ئیسرائیل کارتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر سەرۆکی تورکیا و ڕەخنەی توند لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەگرێت و دەڵێت: کاتێک ئیسرائیل بەرگری لە خۆی دەکات لە دژی ڕێکخراوە تێرۆرستییەکان، ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل، بەڵام کاتێک ئەردۆغان تاوانی جەنگ لە دژی کورد ئەنجام دەدات، ئەو ون دەبێت و جیهانیش بێدەنگە.
ئیسرائیل کارتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لە پۆستێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی ئەردۆغان کوردەکان دەکوژێت و جیهان بێدەنگە. دیکتاتۆرەکەی ئەنقەرە، هاووڵاتییانی کوردی مەدەنی بێتاوان لە باکووری سووریا بۆردومان دەکات و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ ناڵێت. کوا بانگەواز بۆ ئاگربەست و کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاساییش؟ کوا بایەخدان بە مافەکانی کورد و سکاڵا لە دژی ئەردۆغان لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە لاهای؟
وتووشیەتی کاتێک ئیسرائیل جوڵە دەکات بۆ بەرگریکردن لە خۆی لە دژی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، گوتێرێس بەردەوام هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل، بەڵام کاتێک دۆستە دژە جوەکەی (ئەردۆغان)، تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات، ئەو خۆی ون دەکات. ئەمە ئەوپەڕی دووڕوییە.
کاردانەوەکەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دوای ئەوە هات کە وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و تیایدا وتی، ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاساییش هێرشە تێرۆرستییەکەی سەر دامەزراوەی پیشەسازیی فڕۆکەوانی و تورکیا لە ئەنقەرە، بەتوندی سەرکۆنە دەکەن و داوا دەکەن بەباشی هاوکاری تورکیا بکرێت بۆ سزادانی ئەوانەی لە پشت ئەو کارە تێرۆرستیانەوەن. بەڵام ڕاگەیاندنەکە هیچی تیانەبوو لە بارەی بۆردومانە چڕەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان و باشووری کوردستان. [1]