شیراز ڕەئوف
بیرمەندێکی دیاری ئێراقی-عەرەبی دەڵێت: دوو پرس لەم ناوچەیەدا پێویستیان بە چارەسەرە تاوەکوو ناوچەکە سەقامگیر بێت ئەوانیش پرسی کورد و پرسی فەڵەستینن. باس لەوەش دەکات کە ئیسرائیل نایەوێت جەنگ کۆتایی بێت و هەوڵ دەدات جەنگ لە باشووری لوبنانەوە بەرەو باکووری ئەو وڵاتە بگوازێتەوە و هاوشێوەی غەززەی لێبکات.
عەبدولحسێن شەعبان، بیرمەندی دیاری ئێراقی-عەرەبی لە بەرنامەی ڕووداوی ئەمڕۆدا وتی: ئێستا دۆخی لوبنان لەوپەڕی خراپیدایە و نزیکەی پێنج ملیۆن مرۆڤ لە بەردەم مەترسیدان، ژیان لە بەشێکی بووەتە مەحاڵ و یەک ملیۆن کەس ئاوارە بوون. وتیشی: ئیسرائیل نایەوێت جەنگ تەواو بێت و دەیەوێت لوبنان لە باشوورەوە تاوەکوو باکوور لە جەنگەوە بگلێت و وەکوو غەززە بەتەواوی وێران ببێت کە ئێستا غەززە 85٪ی خاپووربووە و ژیانی تێدا نەماوە.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، ئەو بیرمەندە ئێراقییە باس لە دۆخی ناوچەکە دەکات و پێیوایە بەبێ چارەسەری پرسی کورد و پرسی فەڵەستین دۆخی ناوچەکە سەقامگیر نابێت، هاوکات باس لە کاریگەریی نەبوونی باڵانسی هێز دەکات لە جیهان و نموونە بەوە دەهێنێتەوە ئەگەر یەکێتیی سۆڤێت بمایە دۆخەکە بەمجۆرەی ئێستا نەدەبوو.
دەقی پرسیار و وەڵامی ڕووداو لەگەڵ بعەبدولحسێن شەعبان:
ڕووداو: تۆ لە بەیرووتەوە هاتوویت لە لوبنان، گرنگیپێدانی جیهان ئێستا لە ڕاستیدا لە غەززەوە گوازراوەتەوە بۆ لوبنان، دۆخی ئێستای بەیرووت چۆنە لەڕووی ژیانەوە؟
عەبدولحسێن شەعبان: دوای ئەو جەنگە وێرانکارییەی ڕووبەڕووی غەززە بووەوە لە ماوەی ساڵێکدا، جەنگە وێرانکەرەکە گوازرایەوە بۆ لوبنان بۆ بەرفراوانکردنی بازنەی جەنگ، ئامانجی ئیسرائیل و سەرۆکوەزیران نەتەنیاهوو بە دیاریکراوی فراوانکردنی بازنەی جەنگە، تاوکو جەنگ نەوەستێت، هەر بۆیە لوبنان ئێستا لە خراپترین دۆخدایە، یەکەم چەند ناوچەیەک بەتەواوی خاپوور کراون لە بەیرووت، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس ئاوارە بوون لە ناوخۆ و دەرەوەی لوبنان، ژیان بەتەواوی شێوێنراوە بە هەموو مانایەک، خزمەتگوزاری تەندرووستی پەکخراوە.
پڕۆسەی خوێندن بەتەواوی وەستاوە، سەرەتایترین پێداویستییەکانی ژیان نەماون، کارەبا، ئاو، سووتەمەنی، خۆراک، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم جەنگە کراوەیە، کراوەیە لە زۆر ڕووەوە بەبێ ڕاوەستان، هاوکات هەوڵ هەیە بۆ ڕاکێشانی بەرەو باکووری لوبنان، واتا لە باشووری لوبنانەوە بۆ باکوور، مەبەستم فەڵەستینە، بە واتایەکی دیکە چوار ملیۆن و نیو مرۆڤ لە لوبنان ئێستا لە مەترسییەکی گەورەدا دەژین، چیتر ناوچە کەناراوەکان بەتەنیا لەژێر هەڕەشەدا نین بەڵکوو هێرشە مووشەکییەکان و بەئامانجگرتنە ئیسرائیلییە دوژمنکارانەکان ناوچەکانی دیکەی گرتووەتەوە لە لوبنان و ڕەنگە بەرفراوان بێت بۆ پانتاییەکی بەرفراوانتر.
