=KTML_Bold=ئۆپۆزسیۆن و ڕۆڵی لە بەهێزکردنی وتارێکی کوردستانی یەکگرتوو=KTML_End=
#سامان سۆرانی#
زانایانی فەلسەفەی سیاسی مۆدێرن، ئەوانەی کاریان لەسەر سیستەمە دیموکراسییەکان و سیستەمی پەرلەمانی کردووە، بیرۆکەی ئۆپۆزسیۆنیان پێ پەسەند بووە و پێیان وابووە، ئۆپۆزسیۆن پێویستە ڕۆڵی چاودێر و ناڕازی لە کرداری سیاسی بگێڕێ و پابەندبێت بە بڕیاری زۆرینە، ئەمەش بنەمای کاری سیاسییە و بە هونەری شیاو و مومکین پێناسە کراوە.
ئێمە پێمان وایە دیموکراسی ڕاستەقینە جوڵەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەلتووریی بەردەوامە لە پێناو دەستەبەرکردنی بەرژەوەندی گشتی و پاراستن و بەرگریکردنێتی لە بەرامبەر بەرژەوەندییە تەسکەکانی تاک، یان بەرژەوەندی ئەوانەی، کە دەیانەوێت دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی تاکەکەسی قۆرخ بکەن.
بە دڵنیاییەوە جیاوازیەکی گەورە هەیە لە نێوان ئەوەی دەسەڵاتت بەدەستەوە بێت و بڕیار دەربکەیت لەگەڵ ئەوەی چاودێر و لەبەرەی دژ بیت.
بەڵام ئەگەر ئۆپۆزسیۆن تەنها، ئەرکی خۆی لە بەدەستهێنانی پشکێ لە دەسەڵات ببینێ و فشاری نەرێنی و ورووژاندنی میدیایی بەکارهێنانی و زانیارییەکان بە ئەمانەتەوە نەگوازێتەوە و واقیع بە شێوەیەکی ڕاستگۆیانە وێنا نەکات و بەشێوەیەکی ئەنارشیانە دەستێوەردانی نەرێنی لە کاروباری گشتی بکات، بۆ لێڵکردنی فەزای پەیوەندییەکان و دەرفەت بۆ نەیاران و بازرگانان بە ئازار و برینی گەلی کوردستان بڕەخسێنێ، تا ئەم گەلە ستەم دیدەیە سەرقاڵی بابەتی تر بێت، نەوەک داواکاری پێشکەش بکات و هەوڵ بۆ مافە ڕەواکانی بدات، کە بریتییە لە سەربەخۆیی و شکۆمەندی، ئەوا بە ئەرکی خۆمانی دەزانین، ڕۆڵی ئەو ئۆپۆزسیۆنانە بە ورووژێنەر ناوبەرین، کە مەبەستیان نییە بەشداریکردنی کرداری بکەن لە دروستکردنی نموونەیەکی سەرکەوتووی حوکمڕانی باش.
تا ئەم ساتەوەختە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێساکانی دیموکراسیەتێکی تەندروست ڕەچاو کردووە و بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ گوێگرتن لە پێشنیارەکانی ئۆپۆزسیۆن و بەشداری پێکردنیان لە داواکردنی مافی رەوای گەلی کوردستان.
کابینەی نۆیەم مەبەستیە فەلسەفەی بە دیموکراسیکردنی هزری کۆمەڵایەتی بپارێزێ و کاری جدی بۆ نوێکردنەوەی دامەزراوەکانی کردووە.
سەرۆکی حکومەت پێی وایە ململانێی ئاشتیانەی نێوان هێزە سیاسییەکان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات میکانیزمێکی گونجاو و پێویستە بۆ چاکترکردن و بەرەوپێشبردنی پرۆسەی سیاسی، بۆیە بە سنگێکی فراوانەوە پێشوازی لە ڕەخنەی بابەتییانە کردووە، لەهەمان کاتیشدا لێپێچینەوەی لەگەڵ ئەو لایەنانە کردووە، کە لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیان کەمتەرخەم بوون، تاوەکو کەم و کورتی لە دامەزراوەکان کەمتر بکرێنەوە و ئەو دیاردانە نەمێنن، کە لەگەڵ ڕوحی سەردەم و دیموکراسییەت ناگونجێن.
لە ڕاستیدا ئۆپۆزسیۆنبوون فەرهەنگە، پێویستە ئەو لایەنەی ئەو بەرەیەی هەڵبژاردووە، لێی تێبگات و کاتێ مومارسەی ڕۆلێ خۆی دەکات، پێویستە کار بۆ بەرنامە و پرۆژەی بونیادنانی دەوڵەتی دامەزراوەکان بکات و یاسا و دادی سەربەخۆ و عەقڵی ئازاد و ئازادی ڕا و میدیا و ئاسایشی ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئاستی خوێندن و میکانیزمەکانی خوێندن لەخوێندگە و زانکۆکانی وەکو بەرنامە مەبەست بێ، تا بتوانێ بە شێوەیەکی مەدەنیانە و نیشتمانپەروەرانە ململانێیەکان و ڕوانگەی شەقام بۆ بگوازێتەوە بۆ قۆناغی ڕێسا و یاسا، لە پێناو گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەیی و باڵاکانی گەلی کوردستان.
