مێژووی جموجوڵە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی #کەرکووک# 02
نووسینی: #شوان خورشید#
شاری کەرکووک یان ناوچەی کەرکووک بەهۆی گرنگی و هەڵکەوتەی جوگرافی و جیۆپۆلتیکییەوە، وەک و ناوچەیەکی ستراتیژی بازرگانی و پیشەسازیەوە، مەڵبەندێکی پڕ لە خێروبەرەکەتی کشتوکاڵی بەهۆی دەشتایی پان و بەرینی و زەویە بە پیت و گونجاوەکەیەوە، هەردەم جێگای تێڕوانین بووە. گرنگی خۆی هەبووە.لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، بۆیە دەبینین جووڵانەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان هەردەم لە هەوڵی ئەوەدا بوونە پێگەیان لە کەرکووک هەبێت، وەک لە بەشی یەکەمدا ئاماژەمان بەژمارەیەک ڕێکخراوی سیاسی و کۆمەڵایەتی دا لە گۆڕەپانی ئەم شارەدا لەم گۆشەیەش دا چەندین ڕێکخراوو یانە و جموجووڵی سیاسی دەخەینە بەر دیدی خوێنەران بە مەبەستی ئاشنا بوونی نەوەی ئەمڕۆمان بە ڕابردوی شاری کەرکووک و سەردەمە زێڕینەکانی کەرکووک.
$٭ لقی کۆمەڵەی ئیتحاد و تەرەقی$
یەکێک بووە لەو کۆمەڵانەی کە دەوری باڵای هەبووە لە ناوچەکەداو لقی لە زۆربەی شارەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپریاتۆریەتی عوسمانی هەبووە.
ئیتحاد و تەرەقی لەو کۆمەڵە نهێنیانە بوو کەداوای چاککردنی دەستووری دەکرد لە دەوڵەتی عوسمانی تا هەموو گەلانی ناو ئیمپریاتوریەتەکە مافە نەتەوەییەکانی خۆیان بەدەست بهێنن، چونکە لە سەردەمێک دا سەری هەڵ داو توانی هەنگاوی تەواو بنێت بەرەو پێشەوە بە جۆرێک وای کرد ساڵی 1908 سوڵتان عەبدولحەمید دەستوور ڕابگرێت، چونکە سوڵتان باوەڕی بە دەستوور نەبوو، پێی وابوو داواکاری گەل مانای کۆتای هێنانی دەوڵەتی عوسمانییە.
پێش ساڵی 1908 کۆمەڵەی ئیتحاد و تەرەقی لەلایەن کۆمەڵێک لە کورد و تورکەوە درووست بوو، بیروکەی درووست بوونەکەی لەلایەن خوێندکارێکی ئەلبانی بەناوی ئیبراهیم تیمو لە خوێندنگەی پزیشکی سەربازی سوڵتانی دەیخوێند درووست بوو بۆ ڕووخانی دەسەڵاتی سوڵتان عەبدولحەمید هاتە ئاراوە تا توانیان لە ساڵی 1909 سوڵتان لا بدەن و لە کۆشکەکەی دەسبەسەری بکەن، و بەپێی دەستوور هەڵبژاردن دەستی پێ کرد، ژمارەی نائیبەکانی کەرکووک 18 نائیب بوون نوێنەرەکانی کەرکووک بریتی بوو لە (محەمەد عەلی فازڵ و ساڵح نەفتچی) ئەمە بووە هۆی ئەوەی دەسەڵات بکەوێتە دەستی لایەنگرانی کۆمەڵەی ئیتحاد و تەرەقیەوە.
ئەم کۆمەڵەیە زۆر لقی لە ئێراق کرایەوە لەوانە لە موسڵ و کەرکووک و شارەکانی تری ژێر قەڵەمڕەوی عوسمانی، مامۆستا مستەفا نەریمان سەبارەت بەکۆمەڵە دەڵێت هەوای سەربەستی و ئازادی ناوچەکەی گرتەوە، مستەفا ئەفەندی ناسراو بە مستەفا ژیری ناوبانگی دەرکردبوو لقێکی لە ئیتحاد و تەرەقی لە شاری کەرکووک کردەوەو دەیان کەسی لە دەور کۆبوونەوە و بڵاوکراوەکانی ڕێکخراوەکەیان لە ئەستەمبوڵەوە بە دەست دەگەیشت.
