لە دوا جەولەی یارییەکانی پاڵەوانێتی بۆکسێنی ئێراق و دوای کێبڕکێیەکی بەهێز #زوبێر ساڵح#ی یاریزانی تیمی بۆکسێنی #یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی# توانی لە ڕکابەرەکەی یاریزانی یانەی (مۆفەقییەی شاری بەغدا) بباتەوە.
ئێوارەی ڕۆژی شەممە #29-06-2024# و لەنێو سەکۆی یارییەکان لە شارۆچکەی #شەقڵاوە#ی سەربە پارێزگەی #هەولێر# یاری کۆتایی پاڵەوانێتی بۆکسێنی ئێراق بۆ ئاستی تازەپێگەیشتووانی کوڕان لەنێوان یاریزانی تیمی بۆکسێنی یانەی پێشمەرگە و مۆفەقییەی بەغدا بەڕێوەچوو، لەو یارییەدا و دوایی ڕکابەریەکی بەهێز لەنێوان هەردوو یاریزان، دواجار زوبێر ساڵحی کوڕە پێشمەرگەکەی شاری ڕۆشنبیران توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و جامی یەکەمی بەرز بکاتەوە.
سەبارەت بەو سەرکەوتنەی یاریزانەکەیان #بڵند مەحمود#ی ڕاهێنەری تیمی بۆکسێنی یانەی وەرزشی پێشمەرگە بۆ پێشمەرگە سپۆرت وتی، سوپاس بۆ خوای گەورە توانیمان دووبارە مێژوو تۆمار بکەین و نازناوی کوڕانی ئێراق بگەڕێنینەوە شاری #سلێمانی# و یانەکەمان، یانەی وەرزشی پێشمەرگە، بڵند وتیشی ئاست بەرزی یاریزانەکەمان پیشاندەری بەهێزتر بوونی پێگەی یاری بۆکسێنە لە شاری سلێمانی و لەنێو یانەی پێشمەرگە و سەرکەوتنمان لە یاری کۆتایشدا ئەوەی سەلماند کە پێشمەرگە بێ ڕکابەرە.
دواجار بڵند مەحمود پیرۆزبایی لە یانەکەی و شاری سلێمانی کردوو وتیشی دوایی ئەو سەرکەوتن و نازناوە زوبێر ساڵحی یاریزانمان توانی ببێتە یاریزانی هەڵبژاردەی بۆکسێنی ئێراق و بەشداری لە پاڵەوانێتی بۆکسێنی ئاسیادا دەکات.[1]