سوپای ئیسرائیل دەڵێت: ژنێکی ئێزدیی تەمەن 21 ساڵیان لە بارمتەیی لە غەززە ڕزگارکردووە و بۆ ئێراقیان ناردووەتەوە. ڕاوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی ئێراقیش دەڵێت: یەکەم جار لە ڕێگەی شاشەی تۆڕی میدیایی ڕووداو، سەرەداوی ئەو کچەیان دەستکەوتووە.
ڕۆژی پێنجشەممە #03-10-2024# سوپای ئیسرائیل لە ئێکس ڕایگەیاند: دوای زیاتر لە 10 ساڵ دەستبەسەریی لە غەززە، ژنێکی ئێزدیی 21 ساڵ کە لەلایەن تیرۆریستێکی (حەماس)ی سەربە #داعش# بە بارمتە گیرابوو، ڕزگارکرا و بۆ خێزانەکەی خۆی لە ئێراق گەڕێنرایەوە.
سوپای ئیسرائیل هەروەها بڵاویکردەوە: لە ئۆپەراسیۆنێک کە لەلایەن هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل و کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە ئۆرشەلیم و چەندین لایەنی دیکەی نێودەوڵەتی ڕێکخرابوو، فەوزییە ئەمین سیدۆ لە بارمتەیی ڕزگارکرا و ڕەوانەی لای خێزانەکەی لە ئێراق کرایەوە.
فەوزییە لە تەمەنی 11 ساڵی لەلایەن داعشەوە ڕفێنراوە و بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل بە تیرۆریستێکی حەماس لە غەززە فرۆشراوە. دوای ئەوەی چەکدارەکەی حەماس لە هێرشێکی ئیسرائیل دەکوژرێت، ژنەکە خۆی لە حەشارگەیەک دەشارێتەوە و دواتر لە ئۆپەراسیۆنێکی نهێنی ڕزگاردەکرێت.
سوپای ئیسرائیل وتی: ئەمە بەڵگە و دەرخەری ئەوەیە پەیوەندیی لەنێوان حەماس و داعشدا هەبووە. ئێمە بەردەوام دەبین لە داماڵینی ڕێکخراوی تیرۆریستیی حەماس-داعش لە چەک و ڕزگارکردنی هەموو بارمتەکان.
سەراب ئیلیاس، بەڕێوەبەری گشتیی ڕزگاربووانی ژنانی ئێزدی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی ئێراق، بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، فەوزییە لای چەکدارێکی داعشی خەڵکی کەرتی غەززەی فەڵەستین بووە. چەکدارەکە کوژراوە، چوار ساڵ دەبێت دایکی چەکدارە کوژراوەکە فەوزییەی لەگەڵ خۆی بردبووە کەرتی غەززە.
دکتۆر خەلەف
شنگالشنگالی، ڕاوێژکاری محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی ئێراق بۆ کاروباری ئێزدی بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی گوت: یەکەم جار لە ڕێگەی شاشەی تۆڕی میدیایی ڕووداو، سەرەداوی ئەو کچە ڕفێنراوە ئێزدییەمان لە کەرتی غەززە دەستکەوت، کاتێک لە شاشەی ڕووداو دەرکەوت و باسی لەوە کرد کە ئێزدییە و لە غەززەیە.
بەڕێوەبەری گشتیی ڕزگاربووانی ژنانی ئێزدی دەڵێت: دوای دەستکەوتنی زانیاریی گرنگ، شوێنەکەیان لە کەرتی غەززە دۆزیوەتەوە، توانراوە لە ڕێگەی ئوردن بگەڕێندرێتەوە و دوێنێ چوارشەممە پێشوازییان لێکردووە و ڕادەستی کەسوکارەکەی کراوەتەوە و ئێستا لە شنگالە.
بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی دەڵێت: فەوزییە برابووە کەرتی غەززە، برایەکی چەکدارە کوژراوەکەی داعش، لەخۆی مارە کردبوو، کردبوویە ژنی خۆی. [1]