شۆی بەکەستەک
کاوڕی بەپشتەک
کوڕی بەپەستەک
هاوشێوەی ئەوە وتراویشە: #وەردی بە کەستەک بەرخی بە پشتەک#، لە ماوەی پایزان و کۆتایی زستانان زەوی شۆی دەبڕدرێت و دەکێڵدرێت بەو زەوییە کێڵدراوە دەوترێت: وەرد، بەکاری کێڵانی ئەو وەردە جارێکیتر دەوترێت: وەردی داییەوە، ئەو وەرد دانەوەیە شۆبڕیینە، بۆ ئەوە وتراوە: شەڕ لە شۆ نەک لە تۆ، زستان زۆرترین بڕی شێ هەڵدەگرێت، تاوەکوو ساڵی ئاییندە باشترین بەرهەم بدات، هەر کشتوکاڵی وشک لەمەوە هاتووە کە لە ئاوهەواوی دەریای ناوەڕاست ئەنجام دەدرێت، لە بەهاراندا کە هێشتا زەوییەکە تەواو چک نەبووە لە ئاودا کە دەکێڵرێت قوڕ شێلە و کەستەکی گەورەگەورە لە کاتی کێڵاندا دەردەکەوێت، بەو کێڵانە دەوترێت: شۆی بەکەستەک، کە ئەو جۆرە شۆبڕینە بەباشترین جۆری شۆبڕین دادەنرێت.
کاوڕی بەپشتەک، بەرخ تەمەنی بگاتە سەرووی شەش مانگییەوە پێی دەوترێت: کاوڕ چ کاوڕەمێ بێت یان کاوڕەنێر، لە دوای هاتنی مانگی خاکەلێوە پلەکانی گەرما بەرەو بەرزبوونەوە دەچن و مەڕ زۆر بەو گەرمایەی قەڵسە و زۆری گەرما دەبێت و کۆڕدەبەستن و خراپ ڕێ دەکەن و ناش لەوەڕێن، ئاژەڵدارەکانیش مەڕەکان بەتەواوی دەبڕنەوە و تەنیا بەرخ و کاوڕەکان نەبێت بۆ ئەوەی نەسووتێن لەبەر تیشکی خۆرەتاوی گەرمی کۆتایی بەهار و هاوینێ بۆیە لەسەر پشتیان وەکوو کڵاوێک قۆپەنێکی گەورە لەخوری دەهێڵنەوە کە پێی دەوترێت: پشتەک، ئەو بەرخ و کاوڕەی پشتەکی هەبێت و لەوەڕ و ئاوی باشیش بخواتەوە تەواو لە گەشە دەکات و قەڵە و دەبێت و پڕ فرۆش دەردەکەوێت، چەرچییەکان ئارەزووی دەکەن بۆ کڕین و فرۆشتن.
کوڕی بەپەستەک، چۆغەک یان پەستەک جۆرە جلوبەرگێکە لە لباد کە لە خوری مەڕوماڵات درووست دەکرا یان موو و تووک و کورکی بزنەمەرەزی، شێوەی کەپەنک و سوخمەی بێ قۆڵە، کوڕی گەنج لە کۆندا کە ئەو پەستەکەی لەبەر دەکرد زۆر جوان و قۆز دەردەکەوت و کەسایەتییەکی جوانی پێ دەبەخشی بۆ هەرسێ حاڵەت کوردەواری وەکوو ستایش وتویەتی: شۆی بەکەستەک کاوڕی بەپشتەک کوڕی بەپەستەک.[1]