کۆمەڵەی ئیتحاد و تەرەقی پەیڕەوی ڕێگای ماسۆنیای دەگرتە بەروو لە کاتی کۆبوونە و بۆنەکانی دا مەراسیمی تایبەتیان هەبوو بۆ وەرگرتنی ئەندامە تازەکانیان، تا لە کۆتای دا گرتنە دەستی دەسەڵات کۆمەڵە لە ڕێڕەوی خۆی لای دا و تورکچێتی خۆی ڕاگەیاند و کەوتە لێدان و لەناوبردنی ئەندامانی بە شێوەیەکی نامرۆڤانە تەنانەت بەکار هێنانی هێز لە دژی بەرهەڵست کارەکانی.
$٭ لقی #پارتی دیموکراتی کوردستان#$
لە #16-08-1946# لە کوردستانی باشوور دامەزرا، لە 26ی 1953 کۆبوونەوەیەکی لە شاری کەرکووک ئەنجام دا کەبە کۆبوونەوەی سێیەم بەناوبانگە و ناوی حیزب کرا بە حیزبی دیموکراتی کوردستان-ئێراق و مامۆستا #ئیبراهیم ئەحمەد# کرا بە سکرتێری دەستەی دامەزرێنەر، لە سەرەتای کۆمارییەوە لە ئێراق پارتی پەرەی سەند و ڕۆژنامەی #خەبات#ی لە بەغدا دەرکرد، پارتی لە شاری کەرکووک شانبەشانی حیزبەکانی تر کەوتە چالاکی کردن، سیاسەتی پارتی لە کەرکووک هاوکاری کردنی شیوعی و دیموکراتەکان بوو دژی ئیستیعمار و کۆنەپەرستەکان.
$٭حیزبی کەران$
لە ماوەی نێوان ساڵانی شەستەکان و حەفتاکان، بە ماوەی گەشەکردنی حیزبی کەران دادەنرێت لە کەرکووک و دەوروبەری، گۆڤاری (ئەلعەرەبی)لەبارەی ئەم حیزبەوە دەڵێت: کورد بەناوبانگە کەڕوحێکی خۆشی هەیە، مەیلی بەلای گاڵتە و پێکەنینەوە دەڕوات، تا کار گەیشتۆتە ئەوەی عوسمان محەمەد نادر هەستێت بە درووستکردنی حیزبێک بەناوی حیزبی کەران لە #سلێمانی# لەژێر ناونیشانی (گوێدرێژەکانی جیهان یەکگرن) لقی لە زۆربەی شارەکانی ئێراق کردەوە و هەوڵی دەدا لە جیهانیش لق و پێگە دابمەزرێنن، لە سەرەتادا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک لە دەوری کۆبوونەوە داوای مافی کەریان دەکرد و دژی ئەوانە بوون ئازاری کەر بدەن، لەناو شاری کەرکووک تا ڕادەیەکی باش گەشەی کرد.
$٭کۆمەڵەی هەرەوەزی درووستکردنی خانوبەرە$
ڕۆژنامەی کەرکووک ژمارە1429ی ڕۆژی 25ی ساڵی 1966 بەم شێوەیە باس لەم کۆمەڵەیە دەکات: کۆمەڵێک لەم بەڕێزانە هەستان بەدرووستکردنی کۆمەڵەیەکی هەرەوەزی درووستکردنی خانوبەرە، کەهەر یەکە لە کەمال محەمەد حەبیب، ئەکبەر شکور، عەونی بیلال دەدە، سوهام یونس و هاوڕێیانی کە نیشتەجێی شاری کەرکووکن لە خوارەوە ئیمزایان کردووە، بە داواکردنی درووستکردنی کۆمەڵەیەکی هەرەوەزی درووستکردنی خانوبەرە بەپێی داواکاریەکە ڕێگەی پێ دراوە لە هەردوو مادەی (10و11)ی یاسای درووستکردنی کۆمەڵەی هەرەوەزی ژمارە (73)لە ساڵی 1959، ئەم کۆمەڵەیە ڕۆڵی گرنگی نەبینیوە لە خزمەتکردنی هاووڵاتییانی شاری کەرکووک بۆیە پاش ماوەیەک لە درووستبوونی هەڵوەشاوەتەوە.
