=KTML_Bold=بەڵێ متمانەی نێوان گەلی کوردستان و سەرۆکی حکومەت دەبێتە مایەی سەرکەوتنی هەرێم=KTML_End=
#سامان سۆرانی#
کاتێ باس لە ڕێبازی سەرۆکی حکومەت، #مەسرور بارزانی#، دەکەین، دەبینین سەرەڕای ئەو بارودۆخ و ئاڵنگاریانەی، کە پەیوەستە بە هەرێمی کوردستان، وەکو قەوارەیەکی دەستوری دانپێنراو لە ناوچەیەکی جیۆسیاسی پڕ گرژی و ناسەقامگیر، ئێمە باس لە جێگیری ئەو ڕێبازە دەکەین، گرنگ نییە بارودۆخ چۆنە و چۆن دەگۆڕێت.
سەرۆکی حکومەت بەهۆی ئالنگاری و بەربەستەکان لە ڕێبازی خۆی لای نەداوە و لە هەموو بۆنەیەکدا بەدەروام بووە لەسەر پەیوەندیکردنی لەگەڵ سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی، بۆ دڵنیاکردنیان لەوەی، کە ئەو بە پشتبەستن بە هێزی گەل بە ئەرێنی و بە ویستەوە بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێت.
جەختکردنی سەرۆکی حکومەت لە پاڵپشتیکردنی خوێندکاران و هاندانیان بۆ گەیشتن بە ئارەزوو و مەبەستیان، لە پێناو گەشەپێدانی ئاستی زانستییان و دڵنیابوونییان لە ئایندە، بەشێکی دانەبڕاوە لەو ڕێبازەی، کە مەسرور بارزانی لەسەری پەروەردە بووە و باوەڕی پێی هەیە.
بەپێی لۆژیکی ئافراندن و گۆڕانکاری بۆ گۆڕینی واقیع گەلی کوردستان هیچ شتێک بە شێوەی خۆی نامێنێتەوە.
شتەکان گرێدراون بە تواناکان و بە ئەندازەی تواناکانی گەل دەتوانرێ لە ڕووی فیکر و کردارەوە واقیع بگۆڕدرێ، ئەمەش لە ڕێگەی ئەو جیهانە جیاوازانەوە دەبێت، کە هەڵگری هێز و پەیوەندیین، کە زمان و سیمبوڵی خۆیان هەیە و بە ئامراز و کەرەستەی نوێ کارادەبن.
بەهۆی جیهانگیری زانیارییەکان ئەمڕۆ مۆڕکێکی گەردوونییان لەخۆگرتووە و بۆ هەموو کەسێ فەراهەمن، تا پشکداربن لە بەرهەمهێنانی و گواستنەوەی و ئاڵوگۆڕکردنی.
بەو هۆیەوە هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و ئیتر هەرێم لە ڕابووردووی خۆی ناچێت، چ لە ڕووی ئاوەدانکردنەوە و تەلاسازییەوە بێت، یان لە ڕووی هزر و سیاسەتەوە بێت.
ئەم واقیعە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، ئەمڕۆ سیاسەتوانێکی کلاسیک ناتوانێ بە کەرەستە کۆن و ژەنگاوییەکانی ئەرکی خۆی وەکو ڕابووردوو بەجێ بگەیەنێت.
لە سەردەمی فەزای میدیایی و کرداری ڕاگەیاندنی خێرا و بێ سنووری زانیاری گەردوونی و فراوانی بازاری بەجیهانیکراو بۆ داهێنانی نوێ دەرفەتی نوێ هاتۆتە ئاراوە.
مەسرور بارزانی لە پێناو بونیادنانی عەقڵیەتێکی ئایندەساز و بەرپرسانە بە ڕێبازێکی نیشتمانی خاوەند مێژوو و سەروەرییەوە هەوڵ دەدات زمانی ئەگەرە داخراوەکان بشکێنێ. ئەو بەردەوام دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی تەمبەڵی کەلتووری و بیرکردنەوەی چەقبەستوو و کۆنپارێزانە، کە جگە لە پاشەکشە و پاشکۆیەتی و بەفیڕۆدانی سەروەت و سامانی نیشتمان هیچی تر بەرهەم ناهێنن.
سەرکەوتنی ئەم ڕێبازە و گەیشتن بە ئامانجەکان تەنها بە ڕێگەی بەکارهێنانی عەقڵی گەیاندن و هزری فرەیی و پێوەری ئاڵوگۆڕی بەردەوام لەگەڵ هاوڵاتییان و بەکارهێنانی دیدگای ئایندەیی و ئاسۆی هەسارەیی و زمانی ڕەسەن و خاکی و ناسنامەی کراوە دەستەبەر دەکرێت، کە بە خۆشحاڵییەوە سەرۆکی حکومەت هەڵگرێتی.
مەسرور بارزانی خۆی بە خزمەتکاری هەموو گەلی کوردستان دەزانێت و هیچ جیاوازییەک ناکات لە نێوان پارێزگا و ناوچەکان و کەرکوک بە بەشێکی دانەبڕاو لە کوردستان دەزانێت.