ڕووداو: تۆ ڕووداوەکانی ناوچەکە دەبینیت، چۆن ئاشنابین بەوەی ئێستا ڕوودەدات، ئایا ئێمە لەنێو ڕووداوگەلێکی لێکچووین لەگەڵ ئەوانەی کە ڕوویاندا ساڵی 1967 لە سەدەی ڕابردوو 1973، ئایا ئەم جەنگە جەنگی عەرەب -ئیسرائیلە، جەنگی مەزهەبی -ئیسرائیلییە، جەنگی ئیسلام و جووە، ئەم جەنگە چییە؟
عەبدولحسێن شەعبان: کرۆکی دوژمنکاریی یەک شتە، بوونی ئیسرائیل لە ناوچەکە لە ساڵی 1948ەوە بووەتە ڕووبەرێک بۆ دوژمنکاری، ڕووبەرێک بۆ پشێوی بەهەمان شێوە و پێگەیەک بۆ بەرفراوانبوون لەسەر حسابی دراوسێیەکانی تەنانەت دوای بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان 181ی ساڵی 1947 کە بەهۆیەوە ئیسرائیل درووستکرا لە ساڵی 1948، جەنگی 1967 جەنگ بوو لەنێوان دەوڵەتان، بەرەکانی جەنگ کراوە بوون جەنگێکی کلاسیکی بوو پێکدادان و هێرش و بەرگری و بەئامانجگرتن و جیابوونەوەی هێزەکان بوو، جەنگی 1973 بە هەمانشێوە جەنگێک بوو لەنێوان وڵاتان ئەوە جەنگە سەرەکیترین خاڵ بوو بۆ دەستڕێژی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان ساڵی 1982، لەم جەنگەدا ئیسرائیل دەستدێژیی کردەسەر غەززە بەتەواوی، دانیشتووانی ناوچەکەی ڕاگواستووە بەرەو ڕەفەح بەرەو باشوور، وێرانکارییەکی تەواوی ئەنجامداوە و تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 150 هەزار کەس شەهید و برینداربوون جگە لەوەی کە ژیان مەحاڵ بووە لە گەورەترین بەش کە 85٪ی هەموو غەززە ژیان بووەتە مەحاڵ، دەیەوێت ئەو ئەزموونە بگوازێتەوە بۆ لوبنان هێرشکردن، لەشکرکێشییەکی دیاریکراو، بەڵام هێرشە موشەکییەکان و بۆردوومانە ئاسمانییەکان لە ڕێگەی درۆن و فڕۆکەی جەنگییەوە لە ڕێگەی کوشتنی چەند کەسایەتییەک و لەنێویشیاندا بەڕێز حەسەن نەسروڵڵا، کە کەسێکی سیمبوولی بوو بەلای زۆرێک لە بزووتنەوە بەرەنگاریخوازەکانی لوبنان و عەرەبی و تەنانەت بیانییەوە، ئەم بابەتە توندوتیژییەکانی زیاتر کرد کە ڕوویدا و ڕوودەدات لە لوبنان، هەر بۆیە ئەم جەنگە دوژمنکارییە بە هەموو مانایەک و بنەما یاساییەکان، هاوکات جەنگێکی وێرانکارە بەپێی پێوەرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە جەنگی غەززەی بە جەنگی وێرانکاری و کۆمەڵکوژی داناوە، ئێستا بەلای لوبنانییەکانەوە جەنگێکی وێرانکەرە هەر بۆیە وڵاتێکی وەکوو فەرەنسا داوای ڕاگرتنی ئەو وڵاتانەی کردووە کە چەک دەبەخشن بە ئیسرائیل و داوای کردووە ڕابوەستن لە فرۆشتن و گواستنەوەی چەک بۆ ئیسرائیل، چونکە ئەو جەنگەی کە لە لوبنان بەرپابووە چەند هەفتەیەکە زۆر نزیکە لەو جەنگە وێرانکارییەی کە لە غەززە هەیە.
