شەڕی بەیانی لە خێری ئێواران چاترە
وتراویشە: شەڕی سبەینان لە خێری ئێواران باشتره، ئەو ئیدیۆمە پەیوەندی بە کاروباری ژیان و پەیداکردنی بژێوییەوە هەیە، کۆمەڵی کوردەواری لە گزنگ و سپێدە و گەردی بەیانییەوە هەڵساون بۆ ئەنجامدانی کاری کێڵگە و شوانکارەیی خەریکبوون بە ئاودێری و بژار و دۆریخەهەڵدانەوە و چاندن و دروێنە و بەرچنینەوە و لەوەڕاندنی مەڕوماڵات و دۆشین و ئاوکێشان و کاروباری ماڵداری و...تاد، تاوەکوو ئێوارە و خۆراوابوون هەر خەریکبوون، ئەگەر ڕۆژێک درەنگ بکەوتنایە ئەوا یەک دوو کاریان لەو هەموو کارە پێ ئەنجام نادرێ و زیان بەر بەروبوومە کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییەکان دەکەوت بۆیە کورد لە ئەزموونی ژیاندا ئەوەی بۆ دەرکەوتووە کە بەیانی زوو لە خە و هەڵبستێت بەکارەکانی ڕادەگات و ئێواران زوو بخەوێت، ئەوە کراوە بە ئیدیۆم وتراوە: شەڕی بەیانی لە خێری ئێواران چاترە.[1]