ئەندام جەبار
ساڵ بەسەر هەوڵی تیرۆرکردنی مەلا مستەفا بارزانی دا تێدەپەڕێت. هەواڵەکە زوو سنوورەکانی جیهان دەبڕێت، بە جۆرێک ڕۆژنامەی بەنێوبانگی تایمزی بەریتانی دەنووسێت: 50 بۆمب نەیانتوانی سەرۆکی کوردان بکوژن.
هەروەها ڕۆژنامەکە باسی پیلانە ئاڵۆزەکە دەکات، دەڵێت مەلا مستەفا زیانی پێنەگەیشتووە و بێ زیان ڕزگاری بووە.
موڕاد مستەفا، شایەتحاڵی ڕووداوەکەیە لە 1971 و دەڵێت: ئێرە [شوێنی ڕووداوەکە] بۆنی خوێنی لێ دەهات، شوفێری دوو ئۆتۆمبێلەکە خۆیان بەدەستەوە نەدەدا، بە نارنجۆک و تفەنگ شەڕیان دەکرد، تاوەکوو بە دۆشکە لێیان دان و پیلانەکەی دەزگای هەواڵگریی ئێراق لە #15-09-1971# دایڕشتبوو، دوای 14رۆژ لە ڕێگەی 9 مامۆستای ئایینی و دوو شۆفێرەوە جێبەجێکرا.
ئەو 11 کەسەی هەواڵگریی ئێراق ناردبوونی لە تەقینەوەکە و ڕووبەڕووبوونەوەکەدا کوژران، پێشمەرگەیەکیش شەهید بوو.
دڵشاد عەبدوڵڵا، شایەتحاڵێکی دیکەی ڕووداوەکەیە و دەڵێت: برادەرێکم ناوی شلیمۆن بوو و کریستیان بوو، بریندار بوو، زەکی ئاکرێیی بریندار بوو، چایچییەکەی مەلا مستەفا بارزانیش شەهید بوو، هەموو خەڵک بە موعجیزە سەیری مەلا مستەفا دەکات بە موعجیزەش ڕزگاری بوو، مەلا مستەفا هێندە بە بەزەیی بوو هەر دەیوت مەیانکوژن و دەستگیریان بکەن.
پیلانی تیرۆرکردنەکە دوای نزیکەی ساڵێک لە ڕێککەوتننامەی 11ی ئازار بوو، ئەو کاتەی بۆ یەکەم جار هێزی پێشمەرگە بە سەرکردایەتیی مەلا مستەفا حکومەتی ئێراقی ناچارکرد دان بە هەندێک لە مافەکانی گەلی کورد دا بنێت.
ئەحمەد بارزان، قایمقامی چۆمان و ڕێخەری یادەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەرکی سەرەکی ئێمە وەکوو حکومەت و ئیدارەی ناوچەکە ناساندن و باسکردنی ئەو ڕووداوەیە بۆ نەوەی نوێ.
دەسەڵاتدارانی بەعس کاتێک دەزانن پیلانەکە شکستیهێناوە، بانگەشەی ئەوە دەکەن 'پیلانگێڕان' مەبەستیان تێکدانی ئاشتی نێوان کورد و حکومەتی ئێراقە، داوای سزادانی بکەرانی تیرۆرکردنەکەش دەکەن.
دەقی هەواڵەکەی ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی:
50 بۆمب نەیانتوانی سەرۆکی کوردان بکوژن
لەلایەن نێردراومان
بەیرووت، 30ی ئەیلوول
ڕادیۆی بەغدا ئەمشەو ڕایگەیاند، ئێوارەی ڕابردوو هەوڵێک دراوە بۆ کوشتنی سەرۆکە 70 ساڵەکەی کورد مەلا مستەفا بارزانی، بەڵام بێ زیان ڕزگاری بووە.
بەپێی ڕادیۆکە، ژمارەیەک کەس هاتبوونە سەردانی مەلا مستەفا لە بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان، لەوپەڕی باکووری ئێراق نزیک لە سنووری ئێران.
گرووپەکە [سەردانکەرەکان] زیاتر لە 50 بۆمبی [تەوقیتکراو] کات بۆ دانراو و نارنجۆکیان پێبووە کە لە کاژێر 05:00 بەکاتی ناوخۆیی تەقیونەتەوە، هەندێک لە بۆمبەکان لە بارەگاکە و هەندێکیان لەو دوو ئۆتۆمبێلەدا بوون کە کەسەکانی گەیاندبوون.
ڕادیۆکە وتی، سێ لە پیاوەکانی هێزە نیمچە سەربازییەکەی مەلا مستەفا کوژراون و 10 کەسی دیکەش بریندار بوون. هەندێک لە پیلانگێڕان بە تەقینەوەکان کوژران و هەندێکیان لەلایەن پاسەوانەکانی مەلا مستەفاوە لەنێوبران. هەندێک ئاگریش کەوتووەتەوە.
سەرکردەکانی پارتی بەعسی دەسەڵاتدار لە بەغدا نامەیەکی بەپەلەیان بۆ مەلا مستەفا ناردووە، [تێیدا] ئیدانەی ئەو هەوڵەیان کردووە و دەڵێن مەبەست لێی تێکدانی ئەو ئاشتییەیە کە هاتووەتە ئاراوە لە ئەنجامی بەیاننامەی 11ی ئازاری 1970، کە کۆتایی بە دەیەیەک شەڕی ناوخۆ هێنا لەنێوان کورد و هێزەکانی حکومەت.
نامەکە داوای لێکردووە وردەکاری [هێرشەکە] بنێرێت و گوتوویەتی ئامادەن ئەو کەسانەی لە پشت ئەو پیلانەوە بوون بە سزای یاسایی بگەیێنن.
ڕووداو: ئەمە دەقی هەواڵی لاپەڕە 9ی ڕۆژی #01-10-1971# ی ڕۆژنامەی تایمز The Timesی بەریتانییە. ئەم ڕۆژنامەیە لە ئەرشیڤی ئەکادیمی کورد (ئامەد دەمیرخان) دا پارێزراوە و وێنەیەکی بۆ ڕووداو ناردووە. [1]