=KTML_Bold=گەلی کوردستان هەرگیز دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی نابێت=KTML_End=
#سامان سۆرانی#
شتێکی سروشتییە ئەگەر گەلێ جەخت لە بەرگریکردن لە مافەکانی خۆی بکات و دەستبەرداریان نەبێت، بە تایبەتی ئەگەر ئەو مافانەی رەوا بن، بەڵام سنووریان بۆ دانرابێ و پێشێل بکرێن.
مافە دەستوورییەکان بریتین لەو مافانەی، کە دەستوور لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵ بۆ گەلی کوردستان مسۆگەری کردووە. ئەو مافانە لە رێگەی یاسا و رێساکان بەهێز دەکرێن و پاراستنی یاساییان پێ دەبەخشرێت و پەیڕەوکردنیان رێکدەخرێ.
دەست هەڵنەگرتن لەو مافانە، مانای ئەوەیە، کە ئێمە وەکو گەلی کوردستان کۆڵ نادەین، سەرەڕای هەموو ئەو فشار و هەڕەشانەی، کە بە بەردەوامی لە لایەن نەیاران و دوژمنانی گەلەکەمان دەخرێنە سەرمان، بە مەبەستی ملکەچ کردنمان و سنووردارکردنی ئەو مافانە.
ئاشکرایە، کەوا لە عێراقدا پەرەسەندنێکی نەرێنی هاتۆتە ئاراوە، ئەوەش دوای ئەوەی دامەزراوەکانی جێبەجێکردن و یاسادانان لاواز و بنکۆڵ کران و سەرۆکایەتی کۆمار بوو بە جەستەیەکی بێ ناوەڕۆک، ئینجا رۆڵ درا بە دادگای باڵای فیدڕال، تا وەکو ئامرازێکی نەرێنی و چالاک کار بکات بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندەی دەرەکیی و سەپاندنی ویست و ئیرادەی هێزێکی هەرێمی، بۆیە بە روونی بڕیارەکانی بریتین لە لێدانی هەموو ئەو هەوڵانەی، کە دەدرێن بۆ چەسپاندنی فیدڕاڵییەت و بڵاوبوونەوەی دیموکراسی و بەرز راگرتنی بەهاکانی تری پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ.
دەووترێ هاوپەیمانان و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا پشتگیری لە عێراقێکی فیدڕاڵ و یەکگرتوو و گەشەسەندوو و خاوەن سەروەری دەکەن، بەڵام ئەمڕۆ هیچ هەوڵێکی نێودەوڵەتیی و ناوخۆیی نابینڕێ بۆ رێگریکردن لەو پێشێلکاریانەی دادگای فیدڕال و میلیشیا شیعەکانی دەرەوەی دەستوور بەرامبەر بە گەلی کوردستان دەیکەن، ئەمڕۆ پاڵپشتی نێودەوڵەتی بە پێی پێویست نییە، بۆ زامنکردن و پاراستنی مافی گەلی کوردستان و تۆکمەکردنی فیدڕاڵییەت.
گروپە میلیشیاکانی دەرچوو لە یاسا و خاوەن دۆکترینی تایفەگەریی و گوێڕایەڵ بۆ فەرمانی دەرەکی بە بەردەوامی و بە بەکارهێنانی هەموو ئامرازێکی نا دیموکراتی هێرش دەکەنە سەر کیانی هەرێمی کوردستان و مەبەستیانە پێگەی هەرێم لاواز بێت و رێگری دەکەن لە دروستبوونی کەشێکی ئەرێنی بۆ بەهێزکردنی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن، تا فەرهەنگی پێکەوەژیانی ئاشتیانە نامۆ بێت و دادپەروەری و یەکسانی کۆمەڵگەیی دەستەبەر نەکرێن و پاشاگەردانی ببێت بە مۆدێلێ بۆ حوکمڕانی لە عێراق و ناوچەکە.
دیارە گەلی خەباتکاری کوردستان، کە ویستی ئازادی و رزگاری هەیە، ئەم ژێر دەستیی و زەلیلییە قبوڵ ناکات و بە یەک دەنگ و بە ئیرادەیەکی پۆڵایین دژ بەو هەوڵانە رادەوەستێ و بەرگری لە مافەکانی دەکات.
هەروەها هەرێمی کوردستان توانیویە لە سایەی کابینەی نۆیەمی حکومەت بە رێزگرتن لە پرنسیپە سەرەکییەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و بە پاراستنی ئەزموونی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان نەتەوە و پێکهاتە ئاینییەکان ئەو راستییە بسەلمێنێ، کەوا گەلی کوردستان ئامادەیە و سەرکەوتوو دەبێ لە پەیڕەوکردنی نموونەی دەوڵەتی نەتەوە، کە ئەمڕۆ مەرجێکە لە مەرجەکانی سیستەمی نێودەوڵەتی نوێ.
بە دڵنیاییەوە جەختکردنی سەرۆکی حکومەت، مەسرور بارزانی، لەسەر پاراستنی ناسنامەی نیشتمانی فەلسەفەیەکە بۆ رێگریکردن لە درووستبوونی هەڕەشە بۆ سەر یەکڕیزی نیشتمانی و ئاسایش و سەقامگیری. ئاشکرایە، کەوا ناسنامەی نیشتمانی کۆمکار دەبێتە مایەی بڵاوبوونەوە و رەگداکوتانی چەمکی هاوڵاتیبوون و یەکسانی ماف و ئەرکەکان.
ئێمە پێمانوایە گەلی خۆڕاگری کوردستان ریگە نادات مێژوو و ناسنامە و ئاسایشی بکرێت بە ئامانج و سەربڵندانە کار دەکات بۆ پووچەڵکردنی هەوڵی ئەو لایەنە نانیشتمانیانەی، مەبەستیانە کوردستان لەناو قاوخێکی تەسک بمێنێتەوە و خاک دابەش بێت.
بێ گومان مێژووی کوردستان و خاکی کوردستان خاڵی هاوبەش و مێژوو و جوگرافیای گەلی کوردستانە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، رێگە نادرێت لەت لەت بکرێت.
چۆن بێ ئابڕویانە داوا لە گەلی کوردستان دەکرێ ملکەچی فەرمانە ناڕەواکانی دادگای باڵای فیدڕاڵ و نیەتی شەڕانگیزی ئەو لایەنانە بێت لە بەغدا، کە بۆ دواوە هەنگاو دەنێن و توانای قبوڵکردنی فەرهەنگی بەرزنرخاندن و رێزگرتن لە بەرامبەریان نییە و بە بەردەوامی هەڕەشە لە ئاسایشی تاک و فەلسەفەی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستان دەکەن، ئەو کۆمەڵگەیەی دان بە هەموو جیاوازییەکان دەنێ، و رێز لەسەرجەم ئایین و ئاینزا و نەریتە مەدەنییەکان دەگرێ و هانیان دەدا ڕێز لە یاسا بگرن؟
وەرچەرخانەکان و گۆڕانکاری لە هاوکێشە سیاسییەکانی پەیوەست بە ناوچەکە دەبنە دەرفەت بۆ گەلی کوردستان، کە هەرگیز دەستبەرداری تایبەتمەندییە فەرهەنگی و مێژووییەکەی نابێت، کە زادەی ویستیە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی، بۆیە لە کۆتاییدا سەروەری و سەرکەوتن هەر بۆ گەلی کوردستان دەبێت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=