کاکە گیان لاوی کوردی شۆخ و شەنگ
تا کەنگێ دەبی وا بێ هەست و دەنگ
دیلی، ژێر دەستی، ئەسیری، تا کەی؟
ڕووتی، نەداری، فەقیری، تا کەی؟
لە ژێر زنجیر و کۆتا دەناڵی
مەگەر دێوانەی، شێتی، عەوداڵی؟
تێفکرە خەڵکی هەموو ئازادە
هەر تۆ خەمناکی هەموو کەس شادە
وەرە مەیدانێ لە ڕێی نیشتمان
بکە قوربانی سەر و ماڵ و گیان
کوڕ:
دێدە گیان کچی کوردی ژیکەڵە
داوێنی پاکت دووربێ لە پەڵە
لینین ڕاپەڕی ماڵی چار شێوا
تۆ هێشتا حەپسی لە ژێر چارشێوا
کچی هەموو کەس ئیمڕۆ سەربەستە
هەر هەقی کچی کوردە پێ پەستە
بپسێنە لە پێ تۆ زنجیر و کۆت
دێدە گیان بدە یاری برای خۆت
لە گوێن ژاندارک هەستە وەک مەردان
دوژمن وەدەر نێ لە خاکی کوردان
هۆزانەوان: #هێمن موکریانی#
دیوان: #تاریک و ڕوون# [1]