=KTML_Bold=پاوانخوازی و سەرچاوەکانی کورتهێنانی عەقڵیەتی سیاسی لە عێراق=KTML_End=
#سامان سۆرانی#
ئاشکرایە کەوا دەوڵەتی کارا و سەرکەوتوو بەو ئەندازەیەی، کە کراوەیە بە ڕووی دەرەوە، بە هەموو هێز و توانا و لەسەر ئاستی هەموو دامەزراوەکانی کراوە دەبێ بە ڕووی کۆمەڵگە و پێکهاتە جیاجیاکانی لە ناوەوە، بۆ ئەوەی بتوانێ لەو ڕێگەیەوە هاوکێشەیەکی ئاوێتە درووست بکات لە نێوان هەرێم و فیدڕاڵ، یان لە نێوان ناوخۆ و دەرەوە، بەمەبەستی گۆڕینی ترسی دوولایەنە و گومانی نەرێنی لە یەکتر بۆ فەزایەک و پانتاییەکی گەورەی پێکەوەژیان و ئاڵوگۆڕی بەرهەمهێن.
ئەوانەی ئەمڕۆ لە بەرەی پێشەوەن بۆ بەرگریکردن لە تایفەگەری و مەزهەب و هزری شۆڤینی و ڕەفتاری تۆتالیتاری و بیری باو و سیستەمی خۆسەپاندن و درووشمی بەتاڵ و وتەی ماوەبەسەرچوو بەکاردەهێنن، ناتوانن ئەرکی پێکەوەژیانی هاوبەش لە ئەستۆبگرن.
ئەو لایەنەی مەبەستیە بەو ئەرکە هەڵسێ، پێویستە عەبای ئایدۆلۆژیا گشتگیرەکەی فڕی بدات و دەستبەرداری بیری کودەتاکردن بێت و کار لەسەر تایبەتمەندی خۆی بکات، هەروەها پێویستە هەڵگری ناسنامەی جیهانێکی هاوبەش بێت، کە دەرفەت بە پێکەوەژیان و پەیوەندیکردن بدات، بە شێوەیەکی ئاشتیانە و دوولایەنە، چ لە چوارچێوەی نیشتمان بێت یان لە ناو بازنەی هەرێمی و جیهانی بێت.
هەرێمی کوردستان و حکومەتەکەی نموونەیەکی ئەرێنی چالاک و بەرچاوە لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەک، کە قیبلەنوماکەی ڕووی لە دیموکراسییەت و ئاشتیخوازی کردووە و لە ڕێگەی دەستکەوتەکانی لە بواری ئاوەدانکردنەوە و تۆکمەکردنی بنەماکانی شارستانی سەرکەوتنیکی دیاری تۆمارکردووە.
بۆیە پێویستە لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەکانی شۆڤینییەت و سیاسەتی جیاکاری زیاتر دەمامکی ئەو سەرکردە سیاسییانە هەڵماڵین، کە ئەمڕۆ لە عیراق دان بە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان نانێن و بە چاوێکی سووک تەماشای قوربانیدان و خەباتی گەلی کوردستان دەکەن.
لە کاتێکدا هەر ئەو سەرکردانە کاتێ لەبەردەم میدیاکان ڕادەوەستن باس لە برایەتی کورد و عەرەب و ئیدعای خواناسی و بێفیزی دەکەن.
پاش ئەوەی لە ساڵی 2003 دەمامکی ئاسنین و ژەنگاوی ڕژێمی پێشوو کەوتە خوارەوە گەلی عیراق یەکسەرە ڕووبەڕووی ئالنگاری ناوخۆ بۆوە و زۆرانبازی لە سەر ئیدارەدانی پەیوەندی و ململانێیەکان لەگەڵ هێزە هەرێمی و دەرەکییەکان دەستی پێ کرد، ئینجا هونەری داڕشتنی دەستور تاوتوێکرا، تا بتوانرێ لەو ڕێگەیەوە سیستەمی دەوڵەت کۆنترۆڵ بکرێ و ڕێگری لە هەبوونی دژبەری نێوان ڕێسا و یاسا نزمەکان و ڕێسا یاساییە باڵاکان بکرێ.
لایەنەکانی بەشداربوو لە پرۆسەی سیاسی ڕێکەوتن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی گشتگیر بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسی نیشتمانی، کە باوەڕی بە دیموکراسی و فرەیی بێت، دوور لە تایفەگەری و پشک پشکێن.
واتە دەبوو هەوڵ بدرێ بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی هاوبەشی نیشتمانی، بە درووستکردنی هاوپەیمانێتی سیاسی فراوان، دوور لە سیاسەتی تاکگەرایی و ستەمکاری، تا پێکەوە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەببرێ و ڕێز لە ویستی گەل و پەرلەمان و داد بگیری و ماددەی 140ی دەستور کارا بکرێت، بۆ ئەوەی کوردستانی بوونی کەرکووک بسەلمێنرێ و کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عیراقی فیدڕاڵ چارەسەر بکرێن.
ئەمەش دیارە بە مەبەستی بەهێزکردنی یەکگرتوویی عیراق و پەرەپێدانی مافی نەتەوە جیاجیاکان و چاندنی ئاسایش و سەقامگیری کۆمەڵگەیی و ئابوری بووە.