$٭ لقی کۆمەڵەی (جمعیة مکافحة التدرن الرئوي)$
دوای ئەوەی پارێزگاری کەرکووک بە نووسراوی ژمارە (8053)ی ڕۆژی 21-07-1966 ڕێگای بە حسامەدین ساڵەیی و هاوڕێکانی دا بە کردنەوەی ئەم کۆمەڵەیە لە کەرکووک ئەویش بەپێی کارپێکردنی بڕگەی یەکەمی مادەی سیانزەهەمی یاسای کۆمەڵەکانی ژمارە (1)ی ساڵی 1960 هەروەها بنکەی گشتی، ڕەزامەندی خۆی پیشان دا بەکردنەوەی لقی ئەم کۆمەڵەیە لە کەرکووک بە نووسراوی ژمارە (113)ی ڕۆژی 13-04-1960 ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت دوای ڕەزامەندی بنکەی سەرەکی کۆمەڵەی بەغدا پارێزگاری کەرکووک ڕێگەی بە کردنەوەی ئەم کۆمەڵەیە داوە بکرێتەوە لە شاری کەرکووک.
$٭یانەی وەرزشی سۆلاڤ (نادي سولاف الریاضي)$
کۆمەڵێک لە وەرزشەوانی شاری کەرکووک وەک مامۆستا ستار شێخ عەبدوڵڵا، نەجیب ساڵح پیرۆت تاڵەبانی، سەڵاح ساڵح، محەمەد ڕەسوڵ، مەجید کەریم و ژمارەیەکی تر، داواکاریان پێشکەشی #وەزارەتی ناوخۆ# کرد بە مەبەستی کردنەوەی یانەیەکی وەرزشی بەناوی سۆلاڤەوە، لە ژمارە (1979)ی ڕۆژنامەی کەرکووک ڕۆژی 16-10-1969 لەباسی ڕێگەپێدانی یانەکەدا دەنووسێت: وەزیری ناوخۆ ڕێگەی دا بەکردنەوەی ئەم یانەیە لەلایەن بەڕێز عەبدولستار محەمەد ڕەسوڵ و هاوڕێکانی بە کردنەوەی یانەکە بەناوی یانەی وەرزشی سۆلاڤ لە کەرکووک بەپێی نووسراوی ژمارە (1747)ی ڕۆژی 30-07-1969.
ئەم یانەیە ڕۆڵی گرنگی بینی لە شاری کەرکووک و گەلێک چالاکی وەرزشی گرنگی نواند کە تاکوو کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکان بەردەوام بوو، لە کۆتای دا ناوەکەی گۆڕا بۆ نادی (الکرامة الریاضي) گوێزرایەوە بۆ گەڕەکی #ئازادی#.
$٭ لقی (اخویه المحبه) لە کەرکووک$
ئەمە کۆمەڵەیەکی جیهانییە، بنکە سەرەکییەکەی لە ڕۆمایە، ئەرکی خزمەتکردنی جیهانی ئایینی مەسیحیە، لقی ئەم کۆمەڵەیە لە کەرکووک لە نزیک کڵێسەی مەریەمانەیە.
$٭ کۆمەڵەی ڕەحمەی کلدانی$
ئەم کۆمەڵەیەیە بەپێی نووسراوی وەزارەتی ناوخۆی ئێراق بە ژمارە (9680)ی ڕۆژی 05-09-1939 لە شاری کەرکووک دامەزراوە و تا ئێستاش بەردەوامە بۆ خزمەتکردنی کلدانییەکانی کەرکووک لە هەموو لایەنێکەوە.
$٭ کۆمەڵەی ڕەحمەی ئاسووری$
یەکێکە لە کۆمەڵە چالاکەکانی ناو شاری کەرکووک لەلایەن ئاسووریەکانەوە بەڕێوەدەبرێت بۆ خزمەتکردن و باروبۆ کردنی پێکهاتەی ئاسووری لە شاری کەرکووک.
$٭کۆمەڵەی باربووی لێقەوماوانی ئەرمەن (جمعیة تعاونیه محتاجی الارمن)$
بۆ یارمەتیی دان و لێقەوماوانی ئەرمەن ڕێگەی پێدراوە تاکوو ئێستاش بەردەوامە لەکار و چالاکییەکانی.
