بە ئامادەبوونی #بافڵ تاڵەبانی# سەرۆکی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# و بە درووشمی کۆتایی پێ دەهێنین چوارەمین کەرنەڤاڵی ناساندنی کاندیدانی لیستی 129ی یەکێتی لە گەرمیان بەڕێوەدەچێت.
بافڵ تاڵەبانی لە کەرنەڤاڵەکەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە #08-10-2024#، کاتژمێر 4 لە #کەلار# و بە دیاریکراوی لە یاریگای شێروانە (مەلعەبە کۆنەکە) دەست پێ دەکات، پەیامێک ئاڕاستەی گەرمیانییەکان و تەواوی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات.
لە ڕۆژی دەستپێکردنی بانگەشەوە کە #25-09-2024# بوو، لیستی 129ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی سێ کەرنەڤاڵی بۆ ناساندنی کاندیدەکانی ئەنجامداوە لە #سلێمانی#، #هەڵەبجە# و #کۆیە#، ئەمڕۆش چوارەمین کەرنەڤاڵ لە کەلار ئەنجام دەدات.
پێشتر بافڵ تاڵەبانی لە کەرنەڤاڵەکاندا ئاماژەی بە کێشە و گیروگرفتەکانی حکومڕانی هەرێمی کوردستان کردووە و دووپاتی کردەوە: کۆتایی بە دەسەڵاتی خۆسەپێن دەهێنین.
کۆتایی پێ دەهێنین درووشمی سەرەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەڕڵەمانی کوردستان کە بڕیارە ڕۆژی #20-10-2024# ئەنجام بدرێت، هەروەها لیستی 129ی یەکێتی بە 172 کاندید بەشداری دەکات کە دابەشبوون بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا، ئەوانیش؛ سلێمانی 72 کاندید، #هەولێر# 64، #دهۆک# 30، هەڵەبجە 6 کاندیدن. [1]