ڕووداو: ئێستا تەنیا یەک یازیزان لە گۆڕەپانەکەدا نییە بەڵکوو زۆرن، بەڵام بەبۆچوونی تۆ ئەو هۆکارە چییە کە لە پشتی بەردەوامی ناسەقامگیرییەوەیە لە ناوچەکە بە گشتی؟
عەبدولحسێن شەعبان: ناسەقامگیریی ناوچەکە لەمڕۆوە دەستیپێنەکردووە، لە ساڵی 1948ەوە دۆخی ناسەقامگیریی دەستی پێ کرد، دەرکردنی فەڵەستییەکان و پەسەندنەکردنی بڕیاری گەڕانەوەیان ژمارە 197ی ساڵی 1948 و 1949، پابەندنەبوونی ئیسرائیل تەنانەت بە مەرجەکانی ئاگربەست کە لەگەڵیدا واژۆکرابوو و هەوڵدان بۆ بەرفراوانکردن و ڕاکێشانی ئاوی خاکی فەڵەستین بۆ ناوچەکانی خۆی، بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانی داگیرکردن و ڕاوەدونان، بوونیادنانی کۆمەڵگە جوولەکەنشینەکان، ئەم ڕووبەڕە یان ئەم پێگەیە بۆ بەرفراوانکردنی جەنگ و بۆ دوژمنکاریی هێشتا بەردەوامە و بووتە هۆکاری ئەوەی ناوچەکە لە دۆخێکی نائارامدا بژی، بەڵام ئەمە تەنیا نییە ئەم دۆخە پاڵی بە وڵاتانی عەرەبییەوە ناوە ببنە سەربازگە، پاڵی پێوەناون بەرەو خۆپڕچەککردن و ڕاگرتنی گەشەپێدان و پەکخستنی گەشەپێدان، پاڵی پێوەناون بەرەو ڕاگرتنی هەموو چاکسازییەک بە پاساوی ئەوەی دوژمن لە دەرگە دەدات هەر بۆیە لەبری پێشکەوتنی شارستانییانە کە پێشتر هەبوون لە میسر و سووریا و ئێراق لە ساڵانی سییەکان و چلەکان و پەنجاکان گۆڕا بۆ دۆخی نائاسایی و حکومەتەکان بوونە سەربازیی و دیکتاتۆری لە وڵاتەکانیان و گەشەپێدان پەکخرا.
لەپاڵ ئەوەشدا دەمارگیریی گەشەی کرد لەو وڵاتانە لەژێر ناونیشانی جیاوازدا، دەمارگیریی لەنێوخۆی وڵاتانی عەرەبی لە بەرانبەر دەمارگیریی ئیسرائیل، بەشێک لە هێزەکان خۆیان خستە گۆشەی داخراو بە پاساوی بەرگریی لە نیشتمان دژی ئیسرائیل و دژی دوژمنکارییەکانی ئیسرائیل، ئەم دەمارگیرییە کە بۆ پارێزگاریی و خۆسەلماندن بوو سەرێکێشا بۆ تاکڕەوی، تاکڕەویش کاتێک لە بیرکردنەوە وە دەگۆڕێت بۆ کردار دەبێتە هۆی تووندوتیژیی، توندوتیژییش ئەگەر بە هەڕەمەکی ئەنجامدرا دەبێتە تیرۆر بەتایبەت ئەگەر لە سنوورەکان پەڕییەوە و متمانەبوونی دەوڵەت بەخۆی دەکاتە ئامانج و متمانەی کۆمەڵگە و هاووڵاتییان بە دەوڵەت لاواز دەکات و کۆمەڵگەی مەدەنیش لاواز دەبێت، هەر بۆیە ئەم بابەتانە دەبێتە هۆی بەریەککەوتنی بەرژەوەندییە هەرێمییەکان.