$٭ کۆمەڵەی مانگی سوور لقی کەرکووک$
لە ساڵانی (1960-1961)وە لە چالاکی خۆی بەردەوامە لەناو شاری کەرکووک و خاوەنی گۆڤارێکی وەرزیە بەهەمان ناوەوە لە خزمەتی کۆمەڵانی شاری کەرکووکە.
$٭ لقی کۆمەڵەی زەردەواڵە$
مێژوو نووسی گەورە #کەمال مەزهەر# لەبارەی ئەم کۆمەڵەیەوە دەڵێت: تۆفیق قەزاز هەستاوە بە دامەزراندنی کۆمەڵەیەکی نهێنی لە ساڵی (1945) بەناوی کۆمەڵەی زەردەواڵە، ویستویانە وەک زەردەواڵە بەو کەسانەوە بدەن کە سەربە میرن، بەڵگەنامەکان دەڵێن پەخشنامەیەکیشیان هەبووە. بەناوی زەردەواڵە، بڵاوبوونەوەی کۆمەڵەی زەردەواڵە لە ناوچەی کەرکووک بڵاو بووە، وەک لەناو شاری کەرکووک و #کفری# و #کەلار#و دووز، لەسەر دەستی شێخ قادر و حەمەئاغا و ئەحمەد تەقی دوای چونەوەیان بۆ کەرکووک بڵاوکردنەوەی بیرۆکەکەیان.
$٭لقی (الجمعیة الکردیة الاصلاحیة)$
ئەم کۆمەڵەیە دوای کودەتایەکەی بەکر سدقی دامەزرا، لە ڕێگای پۆستەوە کارەکانیان ئەنجام دەدا و هاوڵاتانیان بە نامە ئاگادار دەکردەوە کە ئێراق جێ بهێڵن بەپێچەوانەوە چارەنووسیان کوشتنە، لە یەکێک لە نامەکان هاتووە (وا پێویست دەکات کە ئێراق بەجێ بهێڵی لە ماوەی سێ ڕۆژ لە مێژووی ئەم نامەیەوە، گەر وا نەکەیت سزای بە کوشتن دەدرێت ئیمزا الجمعیة الکردیه الاصلاحیه) هەرچەندە ئەندامانی ئەم کۆمەڵەیە لە ناوچەی کەرکووک بڵاوبوونەتەوە، بەڵام چالاکیان دیار نییە.
$٭ لقێکی بچووکی حیزبی شیوعی ئێراق$
بریتی بووە لە دەستەی کوردی حیزبی شیوعی ئێراقی مەلا شەریف ئەربیلی بەڕێوەی دەبرد، ڕۆژنامەیەکیشی بە ناوی ئازادی بە زمانی کوردی دەردەکرد، لقی ئەم حیزبە لە شارەکانی کەرکووک و سلێمانی و #هەولێر# بەشێوەی گرووپی بچوک بچوک کار و چالاکیان ئەنجام ئەدا.
$٭ گرووپی کەرکووک$
لە شەستەکان دا کۆمەڵێک شاعیر و نووسەر و ئەدیبی کوردی شاری کەرکووک گرووپی کەرکووک (جماعە کرکوک)یان دامەزراند، شۆڕشێکی شیعریان بەرپا کرد و، هەوڵی نووسینی پەخشانە شیعری ئێراقیان دەدا جیاواز لە گرووپی شیعری لوبنانی، کە بریتی بوون لە (سەرگۆن پۆلیس، جان ڕەمۆ، جەلیل قیسی ، موئەیەد ڕاوی، سەڵاح فایق، فازڵ عەزاوی، ئەنوەر غەسانی، یوسف حەیدەری، محێدین زەنگەنە، الاب یوسف سعید، قەحتان هورمزی، جەلال وەردە، زوهدی داودی، خاچێک گرابێت ئایدنجیان) ئەم گرووپە هەرچەندە قوتابخانەیەک یان ڕێبازێکی ئەدەبیان پێک نەهێنا، تەنانەت گۆڤارێکیشیان نەبوو، بەهۆی کۆچکردنیان بۆ بەغدا و شارەکانی تر و دەرەوەی وڵات کۆمەڵەکە نەما هەرچەندە جێپەنجەیان دیارە لە هونەر و ئەدەبی کوردی.
