=KTML_Bold=فەلسەفەی ناکۆکی زارەکی لە هەرێمی کوردستان و نەبوونی دیالۆگ=KTML_End=
#سامان سۆرانی#
ماوەی چەند مانگێکە لە میدیاکانی هەرێمی کوردستان گوێبیست و بینەری دەق و وتاری زبر و توندی پڕ لە هەڵچوونین، کە بەرهەمی سیاسەت و کەلتووری ئەو حزب و جووڵە و ڕەوتانەیە، کە لە دەیەکانی ڕابووردوو کادیر و لایەندارانی خۆیان پێ پەروەردە کردووە.
ئەمڕۆ قسەکردن دەربارەی ناکۆکی زارەکی لە نێوان حزبەکانی هەرێمی کوردستان بووە بە ڕاستییەکی تاڵ.
هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی ئەم ناکۆکییە و بەرەنگاربوونەوەی ئەم ڕێبازە سیاسییە نەزۆکە زەروورەتێکی ئەخلاقییە، بۆیە کارکردنی جدی و بەردەوام بۆ گەڕانەوەی متمانە لە نێوان ئەندامانی ئەو حزب و بزاڤانە لەسەر بنەمای چاندنی هزری دیموکراسی و ئاشتی کۆمەڵایەتی و بڵاوکردنەوەی کەلتووری دیالۆگ گرینگ و پێویستە.
گفتوگۆی نێوان لایەنەکان سەرەڕای توندوتیژیی ناوەڕۆکەکانی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێکی مرۆڤایەتی ماوەبەسەرچوو، نەوەک بۆ ئەم سەردەمە، کە سەردەمی کۆمپیوتەر و بەرهەمهێنانی نەرم و کارمەندانی زانیاری و کۆمەڵگای ئینتەرنێتی ڤێرچواڵە.
بابەتەکە ئێستا ئەوە نییە، بزانرێ، کام یەک لەم حزبانە لە ڕابووردوو زیاتر هەوڵی داوە بۆ چەسپاندنی بەهاکانی هاوڵاتیبوون و خۆشەویستی نیشتمان و بەرگریکردن لە قەوارەی کوردستان، بەڵکو پێویستە واز لە پیرۆزکردنی بیرۆکەکان بهێنین، بۆ ئەوەی بتوانین بەشداربین لە دامەزراندنی کەشێکی نوێی بیرکردنەوە، کە بیرکردنەوەی شۆڕشگێڕانەی کۆن و قسەی بریقەدار تێپەڕێنێت، ئەو بیرکردنەوانەی، کە ناتوانن لە ڕووداوەکان و درووستکردنی جیهان تێبگەن.
با لەو دراوە هزریانە گەڕێین، کە لە ناوخۆ ناکۆکی و باری لەناکاو دروست دەکەن و کۆمەڵگە بەرەو شەڕی ناخۆ ڕادەکێشن، تا ناوی چاکسازی و ئازادی نەبێ بە بەدکار و جەللاد و هەموو سنوورەکان و ماف و پیرۆزییەکان پێشێل نەکرێ.
چارەنووسی ململانێ لەپێناو دەسەڵات، بە بەکارهێنانی توندوتیژیی وا لە کۆمەڵگەکەمان دەکات، باجێکی زۆر قورس بدات، خوێنڕشتن و وێرانکاری لێ دەکەوێتەوە، سەرکوتکردن و بەفیڕۆدانی لێ شین دەبێت، هەروەها ناکۆکی ناوخۆیی دروست دەکات، شەڕی گەورە و کۆچی بەکۆمەڵ، تیرۆری مرۆڤ، ڕیشەکێشکردن و ڕاپێچکردنی ئەو کەسانەی لێ دەکەوێتەوە، کە جیاواز بیر دەکەنەوە، بە عەقڵی داخراو و چەقبەستوو.