ئێرانمان هەیە کە بەهەمان شێوە پڕۆژەی خۆی هەیە، پڕۆژەیەکی نەتەوەیی ئایدۆلۆژی لەشیوەی تائیفی، هاوکات پڕۆژەی تورکیامان هەیە پڕۆژەیەکی عوسمانی ئایدۆلۆژی نەتەوەیی بە ئامانجێکی تائیفی بە هەمانشێوە، ئەم پڕۆژانە هەموویان بەریەک دەکەون لە خاکی ئێراق، لە خاکی عەرەبدا بۆ درووستکردنی دۆخێکی ناسەقامگیر، لەپاڵ ئەوەشدا خاڵێکی دیکە هەیە کە زۆر گرینگە، وڵاتانی خۆراوا لە مێژە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ دەستبەسەرداگرتنی سامانی ناوچەکە و سەرقاڵکردنی گەلەکانیان بە کێشە و پێکدادانی ناوخۆیی ڕۆڵیان هەبووە و هەیە لە زیانگەیاندن بە ناوچەکە و دابەشکردن و لەبەریەک هەڵوەشاندنی و گۆڕینیان بۆ ئەمارەتی بچووکبچووک تاوەکوو هەموویان ببنە کەمینە و لەنێویشیاندا کەمینەیەکی بەهێزتر هەبێت لەڕووی زانستی و تەکنەلۆژیا و لەلایەن خۆراواوە پاڵپشتی دەکرێت و ناوی ئیسرائیلە، کیسینجەر لە ساڵی 1975 وتی 'پێویستە ئەمارەتێک درووست بکەین لە پشتی هەر کێڵگەیەکی نەوتەوە' کە ئەوە هەمان پڕۆژەی بێرنارد لویس بوو لە ساڵی 1979 کە کۆنگرێس پاڵپشتی لێکرد لە ساڵی 1983 لە دانیشتنێکی نهێنی کە وڵاتانی ئەم ناوچەیە پێویستە دابەشبکرێن بەسەر 41 قەوارەدا هیچ کەسێک خۆی نابوێرێت لە هەنگاوەکانی دابەشکردن نە لەگەڵ ئەوانەی هاوسۆزی خۆراوان و نە ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن دژی خۆراوان و ئەوانەشی هەوڵ دەدەن کێشە لەگەڵ وڵاتانی خۆراوا درووستبکەن بەشێکن لەو دابەشکارییە..
ڕووداو: ڕۆڵی وڵاتان لەسەر دۆخی ئێستای ناوچەکە چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
عەبدولحسێن شەعبان: لە ڕاستیدا ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەمریکا بەگوێرەی لێدوانەکانی، هاوبەشی ئەو کارەیە کە ئیسرائیل لە غەززە کردوویەتی و دەیکات، بە پاساوی بەرگری لەخۆکرن. بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی و ماددەی 51یش لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمە نە بەسەر ئەوە جێبەجێ دەبێت کە ئیسرائیل دەیکات لە جەنگی لەناوبردن لە دژی گەلی عەرەبی فەڵەستینی لە غەززە و نە دژی گەلی لوبنان و نە کارە بەئامانجکردەکانی دیکەش، ئەمە یەکەم. دووەم، ئەوەی کە هەموو ئەو هۆکار و ئامرازانە بۆ ئیسرائیل دابین دەکات کە یارمەتیی دەدات بۆ بەردەوامی دوژمنکارییەکەی. سێیەم، تەنانەت لەڕووی سیاسی و دیپلۆماسیشەوە کاتێک لێدوان دەدەیت و دەتەوێت ئەم جەنگە بوەستێت بە مەرج و بە گەڕاندنەوەی دیل و ڕفێنراوەکان و ئەوانی دیکە، ئەوا ئەو پشتڕاستی دەکات کاتێک تێڕوانینی ئیسرائیل لەئەستۆ دەگرێت. ئەمریکا بەگوێرەی بەرپرسیاتێتییەکی وەکوو دەوڵەتێکی ئەندامی هەمیشەیی لە ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی دەبوو بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدات لە ڕێگەی ئەنجوومەنی ئاساییشەوە، بە دەرکردنی بڕیارێکی یەکلاکەرەوە کە ئەگەر ئیسرائیل جێبەجێی نەکات ئەوا بەندی حەوتەمی لەسەر جێبەجێ دەکرێت، واتە ماددەکانی لە 39وە بۆ 42 لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان. بەداخەوە ئەو ئەم هەڵوێستەی نەبووە، لەگەڵیشیدا بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنساش لە سەرەتاوە هەرچەندە لە دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان هەڵوێستی فەڕەنسا گۆڕا. هەروەها وڵاتانی وەکوو ئیتاڵیا و وڵاتانی دیکە، بەم واتایە سەرۆکی ئەو وڵاتانە حەجیان کرد بۆ تەلئەڤیڤ، هەر لە بایدنەوە و بۆ ئوستن وەزیری بەرگریی، هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هەموویان دوای ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا حەجیان بۆ تەلئەڤیڤ کرد بۆ دەربڕینی هاوسۆزی و پاڵپشتی بۆ ئیسرائیل و هاندانی بۆ ئەوەی کە ئەنجامیدا و ئەنجانی دەدات لە غەززە.
