کەرکەدەن (بە عەرەبی: وحيد القرن، بە ئینگلیزی: rhinoceros)، مەمکداری گەورەی گیاخۆرن، تەنیا پێنج جۆری سەرەکی هەیە، لە ڕابردوودا لە هەموو ئەوروپا و ئاسیا و ئەفریقادا دەژیان، بەڵام لە ئێستادا تەنیا لە چەند ناوچەیەکی کەمی ئاسیا و ئەفریقادا هەن هەموو جۆرەکانی لە ئێستادا مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، هەندێکیان یەک قۆچیان هەیە و جۆرەکانی دیکە دوو دانەیان هەیە، لەبەر ئەوەی ئەم قۆچانە لە بواری پزیشکی کلتوریدا بەکاردەهات زۆرینەی یەک قۆچەکان ڕاودەکران، زۆرینەیان تەمەنیان دەگاتە 45 ساڵ و حەزیان لە دوورکەوتنەوەیە لە مرۆڤەکان، باوەڕ وایە کە ئاژەڵێکی مەترسیدارە بەڵام لە ڕاستیدا هەندێک جۆریان هێمنن و ئەوانی دیکەش لە کاتی هەستکردن بە مەترسی هێرش دەکات بەڵام بە بێ ئەوەی بیبینێت چونکە هەستی بینینی لاوازە، بە گشتی بە ڕۆژدا پشوو دەدەن و لە شەو و بەرەبەیاندا چالاک دەبن.
=KTML_Bold=شێوەی دەرەوەی=KTML_End=
پێستێکی زۆر ئەستووری هەیە 1.5-5 سم دەبێت، و ڕەنگەکەی لەنێوان قاوەیی و ڕەساسیدایە، پێستە ئەستوورەکەی هەستیارە بۆیە کەرکەدەنەکان خۆیان دەشارنەوە لەنێو قوڕاودا بۆ خۆپاراستن لە تیشی خۆر و لە پێوەدانەکانی مێرووەکان و بۆ فێنککردنەوەش، قاچەکانی کورت و پتەون و لە هەر قاچێکیدا سێ پەنجەی هەیە، هەستی بینینی لاوازە بەڵام هەستەکانی بیستن و بۆنکردنی زۆر بەهێزن، لە بەشی پێشەوەی دەمیدا هیچ ددانی نییە و لە کاتی ئاسایی بەکارهێنانی گوێیەکانی دانەیەکیان بەرەو پێش و ئەوی دیکە بەرەو دوا ئاڕاستە دەکات، بەڵام لە کاتی سەرنجدانی دەنگێکی دیاریکراودا هەردووکیان بە ئاڕاستەی دەنگەکە دەبن، قەبارە و کێشی زۆر گەورەیە بەڵام جەستەی نەرمە و پتەو نییە، درێژترینیان کەرکەدەنی ڕەشە کە نزیکەی 1.3م دەبێت، هەروەها خێرایی کەرکەدەنەکان لە کاتژمێرێکدا دەگاتە 45 کم.
=KTML_Bold=خۆراک=KTML_End=
کەرکەدەنەکان تەنیا ڕووەک دەخۆن، جۆری ڕووەکەکانیش بە گوێرەی جۆرەکانی کەرکەدەنەکان دەگۆڕێت چونکە هەر جۆرێکیان لمۆزی جیایە لە جۆرێکی دیکە، بۆ نموونە کەرکەدەنی ڕەشی تاک قۆچ درەختی بەرز و دەوەنەکان دەخوات، چونکە لێوە گەورەکانی یارمەتیی دەدەن لە گەشتن بە گەڵا و میوەکان لە بەرزاییەوە، لە کاتێکدا کەرکەدەنی سپی گژوگیا دەخوات، چونکە لمۆزێکی تەختی هەیە ڕێگەی دەدات دەمی لە زەوی نزیک بکاتەوە.