هەرکەسێک بیر لە چارەنووسی بیردۆزە زیرەکەکان و پڕۆژە فراوانەکان بکاتەوە کە لەسەر ئەفسانەکانی ئازادی و بنەماکانی دادپەروەری و یەکسانی بنیات نراوە، بۆی دەردەکەوێت، کە هەر ئەوانە بوون، کە ڕژێمە فاشیستییەکان و فەناتیسمەکانیان دامەزرانددوە، و ناسنامە داخراوەکان و کۆمەڵگە هەژارەکانیان بەرهەم هێناوە ئەوانە بە بەرهەمەکانیان دەناسرێنەوە.
ئەمڕۆ بونیادنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی لە هەموو کاتێ زیاتر پیویستی بە هاوکاری و هەماهەنگی نێوان حزبەکانی دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵات هەیە، لە پێناو دەستنیشانکردنی قەیرانی ئێستا بە شێوەیەکی زانستی و ورد و وەگەڕخستنی بیرۆکەکان و بەکارهێنانی وزە کردارییەکان بۆ خستنەڕووی چارەسەری بونیادنەر و گونجاو و واقعی و میانڕەو، کە بگونجێت لەگەڵ ئەم دۆخە سیاسییە تایبەتەی کوردستان، تا بگەین بە گەشسەندن و دادپەوەری کۆمەڵایەتی و دەستەبەرکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پاراستنی.
ئەو لایەنانەی، کە بە چاوی تۆمەت دەڕواننە کارەکانی حکومەت و وەکو ڕۆژی قیامەت چاوەڕوانی موحاسەبەکردنی حکومەتن، مەبەستیان چاکسازی نییە، بەڵکو هەوڵ دەدەن نکۆڵی لە سەرجەم لایەنە ئەرێنییەکانی پەیوەست بە دەسەڵاتی یاسادانان و جێ بەجێکردن و داد بکەن، و پەنا بۆ نەیارەکانی هەرێمی کوردستان دەبەن، تا لە ڕێگەی ئامرازەکانی دەسەڵاتی فیدڕاڵ سزای حکومەت و گەلی کوردستان بدەن.
ئەو لایەنانە مەبەستیان کەلێنێکی گەورە بکەوێتە نێو ماڵی کوردستان و جەستەی کوردستان لەت لەت بێت.
پێویستە ئێمە ڕێگربین لەوەی ڕەشەبا و گەردەلوولی دەرەکی بەسەر هەرێمی کوردستان هەڵبکات.
یەکگرتوویی هەرێمی کوردستان بە بنکۆڵی دەمێنێ و ڕووبەڕووی هەڕەشە و تەقینەوە دەبێت، ئەگەر ئێمە هەوڵمان هەر ئەوە بێت، یەکتر تۆمەتبار بکەین و نیازی خیانەتکاریمان هەبێت و لە پێناو بەرژەوەندی دەرەکی لە نێوان خۆماندا دیواری ڕق و کینە بەرز بکەینەوە.
ئەوی ئەمڕۆ پێویستمان پێی هەیە، ئەوەیە، کار بۆ گۆڕینی شێوازەکانی دیدگامان بکەین، میکانیزمەکانی بیرکردنەوە و ڕێساکانی کارکردن و بونیادنانمان بە نموونەی نوێ و عەقڵیەتێکی داهێنەرانە پڕ جەک بکەین، لۆژیکێکی ئاشتیانە و مەدەنی دوولایەنە بەکاربهێنین.
نابێت تا ماندوودەبین هەر خەریکی هەڵکۆڵینی برینی کۆن بین و خۆخۆرانە کار بۆ لاوازبوونمان بکەین و ئەوەش بدۆڕێنین، کە بەدەستمان هێناوە.
پێویستە بە عەقڵێکی بونیادنەری کار بۆ ئایندە بکەین، دەرفەت بڕەخسێنین بۆ نوێکردنەوەی میکانیزمەکان و کەرەستەی گفتوگۆکانمان، تا بتوانین ڕۆڵ بگۆڕین و داهێنان لە ئەرکەکانمان بکەین. ئەوەش ئاشکرایە، کەوا بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێيکانی فیکری و سیاسی و ئاینی و کۆمەڵایەتی هیچ ڕێگەیەکی ترمان نییە، بێجگە لە گفتوگۆ و ڕێزگرتن لە بەها نیشتمانییەکان و لە بۆچوونی ڕای بەرامبەر و پشتبەستن بە عەقڵێکی ڕۆشنگەرایی.
