ناونیشانی بابەت: بازرگانانی گەنجینە و شوێنەوار نووسینی بزماری سەردەمی ئورارتی دەشێوێنن
ئامادەکردنی: #ڕۆیا سەردار#
لە نەبوونی میکانیزمێکی گونجاو بۆ پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکان و شوێنە دێرینەکان، تا لە دەستی بازرگانان و ڕاوچییانی گەنجینەکان بپارێزرێن، بەجۆرێک، کە لە چەند مانگی ڕابردوودا، شارەزایان و چالاکوانانی میراتی کولتووری بە یەکەوە هۆشدارییان دەدا سەبارەت بە لەناوچوونی شوێنەوارە مێژووییەکان بەهۆی هەڵکەندنی بێ مۆڵەتەوە.
لە یەکێک لەدوایین حاڵەتەکاندا، وێنە و ڕاپۆرتی لەناوبردنی نووسراوەکانی میخی ئورارتوویی لە شوێنی مێژوویی نەشتبان لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، شارۆچکەی #سەراو# بڵاو کراونەتەوە.
ئەم وێنانە ئەوە دەردەخەن، کە ڕاوچییەکانی گەنجینە و شوێنەوار گۆڕستانێکیان دۆزیوەتەوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی #ئورارتی#، کە کون کون و سەروژێریان کردووە، بەردی وەستاو لەسەرووی گۆڕەکانەوە لە دەستی بازرگانەکان ڕزگاریان نەبووە، بەو هۆیەشەوە نووسراوی میخیش خەریکە لەناو بچێت.
حەیان جەبارزادە، شوێنەوارناس، کە لەم دواییانەدا ڕووپێوییەکی مەیدانی لە شوێنی کۆنی نەشتبان ئەنجام داوە، ئەڵێ سەرەڕای بوونی زۆری قاچاخچی و ڕاوچیی گەنجینەکان، ئەم شوێنە دێرینە بەتەنیا جێهێڵراوە.
ئەو شوێنەوارناسە، کە لەم دواییانەدا ڕووپێوییەکی مەیدانیی لە شوێنی دێرینی شاری نەشتبان ئەنجام داوە، دەڵێت ”بەداخەوە بۆ خراپیی دۆخی ئەم شوێنە دێرینە، کە لە لێواری لەناوچووندایە.“
باسی لەوەش کردووە، بارودۆخی کەشوهەوا لەناوچوونی ئەم کارەی خێراتر کردووە و بووەتە هۆی لەناوچوون و داڕووخان و داتەپینی بەشێکی زۆری ناوچە مێژووییەکان. ئەم شوێنەوارناسە جەختی لەوەش کردووەتەوە، کە نووسراوی مێخی نەشتبان، تەمەنی 2800 ساڵە و شوێنەوارێکی سەردەمی ئورارتییە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم نووسراوە کە ئێستا لەناو چووە، بە یەکێک لە گرنگترین بەڵگەنامە نووسراوەکان لە تەواوی باکووری ڕۆژئاوای ئێران دادەنرێت، کە ئێستا بەشێکی بەتەواوی تێک چووە و فۆڕمی رەسەنی خۆی لەدەست داوە. وێڕای هۆشداریدان لەبارەی دۆخی شوێنە دێرینەکەی نەشتبان، ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، ڕەنگە بەم نزیکانە شوێنەواری ئەو شوێنە بەنرخە و بەڵگەنامە مێژووییە نەمێنێت و بسڕێتەوە.
حەیان جەبارزادە، باسی سەردانی ئەم شوێنە مێژووییە دەکات، کە نزیکەی پێنج ساڵ لەمەوبەر، کە لەو سەردەمەدا نووسراوی میخی ئورارتی لە دۆخێکی باشتردا بووە، بەڵام دوای پێنج ساڵ نیوەی ون بووە و بەشێکی دیکەی خەریکە لەناو دەچێت، ئەو بەردەی، کە نووسراوەکەی لەسەر نووسراوە، خوار بووە و ئەگەری ئەوە هەیە لە هەر ساتێکدا بکەوێت و لەناو بچێت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=