نیوەشەوە، دنیا خامۆش
دێتە گوێم ئاهەنگێکی خۆش
ئاهەنگێکی گیان پەروەرە
شادی هێنە، خەفەت بەرە
ئاهەنگێکی دڵنەوازە
تارە؟ یۆڵۆنە؟ یا سازە؟
نا... نا... ئاهەنگی بلوێرە
جا وەرە گوێی بۆ ڕادێرە
هەزار خۆزگەم بەخۆت شوانە
کە بەو مانگەشەوە جوانە
دانیشتووی لە ڕژد و هەڵدێر
پەنجە دەبزێوی لە بلوێر
دەگەڵ تەبیعەت هاودەمی
شادی، بەکەیفی، بێ خەمی
ئاغاش بەنۆکەر ناگری
وەک من لە داخا نامری
وەرە شوانە هەموو شەوێ
نیوەشەوێ، کاتی خەوێ
لەو کێو و نواڵە زەنوێرە
تێ تووڕێنە لەو بلوێرە
لەسەر ترۆپکی ئەو کێوە
پەنجە لە بلوێر ببزێوە
با کێوەکە دەنگ داتەوە
شاعیریش خەو بیباتەوە
هۆزانەوان: #هێمن موکریانی#
دیوان: #تاریک و ڕوون# [1]