$٭ کۆمەڵەی (مدافعة ملیة)$
یەکێکە لەو کۆمەڵانەی لە ساڵانی 1908 لە ناوچەی کەرکووک سەری هەڵدا، هەرچەندە مێژوی دامەزراندنەکەی دیار نییە، ئامانجی کۆمەڵەکە بریتی بوو، لە وشیارکردنەوەی خەڵکی لەنەزانی و ڕزگارکردنی وڵات لە دەردی کۆمەڵایەتی و ئابووری و کشتوکاڵی و زانستی و هونەری و ئەدەبی، کەسە دیارەکانی ئەم کۆمەڵەیە بریتی بوون لە عورفی دیاربەکری، ئەحمەد مەدەنی، هجری دەدە، حسێن جەمال بەگ، مستەفا ساڵح، یەعقوب زادە مستەفا، ئەحمەد ئەفەندی، واعظ مەلا ڕەزا، فەتحوڵا ئەفەندی دکتۆری شارەوانی. کاروباری ئەم کۆمەڵەیە لە ڕێی چوار دەستەوە بەڕێوە دەبران و هەریەکە خاوەنی تایبەتمەندی خۆی بوو، دوو سەرۆکی هەبوو بریتی بوون لە دیار بەکری عورفی و حسێن بەگ ئەفەندی کە گۆڤاری (کوکب المعارف) ناویانی لەسەر لاپەڕەکانی دیاری کردووە.
$٭ گرووپی هونەرمەندانی کەرکووک$
لە ساڵی 1953 لە سێ ئەندام پێک هاتبوون کە هەریەک لە مەحمود ئەلعوبێدی، سدیق ئەحمەد عاشور، سنان سەعید بوون، یەکەمین پێشانگای خۆیان بەناوی (جماعە فنانی کرکوک) لە 1953 لە هۆڵی قوتابخانەی غازی سەرەتایی کردەوە، دوای ئەوە چەندین پێشانگایان لە هۆڵی کتێبخانەی گشتی و (المعهد الثقافي الامریکی) لە کەرکووک کردەوە ڕۆژ دوای ڕۆژ چالاکییەکانیان فراوانتر دەبوون و ئەندامی زیاتر لە هونەرمەندان پەیوەندیان بەم گرووپەوە دەکرد و تا کار گەیشتە ئەوەی چەندین پێشانگا لە دەرەوەی کەرکووک بکەنەوە وەک لە بەغدا و تورکیا.
$٭ کۆمەڵەی یانەی سەرکەوتن$
1930-1963 وەک ناوەندێکی کۆمەڵایەتی زانستی ڕووناکبیری لە سەرەتای سییەکانی سەدەی بیستەم لە شاری بەغدا بەڕێپێدانی وەزارەتی ناوخۆی ئێراق دامەزرا، بە یەکێک لە هەنگاوە گرنگ و زیندوانەی ڕووناکبیران و دەستەی ڕووناکبیری کوردی دادەنرێ، کە هیچ پەیوەندی بە کاری سیاسی و چالاکی سیاسییەوە نەبووە. جگە لە کاری ڕووناکبیری، بەهۆی بەگزادەکانی جافەوە و لە ڕێگەی گەڕانەوەیان لە بەغداوە لە ساڵی 1905 تێکەڵ بوونیان بەناوچەی داوێ و حەفتاغار و شارۆچکەی #داقوق# کۆکردنەوەی بڕێکی باش لە یارمەتیی ئەم بیروکەیە لە کەرکووک و ناوچەی کەرکووک بڵاوبووەوە.
$٭ کۆمەڵەی ئازادی برایەتی کفری$
لەلایەن هەریەک لە ئەمین #ڕواندز#ی و ئیبراهیم ئەدهەم و ڕەئوف جەلالی و شێخ جەمال تاڵەبانی لە کفری دامەزراوە، حەمە جاف، شێخ جەمال تاڵەبانی، موفتی سەعید ئەفەندی، وەستا سالمی خەیات، تۆفیق ئاغای گەڵاڵی، مەلا محێدین زەڵزەڵە، بوونە ئەندامی کۆمەڵەکە.
