#شێخ جەعفەر# شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# ڕایدەگەیەنێت: سەرۆک و سەرکردایەتی یەکێتی هەوڵی زۆریاندا هاوپەیمانی لەنێوان لایەنە سەرەکییەکانی هەرێمدا درووست بکەن، بۆ ئەوەی بتوانرێت پارێزگاری لە شکۆ و ناوبانگی هەرێم بکرێت، لانی کەم لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بەڵام لایەنی بەرانبەر هەموو ئەو دەستپێشخەرییانەی ڕەتکردەوەو بەوهۆیەشەوە تەواوی دەستکەوتەکانی خستەبەردەم هەڕەشەی لەناوچوون، وتیشی: پێویستە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و بۆ گۆڕینی بارودۆخی نالەباری وڵات بەرەو باشتر، هەمووان کاربکەن بۆ سەرخستنی لیستی 129ی یەکێتی و کاندیدە دڵسۆزەکانی.
ئەم وتانەی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لە میانی کۆبوونەوەیەکی ڕێکخراوەییدا بوو لەگەڵ بەشێکی زۆر لە مامۆستایانی سنووری #سلێمانی# کە د. میران سەرۆکی لیستی یەکێتی لە بازنەی سلێمانی و دابان شەدەڵە و جوتیار نووری و مامۆستا جوامێر ئامادیبوون، تێیدا ڕۆڵی مامۆستایانی بەرزنرخاند لە کۆمەڵگەی کوردەواریی و بەرەوپێشخستنی کەرتی پەروەردە و پێگەیاندنی نەوەیەکی شایستە بۆ ئاییندە و وتی: یەکێتی بەچاوی ڕێز و پێزانینەوە لە ئەرک و ماندووبوونی مامۆستایان دەڕوانێت و بەپێشەنگی کۆمەڵگەیان دەزانێت و هەرچی پێبکرێت بۆ پاڵپشتیکردنیان درێغی ناکات.
ڕۆڵی مامۆستایان لە گۆڕانکارییە سیاسییەکاندا کە بەهۆی پێگە گرنگەکەیانەوە دەتوانن کاریگەریی بەرچاویان هەبێت، هەر بۆیە پێویستە جێ دەستیان دیاربێت لەو گۆڕانکارییە گەورەیەی چاوەڕوان دەکرێت لە شێوازی حوکمڕانی لە هەرێمدا بکرێت، بەئاڕاستەی هەڵبژاردنی پەڕڵەمانێک کە جێی خستنەڕووی داواکارییەکانی خەڵک بێت، لەوێشەوە حکومەتێکی خزمەتگوزاری کارا دابمەزرێت. [1]