=KTML_Bold=ململانێی نێوان هزری تۆتالیتاری و کەلتووری دیموکراسی لە عێراقی فیدراڵ=KTML_End=
#سامان سۆرانی#
فەیلەسوف و بیردۆزی سیاسی ئەڵمانی، هانا ئارێنت (1906-1975)، لە هەردوو کتێبی خۆی بە ناونیشانیشۆڕش و بنچینەکانی تۆتالیتاریزم زۆر بە قووڵی و بە وردی باسی لە شۆرش و تۆتالیتاریزم کردووە.
ئارێنت دەڵێ، کردەوە سیاسییە ڕاستەقینەکان پێویستیان بە پاساو نییە، بەڵام توندوتیژی زۆرجار پێویستی بە پاساو هەیە.
هەروەها دەڵێ، توندوتیژی ناتوانێت لە پێچەوانەی خۆیەوە سەرچاوە بگرێ، کە دەسەڵاتە. بۆ ئەوەی لە توندوتیژی تێبگەین و بزانین چییە، پێویستە لە ڕەگ و سروشتەکەی بکۆڵینەوە.
ڕاستی ناتوانێت تاکلایەنە بێت، ڕاستی شتێکە، ناتوانێ فرەیی و هەمەجۆری و جیاوازی لەخۆنەگرێت. وێنەکان، مۆدێلەکان، شێوازەکان، ڕێگەکان، زمانەکان، میتافۆرەکان، چارەسەرەکان، خوێندنەوەکان، تەنانەت کار و وەبەرهێنان و پلان و ستراتیژەکانیش بە جۆرێ لە جۆرەکان جیاوازن.
ڕاستی شتێک نییە، جگە لە دانپێدانان بە مافی کەسانی تر و دانپێدانانی هاوبەش، چونکە هیچ کەس ناتوانێت بۆچوونی خۆی بەسەر هەمووان بسەپێنێ و بۆچوونی خۆی گشتگیر بکات.
ئەوەی ماوەیەکە لە عێراق درکی پێ دەکرێ و دەبینرێ، ئەوەیە کەوا هێز و لایەن هەیە پڕوپاگەندەی سیاسی بۆ دەوڵەتی تۆتالیتار دەکات.
توانای لەڕادەبەدەری ئەو هێزە دەگەڕێتەوە بۆ بڕینی پەیوەندی خۆی لەگەڵ جەماوەر و جیهانی ڕاستەقینە.
ئەو لایەن و هیزە جیهانێکی خەیاڵی بۆ خۆی درووست کردووە، کە لەگەڵ ئایدیۆلۆژیای تایفەگەری و بیر تەسکی و بەرژەوەندی کەسی سەرکردەکانی هاوسەنگە.
بەو شێوەیە داڕمان، کارەساتەکان، دڕندەییەکان و پێشێلکارییەکان بەردەوامیان هەیە و شەپۆلەکانی توندوتیژی بەرزدەبنەوە، بەرزبوونەوە و ڕوودانی ئەو دیاردانە هەمیشە ئەنجامی کەڵەکەبوونی ئەو شتانەیە، کە لەگەڵ لۆژیک تەبا نین و نامۆن.
بە ڕوودانی ئەو نەهامەتیانە مرۆڤایەتی ڕەگەزپەرستی بەرهەم دەهێنێ و جۆرە دروشم و وتارێ دەخاتە ناو مێشکی تاکەکان و لەناو دامەزراوە و سیستەم و ڕێکخراوەکان بڵاویان دەکاتەوە، کە گەمژەیی و شێتیی و هەڵە و نائومێدیی و پەراوێزخستن و ناشرینیی وەکو باوەڕ بەرهەم دەهێنێ بە مەبەستی تێکدانی کۆمەڵگە و نەمانی ئاشتەوایی و سەقامگیری.
ئەرکی سەرەکی سیاسەتمەدار ئەوەیە، جا هەڵگری هەر مەزهەب و ئایدیۆلۆژیاییەک بێت، سەرەڕای هەبوونی جیاوازییەکان، دان بە یەکسانی مرۆڤەکان بنێت و هەوڵ بدات لە سیاسەتکردنیدا زمانێکی نوێی بدۆزێتەوە، کە لەگەڵ ئەم سەردەمە بگونجێ. چونکە نەبوونی جیاوازی و تایبەتمەندی دەبێتە مایەی هەژاری سیاسەت و داڕمانی سیاسەت.
کەواتە سیاسەت یەکێکە لە بوارە گرنگەکانی بوونی مرۆڤ، لە ڕێگەی سیاسەتەوە دەتوانرێ مانا بە نامۆبوونی بوونی خود و نامۆبوونی کەسانی دیکە بدرێ، ئەمەش لە بنەڕەتدا مانای هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییە.