$٭ بەرەی بەرگری لە کۆمار$
لە سەردەمی تەبەقچلی لەنێوان ساڵانی 1958-1959سەری هەڵدا، داوایان بەڕێگەپێدان بە کارکردن کرد لەو شارەدا، ئەندامەکانی پێک هاتبوون لە کورد و عەرەب و تورکمان، هەوڵیان دەدا بۆ پاراستنی پێکەوە ژیان لە شاری کەرکووک، ئەندامانی کۆمەڵەکە بریتی بوون لە تەحسین ڕەئفەت، موکەڕەم تاڵەبانی، محمەد عیزەت خەیات.
$٭ کۆمەڵەی انصار السلام$
ڕێکخراوێکی سەربە حیزبی شیوعی ئێراقی بووە.لە ساڵی 1949لە بەغدا دامەزرا، لقی لە زۆربەی شارەکانی ئێراق کرایەوە لەوانە لە موسڵ و کەرکووک و سلێمانی، لە ساڵی 1952لقی لە کەرکووک کرایەوە، ئامانجی ڕێکخراوەکە بریتی بوو لەڕێگرتن لەهەڵگیرسانی شەڕ لە جیهان و دژی شەڕی ئەتۆمی بوون لەنێوان ئەمەریکاو یەکێتی سۆڤیەتی جاران، جگە لەوەی دژی لێدانی کۆریای سەروو بوون لەو پێناوەش دا واژۆیەکی زۆریان کۆکردەوە، بۆ هەوڵدان لەبەشداری کردنی کۆنگرە جیهانییەکان کە بۆ ئاشتی دەبەسترێت، هەروەها کاریان دەکرد بۆ پێکەوە ژیانی نەتەوەکان لە بۆنەیەکی ئاشتییانە، ئەم ڕێکخراوە لە شاری کەرکووک گەلێک ئەندامی شیوعی و غەیرە شیوعی لە خۆی گرتبوو، هەوڵیشیان دەدا کیشەی کورد بە ڕێگای ئاشتییانە چارەسەر بکەن، ئەوانەشی کە ڕۆڵیان هەبوو لەم ڕێکخراوە لە شاری کەرکووک بریتی بوون لە مەجید کاکە حاجی مەحمود، عەبدوڵڵا ناوێک، نووری فەقێ، سڵێمان نامیق خەڵکی هەولێر بوو، حەمە ساڵح بەگ ساڵەیی، سەعید عەباس، عەلی شکور، شێخ فاتیح شێخ #جەلال تاڵەبانی#، کاتی ڕووداوەکانی 1959و شەواف لە کەرکووک دەورێکی باڵایان بینیوە دەربارەی ڕووداوەکان.
$٭بەرەی یەکێتی نیشتمانی$
دوای لێدان و دەستدرێژی بۆ سەر میسر لە ساڵی 1956 بیروکەی گەورە درووست بوو بۆ درووستبوونی بەرەی نیشتمانی لەنێو حیزبە ئێراقیەکان دا، یەکێک لەو بەرانە بەرەی یەکێتی نیشتمانی بوو لەنێوان حیزبەکانی الاستقلال، الوطنی الدیموقراتی، البعث العربی، شیوعی نهینی کۆمەڵێک کۆبوونەوەیان ئەنجام دا لەگەڵ دیموکراتییە سەربەخۆییەکانی ئێراق داو لەسەر چەند خاڵێک ڕێک کەوتن وەک و لابردنی نووری سەعید لە دەسەڵات، دەرچون لە حلف بەغدا، ڕێگەدان بە سەربەستی و دیموکراتی لە دەستووری ئێراق، هەڵوەشاندنەوەی بەڕێوەبەری وکارگێڕی عورفی لە ئێراق، جگە لەم بەرەیە ، بەرەیەکی یەکێتی نیشتمانی تر هەبوو لەنێوان حیزبی شیوعی و پارتی دیموکراتی کوردستان، دەوری گەورەیان بینی لە ڕووداوەکانی کەرکووک لەنێوان ساڵانی 1958_1959 دا.