بۆیە پێم وایە ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەکوو جاران بووایە، ئەگەر جۆرێک لە باڵانس و هاوسەنگی هەبووایە، ئەگەر وایدابنێین یەکێتیی سۆڤییەتی پێشوو هەبووایە، ئەوەی ئەمڕۆ بەسەر فەلەستینی و عەرەبدا هات ڕووینەدەدا. عەرەب، هەروەها ژمارەیەک حکومەتی عەرەبی دەیانویست پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا درووست بکەن، بەم واتایە ئەوان دوورکەوتنەوە لە پاڵپشتیکردنی فەڵەستینییەکان بۆ بیرکردنەوە لە درووستکردنی پەیوەندیی دووقوڵی لەگەڵ ئیسرائیل. بابەتە ئێستا پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە، عەرەب هەموویان لەژێر هەڕەشەی بەئامانجکردندان، نەک تەنیا عەرەب، بەڵکوو ناوچەکە بە هەمووی بەئامانجکراوە، ئیسرائیل پەل دەهاوێژێت و کەس ناتوانێت جڵەوی بکات بە ئەمریکاشەوە کە باوکی ڕۆحیەتی لە ناوچەکەدا، نایەوێت ئیسرائیل جڵەو بکرێت و دەیەوێت پڕۆسەی لەناوبردنەکە تەواو بکات و پڕۆژەکەی تەواو بکات لەوەی کە ڕایگەیاند و سەرەڕای تێپەڕبوونی ئەم ماوەیەش هێشتا ئیسرائیل بەو ئامانجە گەورانەی نەگەیشتووە کە ڕایگەیاندووە، نە مقاوەمە کۆتایی هات و نە توانی مەرجەکانی بسەپێنێت و نە گەلی عەرەبی فەلەستینی یان گەلی لوبنان خۆیان ڕادەست کرد، دیلەکانیشی نەگەڕاندەوە کە ئامانجێکی تەواوکاری ئامانجە بنەڕەتییەکانە، نە توانی ژێرخانی ئەم ڕێکخراوانە هەڵبوەشێنێتەوە کە ناویان دەنێت تیرۆریستی چونکە گەلی فەلەستین گەلێکە بەرگری لە نیشمان و خاک و مافی بڕیاردان لە چارەنووسی دەکات وڵاتانی ئەم ناوچەیە دوو پرسی سەرەکییان هەیە کە تێیدا دەژین، پرسی کورد و پرسی فەلەستین، پرسی کورد دێرین و هەمیشەییە لە وڵاتانی ناوچەکە، ئەگەر دان بە مافی بڕیاردان لە چارەنووس نەنرێت، ئەم ناوچەکە بەردەوام گیرۆدەی جەنگ و ململانێ و ناکۆکی و ناسەقامگیری نێوخۆیی دەبێت، هەروەها پرسی فەلەستینیش ئەگەر دان نەنرێت بە مافی بڕیاردان لە چارەنووس و درووستکردنی دەوڵەتی نیشتمانیی فەلەستینی کە ژیانی تێدا بکرێت و پایتەختەکەی قودسی شەریف بێت و گەڕانەوەی پەنابەرە فەڵەستینییەکان، ناکرێت ئەم ناوچەیە جۆرێک لە دۆخی سەقامگیری و ئاشتی و پێشکەوتن و پەرەسەندن بەخۆیەوە ببینێت.
