستە بە زووترین کات هەنگاوی جدی بنرێ بۆ بنەبڕکردنی ئەو جۆرە وتارانە و رێگری بکرێ لە تەشەنەسەندیان و ئەو کەسانەش سزا بدڕین، کە هاندەری ورووژاندنی ئەو جۆرە وتارانەن.
ناکرێت بەرژەوەندیەکان لە عیراق بکەونە ژێر فشار و هەژموونی ژینگەی دەرەکی و ئەجیندا دەرەکیەکان زاڵ بن بەسەر سەروەری و بەرژەوەندیەکانی ناوخۆ.
خاڵێکی تر لە هۆکاری سەرکەوتنی هەرێم لە بواری سیاسەتی دەرەوەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان توانیویە رێگە نەدات بە هیچ هێز و لایەنێکی ناوخۆیی چەکدار کاریگەری هەبێت لە سەر مامەڵەکردنی لەگەڵ رووداوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ سەپاندنی ئاراستەیەکی تایبەت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەهێزی بڕیاری سیاسی و مکوڕبوونی سەرکردەی سیاسی لە هەرێم لەسەر گرینگی پاراستی دەسکەوت و بەرژەوەندییەکانی گەل و هەرێمی کوردستان.
سەرکردەی سیاسی لە هەرێم لەوە گەیشتووە کەوا ململانێ و جەنگ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە پێناو سەقامگیری و ئاشتیە و بگرە جەنگ درێژەپێدەری سیاسەتە بە میکانیزمی تر، کە ناکرێ پەنای بۆ ببرێت، ئەگەر تروسکە و هیوایەک هەبێت بۆ ئەنجام نەدانی.
بەرزڕاگرتنی بەهاکانی سەقامگیری و ئاشتی گشتگیر لە ناوچەکە و خۆبەدوورگرتن لە جەنگ و ململانێ بەشێکە لەو سیاسەتە حەکیمانەی کە لە سەر ئاستی پەیڕەو دەکرێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی گەلی کوردستان و سەرخستنی بەرنامەکانی حوکمڕانی باش و پەرەپێدان و پاراستنی ماف و ئازادییەکانی هاووڵاتی و راپەڕاندنی رۆشنبیری و شارستانیەت لە ناوچەکە.
بۆیە هەرێمی کوردستان پێشەنگە دەبێت لە عیراق و ناوچەکە، چونکە باوەڕی بە بەها مرۆییەکان هەیە و خۆی بەدوور دەگرێ لە پاشاگەردانی و ستراتیژی دابڕان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
دواجار هاوبەشی و هاوکاری نێوان گەلان و وڵاتان تاکە رێگەیە بۆ نەهێشتنی میلیشیا و فاکتەرە نادەوڵەتییەکانی دەرەوەی یاسا و گەڕاندنەوەی متمانە بۆ جەماوەر و سەقامگیری بۆ عیراق و بەهێزکردنی سیستەمی فیدڕاڵیەت، بە شێوەیەک مافە دەستورییەکانی هەموو پێکهاتەکان لە عیراق پارێزراوبێت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=