=KTML_Bold=دۆکترینی بارزانی نەمر و بەرز راگرتنی شکۆی نەتەوەیەک=KTML_End=
#سامان سۆرانی#
بەدەر لەوەی بارزانی نەمر لە 16ی ئابی ساڵی 1946 #پارتی دیموکراتی کوردستان#ی دامەزراند و تا کۆچی دوایی سەرۆکایەتی ئەو پارتەی کردووە و دواجار وەکو ئەندازیاری ڕێکەوتننامەی 11ی ئاداری ساڵی 1970 ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی کوردستان دەستەبەرکردووە، دەکرێت بە دڵنیاییەوە بڵێین، بارزانی نەمر باوکی دۆزی کوردە، لە سەردەمی نوێ دامەزرێنەری ئەو دۆزەیە و مێژووی گەلی کوردستان سەرکردیەکی هاوشێوەی بارزانی نەمری بەخۆیەوە نەبینیوە، کە بەو شیوەیەی ئەو پەرۆش بووبێت بۆ دۆزی ڕەوای گەلی کورد.
ئەو پێشووتر لە ساڵی 1919 بەشداری کردووە لە شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید کردووە، دواتر سەرکردایەتی هێزێکی 300 پێشمەرگەی کردووە بۆ هەماهەنگی کردن لەگەڵ شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە کوردستانی باکوور.
ئێمە باس لە سەرکردەیەک دەکەین، کە تەواوی ژیانی خۆی لە پێناو مافی گەلەکەی تەرخان کردووە، سەرکردەیەک کە دژ بە ستەمکاری شۆڕشی بەرپاکردووە و سەرکردایەتی شۆڕشی گەلێکی زوڵملێکراوی کردووە و هیوای بە گەلی خۆی بەخشیوە، بۆ ئەوەی چیا بکات بە هاوڕێی هەمیشەیی خۆی و چیا بکات بە پەناگەیەک بۆ بەرگریکردن لە شکۆمەندی کورد.
ئەو وەکو سەرکردەیەکی ژیری خاوەند ئەزموون لە ڕووی سەربازی، لە کاتی شۆڕشەکانی کورد لە ساڵی 1931 تا 1932 بە مەبەستی بەرگریکردن لە ناوچەکانی دژ بە بارزان ئینگلیز بلیمەتی خۆی سەلماندووە.
لە 22-1-1946 وەکو جەنەڕاڵ و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی کۆماری کوردستان دەستنیشان کراوە.
بارزانی نەمر خاوەندی دۆکترینی خۆی بووە لە خەبات کردن. ئەو بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری بە هیچ شێوەیەک دژی نەتەوەکانی تر شەڕی نەکردووە، باوەڕی تەواوی بە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان نەتەوە و ئایین و ئاینزاکان هەبووە.
خەباتی بارزانی نەمر بۆ نەهێشتنی چەوساندنەوە و پەرواێزخستنی گەلی کوردستان بووە و پێی وابووە، بە دامەزراندنی حکومەتێکی دیموکرات دادپەروەری بەرجەستە دەبێت و هەڵبژاردنێکی ئازادانەی دوور لە فشار و ستەم ، کە مافێکی سروشتی مرۆڤە، بەڕێوەبچێت.
چەک هەڵگرتنی بارزانی نەمر تەنها بۆ خزمەتکردنی میللەتی کورد بووە لە هەموو پارچەکانی کوردستان. ئەو لە مامەڵەکردنی لەگەڵ گرفتە هەرێمییەکان سەری بۆ هیچ هێزێ دانەنواندووە و هەمیشە ئامادەبووە بەسەربەرزییەوە لە پێناو ئازادی گەلەکەی گیانی خۆی بەخت بکات.
هیچ مێژوونووس و ڕۆژهەڵاتناسێکی بیانی نەیتوانیوە باس لە کوردستان بکات، بێ ئەوەی ئاماژەی بە بارزان و مەلا مستەفای بارزان نەکردبێت، کە کانیاوی شۆڕشی کوردایەتی و سەرکردایەتی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی بووە.
بارزانی نەمر هەر لەسەرەتاوە جیاوازی کردووە لە نێوان ڕژێمەکان و گەلان و بەردەوام جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە، کەوا کلیلی چارەسەری بەدەستهێانی ئامانجی گەل دیموکراتیەتە، بۆیە دروشمی دیموکراسی بۆ عیراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستانی مەبەست بوو و هەمیشە پێداگری دەکرد، لەوەی ڕێز لە مافی نەتەوەکان بگیرێت و دانیان پێ بهێنرێت.
ئەو هەڵگری هیوای گەلێک و مێژووی نیشتمانێک و جوگرافیای خاکێکی لەت لەتکراو بوو، دامەزراوەیەکی نەتەوەیی بەرهەم هێنا، کە بنەماکانی بریتی نەبوون لە ئایدیۆلۆژیا و تیۆری و ڕوانگەی هزری پڕ تەم و مژی خەباتی چینایەتی و فەرهەنگی ئۆرستوکراتی، بەڵکو دۆکترینی ئەو پشتی بە بنەما و نەگۆڕە کردارییەکان دەبەست، کە تەژی بوون لە دڵسۆزی بۆ بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نیشتمان.
بارزانی نەمر ڕێزی تایبەتی لە پێکهاتەکان گرتووە و کاری بۆ بەرهەمهێنانی خاڵی هاوبەشی نێوان قوتابخانە هزرییەکانی کردووە. ئەو قوتابخانە هزریانەی، کە گرینگ بوون بۆ خەباتکردن لە پێناو گەل و ئایندە و پاراستنی تایبەتمەندییەکانی تاکی کورد و ڕۆڵگێڕانی لەناو کۆمەڵگە.
بارزانی نەمر تەنها سەرکردەی شۆڕشێ نییە، بەڵکو ئەو مێژوویەکە پڕ لە دانایی و فەلسەفە و ئاکار و ڕەوشتی جوان و پەروەردە، کە شکۆی نەتەوەی کوردی بەرز ڕاگرت.
ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان لە سایەی ئەو دۆکترینە، لە تەنیشت دەسەڵاتی یاسادانان و ئەنجومەنی باڵای دادوەری، خاوەندی دامەزراوەی گرینگی وەکو سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانە و هاوشێوەی دەوڵەت لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ.
لە کۆتاییدا بارزانی نەمر دەفەرموێ: ئەگەر ئێمەئامادەنەبین بۆ قوربانیدان و هاوکاریکردنی یەکتر ، ناتوانین خزمەت بە گەلەکەمان بکەیەنین. پێویستە ئەوە بزانین، سەرکەوتن بە چەک و پارە و تاڵانکردن و زەوتکردنی مافی کەسانی تر دەستەبەرنابێت، بەڵکو بە دڵپاکی و ڕێزگرتن لە یەکتر و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی یەکتر و زیان نەگەیاندن بە یەکتر سەرکەوتوو دەبین. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=