لە سەردەمی کۆن و لە سەردەمی شۆڕشە لیبراڵییەکاندا مرۆڤایەتی تاڕادەیەک بە بارودۆخی لەبار و ئارام ئاشنا بوو، ئەو کاتانە مانای ڕاستەقینەی سیاسەتی سەری هەڵدا، مانای دیالۆگ و پەیوەندیکردن و دەستاودەستکردنی دەسەڵات، دوور لە بەها نەرێنییەکانی حکومەتە ستەمکار و داپلۆسێنەرەکان.
ئەوەی ئەمڕۆ دەبینرێ، ئەوەیە کەوا بیرکردنەوەی تۆتالیتاری سەرجەم ئەو بەڵگە و پرەنسیپانە بەکاردەهێنێت، کە لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای تایفەگەری دامەزراون، دوور لە واقیع و واقیعبینی.
لێرەدا لۆژیکی بێمانایی زاڵ دەبێت بەسەر لۆژیکی عەقلانییەت، و واقیعی ساختە و خەیاڵیی و دەستکرد جێگای ئەو واقیعە ڕاستەقینەیە دەگرێتەوە، کە لە ڕواڵەتدا بوونی هەیە.
تۆتالیتاری لە بنەمادا هەوڵدەدات سەرچاوەی ئەم ڕاستییە گەورەیە وشک بکات، بۆ ئەوەی ئەگەری ڕێککەوتن لە نێوان هەرێم و عیراقی فیدڕال نەهێڵێت.
ڕژێمە پاوانخواز و ستەمکارەکان بەدرێژایی مێژوو بەردەوام بوون لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان. ئەو ڕژێمانە هەوڵیان داوە گروپە کۆمەڵایەتییەکان لەناوبەرن، بەتایبەتی ئەو گروپە کۆمەڵایەتییانەی بەرهەمهێنەرن و دەسەڵاتی کاریان دەبێتە مایەی لێدانی بەرژەوەندی ئۆلیگارشیی دەسەڵاتدار و خاوەند میلیشیا و پاوانخواز.
چوارچێوەی هەماهەنگی، کە ئەمڕۆ لە لایەن سەرانی وەکو مالکی و عامری و خەزعەلی بەڕێوەدەبرێ، بووە بە تاکە بەرپرس لە ئاسایشی عیراق و ڕاستەوخۆ هەموو دامەزراوە سەربازی و ئەمنی و هەواڵگرییەکانی خستۆتە ژێر دەسەڵاتی خۆی و ئابوری ئەو وڵاتەی قۆرخکردووە.
چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵ دەدات لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئامرازی میانڕەوی سیاسی جیاوازییەکانی کۆمەڵگای عێراقی بسڕێتەوە و ئەگەر پێی بکرێ پێکهاتەکانی عێراق هەڵوەشێنێتەوە و لەناو بۆتەی ئەو هزرەی، کە باوەڕی پێی هەیە بیانتوێنێتەوە، تا پێکهاتەکان ئاراستە و بۆچوونەکانی شیعەگەرایی چوارچێوەی هەماهەنگی پەسەند بکەن، کە لە ناو ئەو لایەنانەی لەژێر ئەو چەترە کۆبوونەتەوە ڕەنگ دەداتەوە.
مەبەست ئەوەیە، بۆ یەکلاکردنەوەی هەر بۆچوونێکی گشتی دەوڵەت و کۆمەڵگە دوابڕیار لای ئەوان بێت.
ڕاستە حزبە کوردستانییەکان بڕیاریان دا بەشدار بن لە پێکهێنانی کابینەی حکومەتی سودانی و مەبەستیان بوو وەکو لایەنی سیاسی هاوبەش و یەکسان پرۆسەی سیاسی لە عیراق بەرەو ئایندەیەکی ئارام سەقامگیر بەرن، بەڵام دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان و ئەزموونی زیندووی حوکمڕانی لە هەرێم و دۆزینەوەی دوژمنێکی وەهمی لەسەر حیسابی مەرجەکانی پەرەپێدان و هاندانی ڕەوڕەوی ئابوری بۆ پێشەوە، بەرهەمی حاڵەتێکی سیاسییە، کە لۆژیکی تۆتالیتاری سەرچاوەیەتی.
سەنگەرگرتنی سیاسی دژ بە هەرێمی کوردستان و کارکردنی بەردەوامی ئەو لایەنانە بۆ دەستێوەردان لە کاروباری هەرێم بەمەبەستی لاوازکردنی و درووستکردنی شێوە پاشکۆیەتی و پاشگەزبوونەوەی لە مافە دەستورییەکانی هەرێم، ئەجیندایەکە، کە هەڵگرانی ئەو هزرە تۆتالیتارە بۆ خزمەتکردنی لایەنی دەرەکی جێ بەجێی دەکەن.