ڕاستە دیموکراسییەت فیرۆدسێکی نزیک نییە، بەڵکو دەرفەتێکی ڕەخساو و ئەگەرێکی کراوەیە، تا بتوانین بە باشترین شێوە لە سایەی ئەو ڕاستی و گۆڕانکارییانە خۆمان بگۆڕین، بەمەرجێ بە زمانی ئیمکان و داهێنان و بە عەقڵێکی کراوە و سازگار مامەڵە بکەین.
با دەستباری ئەو عەقڵیەتە بین، کە کەسانی بەرامبەر بە کەم و سادە و نەزان دادەنێن، بە داخەوە هەندێ لەو کەسانەی، کە خۆیان بە بیرمەند دادەنێن، حوکمی ڕەها دەدەن و هەڵسەنگاندنی گشتگیر دەکەن و دەڵێن ئێمە ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتین، لە کاتێکدا بە کەرەستەی ژەنگاوی ڕابووردوو سەنگەرگیری دەکەن.
جەنابی سەرۆک بارزانی لە دوا پەیامی خۆی ئاماژەی بەوە کرد، کەوا ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ناو هۆڵی پەرلەمان دەمامکی ئەو لایەنانەی داماڵی و ڕووخساری ڕاستەقینەی ئەو لایەنە شۆڤینییانەی دەرخست، کە ڕێز لە بەڵێن و واژۆکانی خۆیان و ڕێز لە دەستور ناگرن و جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، کەوا هەرێمی کوردستان موڵکی گەلی کوردستان و بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەباتی ڕزگاریخواییە و هەرێم هێڵی سوور و هێڵی مەرگە و هەموومان لە پێناوی گیان بەخت دەکەین. بۆیە پێویستە هێزە کوردستانییەکان یەک ڕیز و یەک دەنگ بن و پێکەوە کار بۆ زامنکردنی مافەکانی گەلی کوردستان بکەن و ڕێگە نەدەن، کەسانی زیانبەخش و نەیار قەوارەی هەرێم لاواز بکەن و دامەزراوەکانی تێک بدەن، تا ئەزموونی دیموکراسیەت لە هەرێم سەرنەکەوێت.
ئێمە نیشتمانێکمان ناوێ، لە سەر دیواری ڕق و کینە لەسێدارە بدرێت. ئێمە نیشتمانێکمان ناوێ، کە وەکو پوشی پاییز بشکی، یان وەکو باڵندەیەکی ئازاد لە تاراوگە و دوور لە نیشتمان بمرێ.
جۆن لۆکی فەیلەسوف و بیرمەند و دانای ئینگلیز دەڵێت، ئەگەر بۆ شوێنی بەرزەفڕ بووم، کە لەوانەیە نەتوانم بۆشاییەکەی ژێر خۆم پڕ بکەمەوە، ئەوا کەوتنم لەو شوێنەوە بۆ خوارەوە تۆقێنەر دەبێت و دەنگێکی گەورە دەداتەوە.
لە کۆتاییدا ئێمەش دەڵێین، با پشت بەخۆمان ببەستین و پێکەوە نیشتمان ئاودان بکەین، چونکە ئەو کەسەی پێش نەکەوێت، ئەوە بە دڵنیاییەوە پاشەکشە دەکات. ئەو کەسەی نەتوانێ دۆخی ئێستای خۆی و تایبەتمەندییە سیاسییەکانی بخوێنێتەوە، ئەوا گۆڕانکارییەکان بە پەراوێزخکراوی دەیهێڵنەوە و واقیع تۆڵەی لێ دەکاتەوە.
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End= [1]