گێژەڵووکەی بەسام و توندی خەزان
کە پەلاماری دایە باخ و ڕەزان
دەشکێنێ نەمامی شلک و تەڕ
گوڵی بۆنخۆش و تەڕ دەکا پەڕپەڕ
ئەو گوڵەی باخی پێ دەڕازاوە
داخەکەم ئێستە هەڵپرووکاوە
هەروەها دەستی بێ بەزەی تەقدیر
نایەڵێ چووک و گەورە جوان و پیر
تازەلاوان لە خوێن دەگەوزێنێ
جەرگی دایکی هەژار دەبرژێنێ
زەبری توندی زەمانی بەدکردار
شاری کردینە شاری پڕ ئازار
هەرچی دەیبینی دەس بەئەژنۆیە
لە هەموو لاوە شین و ڕۆڕۆیە
بزە نابینی تۆ لەسەر لێوێ
چاوە فرمێسکی خوێن دەپاڵێوێ
سەربەقوڕ، مل بەکوینە گەورە و چووک
خەنە شۆرایەوە لە پەنجەی بووک
مەرگی ئەو سێ جەوانە بێ مرادە
ماتەمی خستە ئەو مەهابادە
گەرچی «یوسف» ئەسیری بەندی گڵە
ئێستە لەو «میسرە» هەر عەزیزی دڵە
گەرچی بۆخۆی خرایە چاڵی گۆڕ
شوێنەواری بەنرخی ماوە لە گۆڕ
خزمەتی خەڵکی زۆر بوو ئەو لاوە
جا چلۆن دادەمێنێ لەولاوە؟
گەر «سولەیمان» نەما لە کۆڕی خەبات
نەگەیشتووە بەئارەزوو و ئاوات
زیندووە تا ئەبەد لەناو خەڵکی
چونکە بۆ کۆمەڵێک هەبوو کەڵکی
خزمەتی عیلمی کردە پیشەی خۆی
خوێندەوار کۆڕی شین دەبەستن بۆی
ڕەنگە شاگردی کوردی وریا و ژیر
دەرسی ئەو لاوەیان بمێنێ لە بیر
کاکە «داوود» ئەگەر لە ڕێی ژیانا
گیانی شیرین و پاکی خۆی دانا
فێری کردین دەبێ لە کارکردن
نەبەزین تاکوو سەردەمی مردن
***
یادی دوو پیاوی چاکی زەحمەتکێش
یانی کاکە عەزیز و مام دەروێش
خەڵکی ئەم شارە قەت لەبیر ناکەن
خەڵکی ئەم شارە ئۆگری چاکەن
هۆزانەوان: #هێمن موکریانی#
دیوان: #تاریک و ڕوون# [1]