دیارە ئەو هزرە تۆتالیتارە بە ئاشکرا لە لایەن هێزی هەرێمی پاڵپشتی دەکرێ و مەکینە میدیاییەکانی و ئامرازەکانی تری گەیاندن بەکاردەهێنێ بۆ چەواشەکردنی گەلی کوردستان، تا دواجار بتوانێ گەمە بە چارەنووسیان بکات.
ئەو لایەنانە هەرێم بە نەیار و ڕێگر و ئاستەنگ دەبینن لەبەردەم هەنگاونانیان بەرەو دامەزراندنی عیراقێکی ناوەندی مەزهەبگەرا.
ئازادییە دیموکراسییەکان لەسەر بنەمای یەکسانی نێوان هاوڵاتییان و یەکسانی لەبەردەم یاسا و دەستور دادەمەزرێ.
کاتێ ئازادییە دیموکراسییەکان مانا و ئەرکی ئۆرگانیکی ڕاستەقینەی خۆیان بەدەست دەهێنن، ئەگەر هاوڵاتییان سەر بەو مەرجەعە سیاسی و ئەخلاقییە بن، کە دڵسۆزانە نوێنەرایەتییان دەکات و هەڵگری خەبات و تێکۆشانی ڕێبازێکی نەمرە.
کەلتووری دیموکراسی ماف بە گەلی کوردستان دەدات، جیاوازی خۆی لەگەڵ عیراقی عەرەبی و تایفی و پەیڕەوانی شۆڤینییەت بپارێزێ و سەرکردەی خۆی هەبێت.
فرەیی سیاسی گرینگتر نییە لە فرەیی کەلتوری و کۆمەڵایەتی. پێویستە بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی هزری تۆتالیتاری و تاکڕەویی چوارچێوەی هەماهەنگی فەزای لێپێچینەوە و ڕەخنەگرتن فراوانتر بێت.
پێویستە لە چوارچێوەی یاسا و دەستور کار بۆ پاراستنی فرەیی و مافی پێکهاتە جیاجیاکان بکرێ.
ناکرێ دەسەڵاتدار لە عیراق بە پێی کۆشەنیگای ئاینی و مەزهەبی، کە پەیوەندی بە سیاسەتەوە نییە، هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان بکات و بە لووت بەرزییەوە مامەڵە لەگەڵ گەلی کوردستان بکات.
گرێدانی فاکتەری سیاسی بە فاکتەری تایفەگەری و هەڵگرتنی دروشمی ئیسلامی سیاسی خوێندنەوەیەکی هەڵەیە بۆ کارکردن لەسەر ئایندەی ئەو وڵاتە.
ئەوانەی کار بۆ گۆڕینی ماددە دەستورییەکان و شێواندنی مافەکانی گەلی کوردستان دەکەن، کە لەدەستوردا بە ڕوونی دیاریکراوە، کودەتا بەسەر ئەو سیستەمە دیموکراسییە فیدڕالییە دەکەن، کە هەرێمی کوردستانی بە عیراقەوە گرێداوە.
ئەوانە عیراق بەرەو دەوڵەتی مەزهەبگەرای شیعە دەبەن، تا کۆمەڵگەکانی عیراق نەتوانن مومارەسەی دیموکراسیەت بکەن و فەرهەنگ و کەلتوریی دیموکراسی لەناو کۆمەڵگە ڕەنگدانەوە نەبێت.
لە بری ئەوەی کار بۆ هۆنینەوەی پەیوەندییەکان بکرێ لەسەر بنەمای دۆستی و بەرژەوەندی هاوبەش و هاوسەنگ، کە خزمەتی ئاشتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان ئێتنەکان دەکات لە بری ئەوەی پرۆسەی دیموکراسی و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و عیراق بە شیوەیەکی ئاشتیانە و لە ڕێگەی دیالۆگی ئەرێنی بەردەوامی پێ بدرێ، ئەو لایەنانە هەوڵ دەدەن پێگەی هەرێمی کوردستان لاواز بکەن و ئەزموونی هەرێم، کە ئەمڕۆ لانەی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان نەتەوە و ئاینەکانە، لەبار بەرن.
لە کۆتاییدا دەڵێین، ستراتیژی ڕەتکردنەوە و نکۆڵی کردن و دان نەنان بە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان، کە لەدەستور جێگری کراون، جەنگ و ستەمکاری و کوێری و ناسەقامگیری و لێدانی بەرژەوەندییەکانی لێ دەکەوێتەوە.
تۆتالیتاریەتی مەزهەبی ژیان دەکات بە دۆزەخێ، جێگەی دەستەواژەی وەکو جیاوازی و ئاشتەوایی و میانڕەوی و لێکدانەوەی ئەرێنی و پێشکەوتنی تێدا نابێتەوە.
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End= [1]