ئەو کەسەی هەڵگری درووشمی چاکسازی بنەڕەتی بێت، بە دڵنیاییەوە لای پەیڕەوانی بەرژەوەندی تەسکی کەسی و حزبی و گەندەڵکاران خۆشەویست نابێت، بەڵام لای دڵسۆزان و نیشتمانی و ئەو کەسانەی باوەڕی تەوایان بە ئایندەسازی و دەوڵەتسازی هەیە خۆشەویست و نزیکە.
نزیکبوونەوەی مەسرور بارزانی لە جەماوەر بەمەبەستی تێگەیشنە لە جیهانی تاکەکان، چونکە وەک دەوترێ، پێش ئەوەی بتەوەی جیهان بگۆڕی، پێویستە لێی تێبگەیت.
لۆژیکی دیموکراسیەت گەیشتنە بە پاراستنی ماف و زامنکردنی ئازادییەکان. پەرەپێدان دەرفەت دەڕەخسێنێ بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، کاراکردنی فەلسەفەی هاوڵاتیبوون و زامنکردنی ئازادی ڕادەربڕین، وەکو ئەوەی سەرۆکی حکومەت لە ڕێگەی دیدارە ڕاستەوخۆیەکانی لەگەڵ گەلی کوردستان ئەنجامی دەدات، دەرفەتی زێڕین دەڕەخسێنێ بۆ پەرەپێدان و بەهێزکردنی وزە زیندووەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی.
با گەلی کوردستان هاوکاری سەرۆکی حکومەت بێت لە نەهێشتنی دیناسۆرەکانی گەندەڵی و و چەتەکانی نەهێشتنی سیولە لە بانکەکان و ڕێگران لە جێبەجێکردنی چاکسازی بنەڕەتی.
ئەوەی جەماوەری کوردستانی نیگەران کردووە، بۆتە مایەی نیگەرانی سەرۆکی حکومەت، کە بەرژەروەندی هاوڵاتی بە لەپێشینەی کاری کابینەکەی خۆی زانیوە و شەو و ڕۆژ بێ وچان کاری کردووە لە پێناو سەقامگیری و ئاسایشی ئەم نیشتمانە.
کابینەی نۆیەم بە بەردەوامی دەرگای خۆی واڵاکردووە بۆ گەلی کوردستان بەمەبەستی خزمەتکردنیان وکارکردن بۆ کەمکردنەوەی ئەو ئالنگاریانەی، کە ڕووبەڕووی شار و شارۆچە و شارەدێیەکانی هەرێم دەبنەوە.
لە ماوەی چوارساڵی ڕابووردوو هەرێمی کوردستان بە خۆشحاڵییەوە دەستکەوتی زۆری هەبووە و هەنگاوی گەورە و خێرای ناوە لە بوارەکانی ئاوەدانکردنەوە و پێشکەوتن و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی گەشەپێدان، چ لە کەرتەکانی وەکو پەروەردە و تەندروستی و چاودێری کۆمەڵایەتی بێت، یان لە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی بێت. سەرۆکی حکومەت توانی هاوکێشەیەکی گرنگ بەدەست بهێنێت، کە بریتیە لە پەرەپێدان و نوێکردنەوە، بێ ئەوەی دەستبەرداری پاراستنی ئەو بناغەیە بێت، کە هەرێمی لەسەر دامەزراوە وەکو قەوارەیەکی دەستوری ڕێزلێگیراو لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
پێویستە لەسەر تاکی کوردستانی کار لەسەر ڕێکخستنی نێو ماڵی خۆی بکات و لێ نەگەڕی دەستی دەرەکی تێکدەر پێگەی هەرێم لاواز بکات.
پێویستە تاکی کوردستانی خاک و نیشتمانی خۆی خۆش بوێت و بۆ ئەوەی خۆی بێت، پشت بەخۆی ببەستێت.
چ سوودێکی هەیە، ئەگەر ئێمە کار بۆ دامەزراندنی دیواری ڕق و کینە بکەین و ناسنامەی خۆمان بکەین بە زیندانێکی دۆگماتیکی، یان ناسنامەمان بکەین بە کارگەیەیەک بۆ بەرهەمهێنانی پەرەتەوازەیی و ناکۆکی، لەکاتێکدا ئێمە بە یەکبوون بەهێز دەبین.
لە کۆتاییدا دەوترێ: مێژووی بیرکردنەوەی فەلسەفی ڕەنگدانەوەیەکی ڕاستگۆیانەی پەرەسەندنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتییە و ڕۆحی مرۆڤایەتی له پرۆسەی بەردەوامی خۆیدا بەرز دەبێتەوە.
گرەوەکە بریتییە لە داھێنانی سیاسەتێکی مەعریفی، کە نەخشەی واقیع بگۆڕێت، تا دواتر نەخشەی بیرکردنەوەمان بگۆڕێت. بۆ ئەوەی ئێمە بە هەڵگێڕاوی و بە پێچەوانە بیرنەکەینەوە و بەرەو دواوە هەنگاو نەنێین، دواجار ئەوە متمانەی نێوان گەلی کوردستان و سەرۆکی حکومەتمانە، کە دەبێتە مایەی سەرکەوتنمان.
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End= [1]