کەنداڵ جودى شارپرێس:
#ساڵح موسلیم# ئەندامى ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی پەیەدە و سیاسەتمەداری ناسراوى کورد دەڵێت: دەوڵەتی تورکیا گەمەی عوسمانییەکان دەکات، دەشڵێت:هێرشەکانی شەوی ڕابردوو تا ئێستا بۆ سەر ڕۆژاڤاى کوردستان، بەشێکن لە هێرشەکانی پێشووی تورکیا، کە دەیەوێت ئەو شتانەی لە ڕۆژاڤای کوردستان بەدەستهاتوون بەگشتیی لەناویان ببات.
ساڵح موسلیم لە دیدارێکى کورتدا بۆ شارپرێس، هەڵسەنگاندنى خۆى بۆ هێرشەکانی تورکیا دژی ڕۆژاڤا و پەیوەندیی بەوتارەکانی دەسەڵاتدارانی تورکیاوە سەبارەت بەچارەسەرى کێشەى کورد لە تورکیا خستە ڕوو، دەشڵێت:دواى ئەوەى لەئەنکەرە هێرشێک ئەنجامدرا، تورکیا دەستدرێژیى کردەوە سەر ڕۆژاواى کوردستان.
لە سەرەتای قسەکانیدا ساڵح موسلیم ڕایگەیاند، هێرشەکانی شەوی ڕابردوو تا ئێستا بۆ سەر ڕۆژاڤاى کوردستان بەشێکن لە هێرشەکانی پێشووی تورکیا، کە دەیەوێت ئەو شتانەی لە ڕۆژاڤای کوردستان بەدەستهاتوون بەگشتیی لەناویان ببات.
دەشڵێت:تورکەکان هەمیشە کاتێک دەرفەتێک دەدۆزنەوە بۆ هێرشکردنەسەرمان و بیانوو دەهێنێتەوە، بۆیە تورکیا بەهۆی هێرشەکەی دوێنێوە جارێکی دیکە هێرشیکردەسەر ڕۆژاوای کوردستان، تا ئێستا غاز و کارەبا و ژێرخانی دیکەی کردووەتە ئامانج و 13 کەسی مەدەنیشمان شەهیدبوون و دەیان کەسیش بریندارن.
ساڵح موسلیم باس لەوەشدەکات، لەلایەک تورکیا پەرە بەو بەناو چارەسەرە دەدات بۆ پرسی کورد لە باکووری کوردستان، بەڵام لەلایەکی دیکەوە هێرشەکانیان زیاترکردووە، کەس نازانێت تورکیا چ پەیامێکی دەوێت و مەبەستى چییە.
جەختیشدەکاتەوە، لە ڕابردوودا تورکیا بەئێمەى وتوە ڕادەست بن، بەڵام لەلایەکی ترەوە هێرشدەکات و ئەمە شێوازیی دەوڵەتی تورکیایە لە ساڵی 1993وە تا ئێستا لەلایەک دەڵێت با دیالۆگ بۆ ئاشتی درووستبکەین، بەڵام لەلایەکی ترەوە بیانوو هێرشیدەکاتەسەر، بەڵام ئامانجی تورکیا هەمیشە لەناوبردنی گەلی کوردە، جا لە باکوور بێت، یان ڕۆژاڤا یان باشووری کوردستان.
موسلیم باس لەیارییەکانی پێشووی دەوڵەتی تورکیا دەکات بەرانبەر کورد و (تەئکید)دەکاتەوە، ئەم یارییەى ئێستا تورکیا دەیکات، لەلایەن دیالۆگى چارەسەرى پرسى کورد و لەلایەکى دیکەشەوە پەلامار و تێکدانى ژێرخان و سەرخانى چەند بەشێکى کوردستان، ئەوە پێى دەڵێن یاریی عوسمانییەکان، هەرکاتێک باسى ئاشتى بەدەمیاندا هاتبێت، ڕۆژێک دواتر پەلامارێکى خوێناوى ڕویداوە.
بە بۆچونى ساڵح موسلیم، ئەوەی لە غەززە و لوبنان دەگوزەرێت، تورکیا هەمان دڕندەیی لە ڕۆژاڤای کوردستانیش کردووە و بەردەوامیشە، دەشڵێت:پێویستە هەموو هێزە کوردییەکان پێکەوە هەنگاوبنێن و یەکگرتوبن بەرانبەر بەهێرشەکانی تورکیا، بەڵام بەداخەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئیدانەی ئەو شتانە دەکات کە لەلوبنان و غەززە ڕودەدەن، بەڵام لە بەرانبەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاڤا بێدەنگن. [1]