ئۆپۆزسیۆنبوون هونەری ئامادەکردنی تاکەکانە، پاش تێگەیشتن لە گۆڕانکارییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ئەخلاقی وتاری میدیاییە لەپێناو دەستەبەرکردنی دەسەڵات.
ئەدای ئەرێنی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی بەهێزکردن و دەوڵەمەندکردنی ئەزموونی کوردستانە، نەوەک پێچەوانەکەی.
بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان جوڵە و ڕەوتگەلێ سەریان هەڵداوە و خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن ئەژمار دەکەن، ئەوە لەبەرچاو ناگرن، کەوا لەپێشینەی کارەکانی ئۆپۆزسیۆن ڕێگریکردنە لەو ستەمکاریانەی، کە عیراقی مەرکەزی دژ بە گەلی کوردستان ئەنجامی دەدات.
هەروەها ئۆپۆزسیۆن سست و لاوازە لە کارکردنی بۆ درووستبوونی وتاری یەکگرتووی کوردستانی.
دوورکەوتنەوە لە چاوبازی لەگەڵ حزب و لایەنانەکان لە عیراق، کە پێیان خۆش نییە، هەرێمی کوردستان و گەلی کوردستان پێشکەوتن و سەقامگیری و ئاسایش بە خۆیانەوە ببینن، کەمترین ئەرکە، کە ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانی ئەنجامی بدات.
کارکردن لەپێناو ئەوەی هزرێکی گشتگیر و تاکڕەو فەرمانڕەوا بێت لە عیراق و ئەگەر بکرێ تاکە مەزهەبێ دەسەڵاتی بەسەر عیراق و کوردستان هەبێت، دوورە لە هزری ئازادیخوازی و پێشکەوتنخوازی.
ئەمڕۆ لە عیراق پانتایی ئەو جۆرە هزرە خەریکە فراوانتر دەبێت و مەبەستیە شکست بە ئەزموونی دیموکراسی لە عیراق بەگشتی و لە هەرێم بەتایبەتی بهێنێ و مۆتەکەی دیکتاتۆریەت زیندوو بکاتەوە.
ئەو حزب و لایەنانە باوەڕیان بە پرۆسەی دیموکراسی نییە، بەڵکو هەوڵ دەدەن فەلسەفە و ستراتیژێ پەیڕەو بکەن، کە بنەماکەی میکیاڤیلییە، واتە مانەوەم لەسەر دەسەڵات و بەردەوامبوونم بۆ هەتا هەتا.
بۆ ئەم مەبەستەش هەموو ڕێگە و میکانیزمێ بەکاردەهێنن، تەنانەت ئەگەر قۆرخکردنی مافە دەستورییەکانی هەرێم و برسیکردنی گەلی کوردستانیش بێت.
دیارە ڕژێمەکانی پێشوو، هەر لەسەرەتای دامەزرانی کۆماری عیراقەوە بگرە تا ڕووخانێ ڕژێم لە ساڵی 2033، بەردەوام بوون لە بەکارهێنانی دۆزی گەلی کورد، وەکو بیانوویەک بۆ بەهێزکردنی خۆیان و دەستەبەرکردنی دەسکەوتی سیاسی و کەسییان.
کاتی ئەوە هاتووە، ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دیاردانە بکات و بە پشتبەستن بە وتارێکی کوردستانی یەکگرتوو کار بۆ گەڕانەوەی مافە دەستورییەکانی گەلی کوردستان بکات.
بەهێزکردنی یەکگرتوویی لە کوردستان بە ئاشتەوایی و نیازپاکی و کارکردن لەسەر ئەو واقیعەی کە هەیە دەکرێ، نەوەک بە لۆژیکی تۆمەتبارکردن و هەڵەخەتاندن، ، خیانەتکاری، بیرکردنەوەی یۆتۆپیایی و بەکارهێنانی لۆژیکی ناعەقڵانی.
هێشتا بژاردەمان لەبەردەستە، پێکەوەیی بەهێزمان دەکات، پێویستە دەست پێ بکەین، پێویستە بە پرۆژەیەکی نیشتمانی هاوبەش و بە شێوەیەکی هۆشیارانە لە پێناو داهاتوویەکی جوانتر و جیهانێکی نوێ کار بکەین.
لە کۆتاییدا دەڵێین، هەر لایەنێ نەتوانێ لە دژایەتیکردن و ڕەتکردنەوە دەربازبێت و بیەوێ تەنها لەو فەزایەدا پاڵەوان بێ، ئەو لایەنە بەدڵنیاییەوە بێ بەهرەیە و مەبەستیە بۆ هەمیشە بە ژێردەستی بمێنێتەوە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=