$٭حیزبی #بەعس#ی عەرەبی سۆشیالست$
حیزبی بەعس وەک کۆمەڵەیەکی نهێنی سەرەتا لە سووریا درووست بوو، لە ڕۆشنبیرە نەتەوەخوازەکان، پاشان فراوانتر بوو، لە 4-6ی نیسانی 1947یەکەمین کۆنگرەی بەست بە شێوەی ڕەسمی لە 7ی نیسانی هەمان ساڵ حیزبی بەعسی عەرەبی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا دامەزراو بیروڕاکانی بەناو وڵاتانی عەرەبی دا بڵاو بووە، ئێراقیش یەکێک بوو لەو وڵاتانە وەک شوێنێکی لەبار بۆ گەشەکردن و ڕەگ داکوتانی بیروباوەڕی بەعس، سەرەتای ڕێکخستنەکانی لە ئێراق لە ڕێی ئەو ماموستاو خوێنکارە عەرەبانەوە بوو، یەکەمین شانەی حیزبیش لە ئێراق لە هەمان ساڵدا چەکەرەی کرد، کەرکووکیش یەکێک بوو لە شوێنانەی بەعسییەکان ویستویانەو مەبەستیان بووە. جێگەی خۆیانی لێ بکەنەوە، هەرچەندە نەیانتوانیوە بەئاشکرا چالاکی بکەن، بەڵام وەک نهێنی و لە ڕێی شانە نووستوەکانیانەوە کاری خۆیانکردووە بۆ فراوانکردنی تۆڕی حیزبیان، بۆیە پەیوەندیان بە قەومییەکانی کەرکووک و موسڵەوە کردووە و ڕێکیان خستون، پشگیری تورکمانەکانیان کردون و هانیان داون، چونکە لەو ئان و ساتەدا پارتی و شیوعی لە کەرکووک باڵادەست بوونە، بۆیە بەعسییەکان لە ڕێگای عەرەبە قەومییەکانەوە جموجوڵەکانیان دەست پێ کردووە.
$٭ برایانی موسڵمان (اخوان مسلمین)$
سەرەتای دامەزراندنی دەگەڕێتەوە ساڵی 1927 لە ئیسماعیلیەی میسر لەسەر دەستی حەسەن بەنا، لە 1942 چالاکییەکانیان گەیشتنە ئێراق و موسڵ وەک بنکەی سەرەکی ئەم بزووتنەوەیە، دوای ساڵی 1956بارەگایان لە کەرکووک دامەزراند تا شۆڕشی 1958 بەردەوام بوون، بارەگاکەیان بەرانبەر پردی دووەم، پردی مریشک فرۆشەکان بوو، بەرانبەر باڵەخانەی حەسەن نەجم، ئەوانەی لەو بزووتنەوەیە ڕۆڵیان گێڕا لە کەرکووک بریتی بوو لە ئەحمەد سەید محێدین ئاسنگەر، قابیل شێخ حەسیب تاڵەبانی.
$٭ کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی$
لە 03-06-1971 مۆڵەتی کارکردنی وەرگرت، بارەگای سەرەکی لە گەڕەکی شۆڕیجەی شاری کەرکووک بوو، ستافی دامەزرێنەری بریتی بوو لە: جەمیل جێماو، عەبدولڕەحمان محەمەد عەلی، محەمەد ڕەشید سەید عەلی، عەلی محەمەد مستەفا (عەلاو)، عەلی کەریم (بۆیاچی)، عەزیز سەیدە، سالار ئەحمەد شا محەمەد، نیعمەت خەیات، سەردار محەمەد خورشید، محەمەد حاجی حسێنی، کە کاریان ئاگاداری و کۆکردنەوەی ئەدیب و هونەرمەندان بوو لە دەوری کۆمەڵەو خۆسازدان بوو بۆ کۆنفرانس و هەڵبژاردنی دەستەی تازە بۆ ڕاپەڕاندنی ئیش و کارەکان، بەڵام بەهۆی تێک چونی ڕێکەوتنامەی یانزەی ئازارەوە کۆمەڵە لە کارو چالاکی وەستا.
