دێت و ڕادەبرێ وەکو سەروی ڕەوان من چ بکەم؟
کە بەقوربانی نەکەم ڕووحی ڕەوان من چ بکەم؟
قەدی ئەو شۆخە وەکو دووخ و خەدەنگە ئەفسووس
پشتەکەم کۆمە وەکو ماڵی کەوان من چ بکەم؟
تازە هەنگاوی شلم کوانێ دەبێ بۆ شەوڕاو
جوانە زۆر جوانە بەڵێ ڕەوتی کەوان من چ بکەم؟
زەبری ئاوزەنگی بڕا و شل بووە دەستی جڵەوم
دێ دەنا پڕمەیی بۆر و بدەوان من چ بکەم؟
ژوانی خۆشی هەڕەتی لاوەتی دێتە خەونم
کاتی ئاویلکە دەگەڵ زیندەخەوان من چ بکەم؟
شەو هەتا ڕۆژێ لەبەر ئێشی لەشم ناڵەم دێ
دێتە گوێم دەنگی «گەلۆ» و «نیوەشەو»ان من چ بکەم؟
بارگەیان تێکەوە پێچا و بەڕێ بوون یاران
لەدنێ وا بەتەنێ پاشی ئەوان من چ بکەم؟
ژیانی من ئێستە وەکو خۆری دەمی زەردەپەڕە
پێم نەما تین و گوڕ و هێز و تەوان من چ بکەم؟
سروە هات خونچە گوڵی باخی ئەدەب پشکووتن
باخەوانی گەرەکە تازە جەوان من چ بکەم؟
ئاو نەبوو ئەو دەمی هێمن مەلەوانی کورد بوو
ئاو شوکر زۆرە وەرن زوو مەلەوان من چ بکەم
هۆزانەوان: #هێمن موکریانی#
سەرچاوە: #بارگەی یاران# [1]