خەڵکی هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری حکومڕانییان دەوێت و لێپرسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیش دەڵێت: ئەو گۆڕانکاری و چاکسازییە تەنیا بە #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# دەکرێت، بۆیە گرنگە هاووڵاتییان لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ بە لیستی 129ی یەکێتی بدەن.
#شێخ جەعفەر# شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکی ڕێکخراوەییدا لەگەڵ ژمارەیەک کادری یەکێتی ڕایگەید: ئەگەر شەفافییەت هەبووایە کێشەکانمان لەناو خۆماندا چارەسەر بکردایە هەرگیز هەڵبژاردن دوانەدەخراو بارودۆخی هەرێمیش نەدەگەیشتە ئەم دۆخەی کە لە ئێستادا هەیە.
خەڵکی هەرێمی کوردستان بەگشتی لە #زاخۆ# تا #خانەقین# گۆڕانکارییان دەوێت لە حکومڕانی، ئێمەش وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕێز لەو داوایەیان دەگرین و داوایان لێدەکەین دەنگ بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بدەن، چونکە لەم بارودۆخەدا گۆڕانکاری تەنیا بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا: لە کابینەی پێشووتردا بەهۆی ئەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ژمارەیەکی کەم پەڕڵەمانتاری لە پەڕڵەمانی کوردستان هەبوو، نەیدەتوانی وەک پێویست یاساکان لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان تێپەڕێنێت، چونکە لایەنێک کە زۆرینەی پەڕڵەمان بوو، ڕێگر بوون و لە بەرژەوەندی خۆیان یاساکانیان تێدەپەڕاند، بۆیە گرنگە لەم هەڵبژاردنەدا خەڵک دەنگ بدات بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئەوەی زۆرینەی پەڕڵەمان پێکبهێنێت و پۆستی سەرۆکی حکومەتیش بگرێتە دەست، بۆ ئەوەی لەو ڕێگایەوە ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتییان دەستەبەر بکات. [1]