$٭ کۆمیتەی ئاگر$
سەر بە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانی ڕێکخراوی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# بوو، دوای هەرەسی شۆڕشی کورد لە 1975 لە ڕێکەوتن نامەی جەزائیر، دووبارە ڕێکخستنەوەی چالاکییەکانی هێزی پێشمەرگە لە کەرکووک و چالاکی ڕێکخستنەکانیان گەلێک پۆل و دەستە و جموجووڵ پەیدا بوون لەسەر ئاستی سەربازی و کاری ڕێکخراوەی حیزبی، یەکێک لەو ڕێکخراوانە کۆمیتەی ئاگر بوو، کە دەوری باڵای بینی لە ورەبەخشین بە خەڵک و دووبارە خۆسازدانەوە و خۆڕێکخستن بەرەو بەدیهێنانی مافی گەلی کورد، کە لە کۆمەڵێک خەڵکی قارەمان و چاونەترس پێکهاتبوون، خەباتیان دەکرد بۆوشیارکردنەوە و خۆسازدانەوەی بورکانی شۆڕش، لێپرسراوێتی ئەو کۆمیتەیە گەلێک کەس گرتویانەتە ئەستۆ لە قۆناغی جیاجیادا وەک شەهید سیروان تاڵەبانی، شەهید ئازاد هەوامی، ئەبوو شەهاب و ئەحمەدکرێکارو مامۆستا کاکەڕەش، بەڵام لە ناوەڕاستی مانگی 10ی 1981 کۆمیتەی ئاگر لەلایەن ڕژێمەوە کەوتە بەر پەلامار و زۆر لە ئەندامە چالاکەکانی دەسگیر کران و لە سێدارەدران لەوانە مەلا محێدین، هادی قادر، مامۆستا ڕەشاد، عەبدول مەستور، فاروق عومەر (قەمبور)، جەنگی نەجمەدین، ئەسعەد عەزیز، حەسەن حەمە عەلی، عەبدول قادر بەکر، سیروان محەمەد ئەمین، جەبار ساڵح فەرەج، عەبدولکەریم حەمە عەلی، عەدنان محەمەد ئەمین، فەرهاد محەمەد سەعید، لەتیف محەمەد ئەمین.
$٭ کۆمەڵەی ڕووناکبیری و کۆمەڵایەتی پارێزگای کەرکووک$
ڕێکخراوێکی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی ومرۆڤ دۆستانەی سەربەخۆیەو کەسایەتی مەعنەوی هەیە، یەکەم کۆنگرەی لە هەولێر لە 27-12-1995 تا 29-12-1995 لە هەولێر بەسترا، سەرەتا بارەگاکەی لە هەولێر بوو، دوای پڕۆسەی ئازادی ئێراق بارەگاکەی گەڕایەوە کەرکووک تا ئێستا لە کارو چالاکی بەردەوامە، لقیشی لە کفری و کەلار و #چەمچەماڵ# و دووز هەیە، سێ گۆڤار و ڕۆژنامەیەک دەر ئەچوێنی بەناوەکانی بانەڕۆژ، کەرکووک، المستقبل، ڕۆژنامەیەکیش بەناوی کەرکووکی ئەمڕۆ. ئامانجی ئەم کۆمەڵەیە بریتییە لە: هەوڵدان بۆ پاراستن و گەشەپێدانی کولتووری و فکری و ئەدەبی و هونەری مێژوویی شوێنەواری شارەکە، بڕەودان بە بزووتنەوەی ڕۆشنبیری و هونەری وزانستی و وەرزشی و سڕینەوەی ئاسەواری شۆڤێنیانەی ڕژێمی بەعس، بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاری نەتەوەی و نیشتمانی خەڵکی پارێزگاکە، پتەوکردنی پەیوەندی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و ئابووری نێوان پێکهاتەکانی پارێزگاکە، کارکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانەی تایبەتن بە جیاکردنەوەی یەکە ئیداریەکانی کەرکووک وەک دووز، کفری، کەلار. چەمچەماڵ و گەڕانەوەیان بۆ سنووری ئیدارەی پێشویان، دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان، وەک کێشەی پڕۆسەی ڕاگواستن، ئەنفال، ئاوارەبوون و سڕینەوەی ئاسەوارەکان، ئەمانەو چەندین بابەتی گرنگ لە کارنامەی کۆمەڵەدا هەن کە کاری لەسەر دەکەن ئەگەر دەسەڵاتداران بەهەند وەری گرن بۆ باشکردنی دۆخی کەرکووک و دانیشتووانەکەی بەرهەمی باشی دەبێت لە جێبەجێ کردنیان دا. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=