ڕووداو: پێتوایە سیاسەت و دیپلۆماسییەت دەتوانێت کۆتایی بە ڕووداوەکانی ئەم ناوچەیە بهێنیت؟
عەبدولحسێن شەعبان: تەنانەت ئەم جەنگە بۆ ماوەیەکی دیکەش بەردەوام بێت، بەڵام دەبێت چارەسەرێکی سیاسی هەبێت، هەموو جەنگەکان بە چارەسەری سیاسی کۆتاییان دێت، تێبینی بکە ئەو جەنگەی کە 30 ساڵ لە ئەوروپا بەردەوام بوو، دوای ئەوە پێکەوە گەیشتنە ڕێککەوتنی وێستڤالیا لە ساڵی 1648، ئەم ڕێککەوتنە پەیوەندییەکانی لەنێوان ئیمارەت و قەوارە و فیدراڵییە ئەوروپییەکان ڕێکخستن و بڕیاریدا کە لە ئاشتیدا بژین و هەموویان دان بە سەرەوەری ئەوانی دیکەدا بنێن و مافیان لە پێڕەوکردنی سرووتە ئایینییەکان و ڕێگریکردن لە ناکۆکییە ئایینییەکان، هەروەها تێپەڕبوونی کاڵاکان بەئاسانی بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنانەی ڕوو دەدەن بە گوێرەی هەلومەرجە ئابووریی و بازرگانییەکان، پاش وێستڤالیا دەوڵەتی ناسیۆنالیستی لە ئەوروپا درووستبوو لەگەڵ دەرکەوتنی سەرمایەداری لەو ئەوروپایەی کە هەستی گشتیی تێیدا بووە ئەو پێشکەوتنە مێژووییەی کە لەسەر ئاستی جیهانیدا ڕوویدا. دەبێت چارەسەری سیاسی هەبێت، بەڵام چارەسەری سیاسی پێویستی بە هاوسەنگی هێز هەیە، باڵانس ئۆف پاوەر، ئێستا ئەم هاوسەنگییە نییە، فەلەستینییەکان یان لوبنانییەکان یان ئەوانەی بەرهەڵستکاری دەکەن بە تەنیان، لە کاتێکدا ئەمریکا و وڵاتانی گەورە لەگەڵ ئیسرائیلدان، دەبێت ویژانی جیهانیی بجووڵێت، لە ڕاستیشدا جووڵا، مانگرتنی گەورە لە 62 زانکۆی ئەمریکیدا ڕوویدا، هەروەها لە ژمارەیەک لە زانکۆکانی ئەوروپا، ئێستا هەڵسانەوەیەک هەیە یان پێشڤەچوونێک لە هەڵوێستی هەندێک لە جووەکانیش لە ئەوروپا و ئەمریکا لە دژی کارە دوژمنکارەکانی ئیسرائیل، هەروەها بەشێک لە ڕای گشتیش هەیە لەناو ئیسرائیل ئێستا لە دژی سیاسەتە دوژمنکارانەکەی نەتانیاهوو دەوەستێتەوە، ئەمەش پێویستی بە پاڵپشتی نێودەوڵەتی و عەرەبیش هەیە بەشێوەیەکی سەرەکی، چونکە بۆ یەکەم جارە کە ڕای گشتی عەرەبی لە ئاستی پێویستدا نەبوو و ئەمەش بابەتێکی جێی خەم و داخە لە کاتێکدا ئەمریکای لاتین یان هەندێک وڵاتی ئەفریقیا و ئاسیا لەگەڵ چەندین شاری ئەوروپی پێشڕەوی ناڕەزایی دەربڕین بوون لە دژی ئەوەی ئیسرائیل لە غەززە کردی و ئەوەی ئێستا لە لوبنان دەیکات.
