قەت لە دنیادا نەبوو بێجگە لە ناخۆشی بەشم
مات و داماو و پەشێو و بێکەس و چارەڕەشم
سەردەمێک ئاوارە بووم و ماوەیێکیش دەسبەسەر
نەمدی ڕووی ئاسوودەیی، هەر تووشی گێرە و قەڕقەشم
دابی کوردی وایە، کەس لاگیری لێقەوماو نییە
بۆچی سەرکۆنەی بکەم لێم زیزە یاری مەهوەشم؟
تیغی بێمەیلی و جەفای ئەو نازەنینە دڵڕەقە
جەرگی لەت کردم بەجارێک ئەنجنیویە سینەشم
کوشتمی و شەش خانی ئوممێدی لە من گرتن حەریف
مۆرە هەڵداوێم و بێهوودە بەهیوای دووشەشم
نابینی زەردە لەسەر لێوی کەسێ لەم شارەدا
گەر خەم و دەردی دڵی خۆمیان بەسەردا دابەشم
خۆشەویستی گۆشەکەی تەنیایی هەر ئەژنۆکەمە
بۆیە ڕۆژ و شەو وەها گرتوومەتە نێو باوەشم
نایەڵێ دوژمن بە ڕەنگە زەردەکەی من پێکەنێ
تا دەمی مردن ئەمن مەمنوونی فرمێسکی گەشم
شاعیرێکی ڕاست و یەکڕووم و فیداکار و نەبەز
کوردە موحتاجی محەک نیم زێڕی بێ غەللوغەشم
هۆزانەوان: #هێمن موکریانی#
دیوان: #تاریک و ڕوون#. [1]