بەداخەوە عەقڵیەتی هاوبەشی و گفتوگۆ و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی دوولایانە لای هەندێ لایەن، کە سەرکردایەتی پرۆسەی سیاسییان لە عیراقدا دەکرد و دەسەڵاتیان لە بەغدا بەدەستەوە گرتبوو، هێشتا پێ نەگەیشتبوو.
ئەو لایەنانە بە دیاریکراوی کاریان دەکرد بۆ بڵاوکردنەوەی هزری باوەڕنەبوون بە ژیانی دیموکراسی و بە سیستەمی دەستوری.
ئەوەبوو کەوتنە پیلاگێڕی و خۆدزینەوە لە بەڵێنەکان و دووڕووییان نواند. بۆیە لە 22ی تەمووزی ساڵی 2008 لەناو پەرلەمانی عیراق خەریکی کودەتاکردن بوون بەسەر دەستور. تەنانەت هەندێکیان فەرمانی نادەستورییان دەرکرد بۆ سزادانی گەلی کوردستان و ئابلوقەیان خستنە سەر سووتەمەنی، کە لە عیراقەوە هەناردەی هەرێمی کوردستان دەکرا.
هەندێکیان داوایان لە هێزی دەرەکی کرد، فرۆکەی جەنگییان پێ بفرۆشن ، بۆ ئەوەی بەو چەکە دژایەتی هزری نوێخوازی و هاوچەرخبوون لە هەرێمی کوردستان بکەن. خۆشبەختانە ئەو خەونەیان نەهاتە دی، چونکە هەرێمی کوردستان لەوان و لە پیلانەکانیان گەورەتر بوو.
کردارەکانیان و ناپاکی نیازەکانیان بوون بە هۆی درووستبوونی ئەو قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی، کە تا ئێستا لە کەرکوکی کوردستانی بوونی هەیە.
دواتر بە پاڵپشتی ئەو لایەنانە، کە باوەڕیان بە هەژموون و پاوانخوازی هەیە، کار کرا لەسەر بەکارهێنانی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، بەتایبەتی #داعش#، دژ بە هەرێمی کوردستان.
پرسیار ئەوەیە ،ئایا بەکارهێنانی ئەو نموونە سیاسییە ماوەبەسەرچووانە، کە دوورن لە هەستی مرۆڤایەتی قووڵ، چ سوودێکی هەیە؟
هەرێمی کوردستان بەردەوام باوەڕی بە فەرهەنگی دیالۆگ و فرەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە بووە و بە توندی فەلسەفەی پەراوێزخستن و جەنگ دژ بە بەرامبەر و حیسابی سوود و زیان ڕەتدەکاتەوە.
بۆیە پێویستە لەسەر ئەو لایەنەی لە عیراق، کە مەبەستیە گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئەنجام بدات، بۆ مانەوەی لەسەر دەسەڵات، هەنگاوی کرداری بنوێنێ و ڕێکەوتنەکانی پێشوو جێ بەجێ بکات، تا متمانە بگەڕێتەوە بۆ سەرکردایەتی سیاسی هەرێم و گەلی کوردستان.
گفتوگۆ سوودی چی دەبێت، ئەگەر بەربەست و ئاستەنگەکان لانەبرێن؟ چ سوودێکی هەیە، بووترێ، ئێمە دژ بە دیکتاتۆریەتین، لە کاتێکدا هەر ئەوانە بەرگری لە هزر وسیاسەتی ڕژێمە تۆتالیتارەکان دەکەن، کە دواجار هەڵوێستیان بە زیانی مومارەسەکردنی عەقلانیەت و دیموکراسی دەبێ لەسەر ئاستی فەزای سیاسی و مەدەنی؟
پێویستە ئەو عەقڵیەتە سیاسییانەی ئەمڕۆ لە عیراق دەستڕۆن، بزانن، سەرکەوتنی دیموکراسی و ئەزموونی فیدڕاڵییەت بە مامەڵەکردنی ڕاستەقینە لەگەڵ واقیع و ڕاستییەکان دەبێت، نەوەک بە ئەنجامدانی چەواشەکاری و پێدانی زانیاری هەڵە و ساختەکاری و هەڵکردنی دروشمی ناوەڕۆک پووچ و بانگەشەی مەحاڵ و ستراتیژی کوشندە و بڕینی قووتی گەلی کوردستان.
ئەوەی ئەمڕۆ لە عیراق پێویستە هەبێت، کارکردنێکی جدییە لەسەر دروستکردنی ئامرازێکی هزری نوێ و جیاواز، تیایدا سیاسەتی دان نان بە سەرجەم مافەکانی گەلی کوردستان بەرجەستە بن، تەنانەت مافی چارەی خۆنووسین و عەقلیەتی هاوبەشی ڕاستەقینە پەیڕەوبکرێت.
کارل پۆپەری فەیلەسوف دەڵێ، ئەو کەسەی میکانیزمێکی لۆژیکی پەیڕەو نەکردبێ، بەڵگەکانی ناتوانێ کاریگەرییەکی لۆژیکی درووست بکات. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=