ڕووداو: بۆچوونێک هەیە لەناو هەندێک لە ڕۆشنبیرانی عەرەب، تۆ باسی ئەوەت کرد کە مەترسی لەسەر هەموو وڵاتانی عەرەبیدا هەیە، بەڵام گرووپێکیش هەن کە دەڵێن ئەوەی ڕوودەدات جەنگێکە لەنێوان ئێران و باڵەکانی لە ناوچەکەدا لەگەڵ ئیسرائیلدا، بۆیە عەرەب چ پەیوەندییەکی بەمەوە هەیە، سەرکردەکانی عەرەب ڕەزامەند نەبوون و گڵۆپی سەوزیان هەڵنەکرد بۆ دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر ئیسرائیل، بۆیە بۆچی عەرەب بەرپرسیارییەتی ئەوە هەڵبگرێت کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدات؟
عەبدولحسێن شەعبان: بەشێکی ئەم قسەیە درووستە، بەشێکیشی هەڵەیە، بە بەڵگەی ئەوەی ئیسرائیل پێش هەبوونی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران دوژمنکاری و هێرشی دەستپێکردووە. لە ساڵی 1948 لەسەر حیسابی بڕیاری بەشکردن فراوان بووەوە، لە ساڵی 1952 یاسای ناسنامەی دەرکرد و فەلەستنییەکانی کردە دەرەوە و لە شوێنی ئەوان پەنابەرەکانی دانا کە لە هەموو سووچێکی جیهانەوە هاتبوون تاوەکوو ئەوان ببنە هاووڵاتی و خاوەنە ڕەسەنەکانی زەوییەکان بوونە پەنابەر. لە ساڵی 1967 ئیسرائیل جەنگێکی لە دژی وڵاتانی عەرەبی هەڵگیرساند بە هاوکاری لەگەڵ ئەڵمانیا و فەرەنسا.. ببوورە لە ساڵی 1956 هێرشی ئەنگلۆ فەرەنسی ئیسرائیلی بۆ سەر میسر لە پاش بەنیشتمانیکردنی کەناڵی سوێس، لە ساڵی 1967 جەنگی لە دژی وڵاتانی عەرەبی هەڵگیرساند، لە ساڵی 1973 دیسان چووە جەنگەوە، لە ساڵی 1982 لوبنانی داگیرکرد، ئێران لەو کاتەدا باڵی نەبوو بەو واتایەی کە فەرمووت، شوێنکەوتە و لایەنگر و هاندەری نەبوو، یان ئەوانەی هاوبەشین لەگەڵیدا لە وەلائ بۆ هەمان بەها و تێگەیشتن و ئەو مەبدەئانەی بڕوای پێیەتی.
ئەمە لە لایەک، لەلایەکی دیکە فەڵەستین هێشتا داگیرکراوە و گەلی فەڵەستین بە ئیرادەی خۆی نەگەیشتووە لە بڕیاردان لە چارەنووسی، ئەمە هۆکارێکی بابەتییە ئیتر ئێران هەبێت یان نەبێت ئەم هۆکارە وا دەکات بەرهەڵستکاری هەبێت، پێشموانییە هیچ گەلێک کە ڕووبەڕووی داگیرکردن ببێتەوە و ڕووبەڕووی داگیرکەران نەبێتەوە بە بەرهەڵستکاری. گەلێکی وا گەلێکی کۆیلە دەبێت نەک گەلێکی ئازاد وەکوو گەلی عەرەبی فەلەستینی یان وەکوو هەموو گەلانی ناوچەکە و گەلی کورد و گەلانی ناوچەکانی دیکە. ئەمە لایەنێک.. لایەنێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە کە ئیسرائیل دوژمنکاری بەردەوام ئەنجام دەدات، ئەو کاتە ئێراق نەچووە ململانێ لەگەڵیدا بەڵام ساڵی 1981 بنکە ئەتۆمییەکانی ئێراقی بۆدوومان کرد لە کاتێکدا ئێراق سەرقاڵی جەنگی ئێراق -ئێران بوو بۆ نموونە. چەندین زانای ئێراقی و عەرەبی کوشت هەروەها لە وڵاتانی ناوچەکە، ئیسرائیل ڕۆڵی پۆلیس لە ناوچەکەدا دەبینێت، تیرۆر ئەنجام دەدات بە کوشتن کە ڕۆژانە دەیکات لەژێر ناونیشانی بەرگری لەخۆکردن کە هیچ بنەمایەکی لە یاسای نێودەوڵەتیدا نییە، من لێرە لە گۆشەی یاساییشەوە قسە دەکەم. بۆیە ئێران ئەمە بەکاردێنێت بە ڕاگەیاندنی هەڵوێستی بەرانبەر ئیسرائیل و ئیسرائیلیش مافی گەلی فەڵەستین نادات و هێزە دژەکانی ئیسرائیلیش پاساوێک دەبیننەوە لە جووڵاندنی ئەم لایەنە یان پاڵنان بەم لایەنێکی دیکە یان پاڵپشتی ئەو لایەنە یان هاوکاری لایەنێکی دیکە لە کاتێکدا کە خەبات دژی ئیسرائیل دەکات ئەو خەباتەش لە ڕووی یاساییەوە خەباتێکی ڕەوایە چونکە خەباتێکە لە پێناو هەبوون، لە پێناو مافی بڕیاردان لە چارەنووس و لە پێناو درووستکردنی ئەو قەوارەیەی کە گەلی عەرەبی فەڵەستینی شایەنییەتی، هاوشێوەی گەلانی دیکە.[1]