#دەوڵەت باخچەلی#، سەرۆکی گشتی مەهەپە ڕایگەیاند، ئەگەر گۆشەگیری سەر #عەبدوڵڵا ئۆجەلان# هەڵبگیرێت، دەبێت بێتە پەڕڵەمان و لە بڵێت، تیرۆر بەسەرچووە و ڕێکخراوی تیرۆریستی هەڵوەشاوەتەوە.
لە وتاری هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا ڕایگەیاند، تورکیا پێویستی بە پڕۆسەیەکی نوێ نییە، بەڵکوو پێویستی بە هزری هاوبەش و هەنگاوی درووست و لە دڵەوەیە، هەروەها پێویستی بە هەڵوێستی دژی سەپاندنی دەرەوەیە.
دەوڵەت باخچەلی دەڵێت پێویستمان بە پتەوکردنی برایەتیی هەزار ساڵەیە... کێشەی تورکیا کورد نییە، بەڵکوو ڕێکخراوی تیرۆریستیی دابەشکارە.
هەروەها دەڵێت لەگەڵ چارەسەرکردنی یەک بە یەکی کێشەی برایانی کوردم، هەڵبەتە ئەوەش ناچارییە.
باخچەلی جەختدەکاتەوە لەوەی، نابێت هیچ برایەکی کوردم کە لەم وڵاتە دەژی، وەکوو کێشە نیشان بدرێت، هەر کەسێک بڵێت کێشەی کورد هەیە، پڕوپاگەندەیەکی هاوبەشە کە کورد وەکوو کێشەیەک دەبینن، بەڵکوو ئەمە درۆیەکە.
بە بڕوای سەرۆکی مەهەپە، دەبێت پرسی کورد لە پەڕڵەمان چارەسەر بکرێت بۆ ئەمەش دەبێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێتە پەڕڵەمان و نەهێشتنی پەکەکە ڕابگەیەنێت.
دەقی گوتەکانی دەوڵەت باخچەلی:
ئەگەر گۆشەگیری لەسەر ڕێبەری تیرۆریست هەڵگیرا، با بێت بۆ پەڕڵەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت تیرۆر بەتەواوی کۆتایی هاتووە و ڕێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە. ئەگەر بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ئەم هەڵوێستە نیشان بدات، ئەوا ڕێسای یاسایی سەبارەت بە بەکارهێنانی مافی هیوا دابنرێت و ڕێگەی سوودمەندبوونی لێی، بە فراوانی کراوە بێت. [1]