=KTML_Bold=زۆربوون=KTML_End=
هەموو 2 ساڵ و نیوێک بۆ پێنج ساڵ مێینەی کەرکەدەنەکان بێچوویان دەبێت، ماوەی سکپڕییەکەی 15-16 مانگ دەخایەنێت و بە گشتی یەک بێچوو یان دوانەیەکی دەبێت، بێچووەکەی کە لەدایک دەبێت قەبارە و کێشێکی گەورەی هەیە کە 40-64 کگم دەبێت، لەگەڵ گەشتنی بە تەمەنی سێ ساڵی دەتوانێت بە تەنیا بژی و دەگاتە قۆناغی پێگەیشتن بەڵام لە سەرەتای لە دایکبوونیدا ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە بەهۆی ڕاوکردنیان لەلایەن تیمساح و
شێرشێر و کەمتیار و نێرینەی کەرکەدەنی دیکە.
=KTML_Bold=ژیانکردن=KTML_End=
ژیانکردنی کەرکەدەنەکان لە ڕێگەی دیاریکردنی هەرێمی بچووکەوە دەبێت، یەک نێرینەی بەهێز جڵەوی دەکات لەگەڵ دوو هاوەڵی نێرینەی دیکە، هەموویان ڕێز لە سنووری یەک دەگرن و نایبەزێنن تەنیا بۆ وشک بوونەوە نەبێت یان بۆ بەدەستهێنانی سەرچاوەی ئاوی کە دەستنەکەوێت، هەر نێرینەیەک سنوورەکەی خۆی دیاریدەکات بە میز و پیساییەکەی و لە ئەگەری بەزاندنی سنوورەکەی هەتا مردن بەرگری لێدەکات، شەڕکردنەکەش بە بەکارهێنانی قۆچەکانیان دەبێت، مێینەکان بۆ سنوورەکان میانڕەوترن مەوداکانیان فراوانترە و بەزاندنیش لەلایەن مێینەی دیکەوە ئاساییە، فراوانییەکەی بە ڕادەیەکە کە هاوتایە بە چەندین هەرێمی نێرینەکان، هەروەها بۆ پەیوەندیکردن کەرکەدەنەکان کۆمەڵێک دەنگی نزم بەکار دەهێنن بۆ دەربڕینی توڕەیی و ترس یان بانگکردنی کەرکەدەنی دیکە.
=KTML_Bold=جۆرەکانی کەرکەدەن=KTML_End=
کەرکەدەنی ڕەش: لە ئەفریقا دەژی، کێشی لەنێوان 8000-1350 کگم دەبێت، جۆرێکی شەرمنە و ڕەنگی ڕەساسیە.
کەرکەدەنی سپی: لە ئەفریقادا دەژی، لە ڕەشەکان هێمنترە و بە پێچەوانەی ناوەکەیەوە ڕەنگەکەی ڕەساسییە نەک سپی، کێشی لەنێوان 1800-2700 کگم دەبێت.
کەرکەدەنی هیندی: لە هیندستان دەژی و بە دیاریکراوی تەنیا لە یەک هەرێمی، کێشی لەنێوان 1800-2700 کگم دەبێت.
کەرکەدەنی جاوە یان کەرکەدەنی زەرد: لە تیرەی کەرکەدەنە دەگمەنەکانە و لە هەموو جۆرەکانی دیکە مەترسی لە ناوچوونی زیاترە، کێشی لەنێوان 900-3200 کگم دەبێت، مێینەکان دوو قۆچیان هەیە بەڵام نێرینەکان تەنیا دانەیەکیان هەیە، و لە ئێستادا تەنیا 50 دانەی ماوەتەوە.
کەرکەدەنی سومتەرە: لە ئیندۆنووسیا و مالیزیا دەژین، کێشی لەنێوان 600-950 کگم دەبێت، بەرزییەکەی 2.7-3.8م دەبێت، ئەم جۆرەش تەنیا 100 دانەیان ماوەتەوە و قۆچەکەشی هاوشێوەی کەرکەدەنە سپییەکانە. [1]