=KTML_Bold=#مەسرور بارزانی# و پەیڕەوکردنی دیپلۆماسیەتی ئارام=KTML_End=
#سامان سۆرانی#
دیپلۆماسیەت هاوشێوەی سەرجەم زانستە مرۆیی و سیاسییەکان زانستێکە، بە ئەزبەرکردنی دیپلۆماتکار ناتوانێت زیرەکتر بێت. ڕاستە تیۆرییەکانی دیپلۆماسیەت و هەنگاوەکانی لە زانکۆ ناودارەکان دەخوێندرێن، بەڵام کەم کەس لە پەیڕەوکردنی دیپلۆماسیەت داهێنان دەکات.
لێرەدا، بێجگە لە ئەزموون، بەهرە وەکوو فاکتەرێکی سەرەکی درووستکردنی جیاوازی و داهێنان ڕۆڵ دەگێڕێ. ئەزموون بریتیە لە خوێندنەوەی ورد و ورووژاندنی هەستی گشتی بۆ ڕووداوەکان، پاشان زمان و شێوازی ڕەفتار دەبنە ئەنجامێ بۆ هەموو ئەمانە.
لە بواری دیپلۆماسیدا دەکرێ ئەم پێوەرانە دەستەبەر بکرێن، بەڵام توخمێکی زۆر گرینگی تریش هەیە، کە بریتیە لە سروشتی خودی مرۆڤ، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ پەروەردە و سیستەمی ئەخلاقی و ئەو بەهایانەی، کە مرۆڤ پێی گەیشتووە. دواجار دەکرێت بە بەرهەمەکانی دیبلۆماسیەت بووترێ ستراتیژی ڕەفتار.
هیچ کەس ناتوانێت کەسێکی تر فێر بکات، ببێت بە سەرکردە، چونکە سەرکردە خۆڕسکە و بە سروشتی لەدایکدەبێت، دواتر بە ئەزموونی ژیان و بە مامەڵەکردن لەگەڵ چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگە بەهێزتر دەبێت.
دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی، کە پەروەردەی دەستی سەرکردەیەکی مەزن و قوتابخانەیەکی دەوڵەمەندی هزری وەکو جەنابی سەرۆک بارزانییە، توانیویە بە ڕەفتارە دیبلۆماسییەکانی و بە دەربڕینە ئارام و لۆژیکییەکانی بۆ ناوخۆ و بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەو ڕاستیە بسەلمێنێ، کە پەیڕەوکاری دیبلۆماسیەتی ئارامە.
لۆرد دۆگلاس ڕیچارد هێرد، سیاسەتمەدارێکی سەر بە حزبی پارێزگارانی بەریتانیایە، دەڵێ: ئێمە لە جیهانی دەوڵەت نەتەوەکان دەژین، کە هەم نەمر و هەم بێ توانان. لایەنە سیاسییەکان فۆکس دەخەنە سەر کارکردن، بۆ بەدەستهێنانی دڵسۆزی و لایەندارێتی هاوڵاتیان، بەڵام ناتوانن پێداویستییەکانی هاوڵاتیان دابین بکەن.
لای خۆیەوە هێنری کیسنجەر، کە بە بلیمەتی دیبلۆماسییەت دادەنرێ، دەڵێ: نەتەوەکان زیاتر بۆ بەرژەوەندی خۆیان کاریان کردووە، لەوەی کار لەسەر پرنسیپە باڵاکانی هزر بکەن، ئەوان بەردەوام گرینگییان بە رکابەریی داوە، لە بری ئەوەی گرینگی بە هاوکاریی بدەن.
لێرەدا بە خۆشحاڵییەوە دەڵێین، ئەم شێوازە کۆنە لە ڕەفتاکردن لە چەند دەیەی داهاتوودا گۆڕانکاری بنچینەییان بەسەر دێت.
ئامانجی سەرەکی لە بەکارهێنانی دیپلۆماسیەتی ئارام، کە ئەمڕۆ لە ڕێگەی دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی بووە بە مۆرکێکی تایبەتی هەرێمی کوردستان، بریتیە لە بەدەستهێنانی تەبایی لە نێوان دژبەرەکان و خزمەتکردنی بەرژەوەندی تاکی کوردستانی و مرۆڤایەتی، بە بەکارهێنانی میکانیزم و ئامرازی ئاشتیانە و بە هەوڵدان بۆ خۆبەدوورگرتن لە گرژی و هەوڵدان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان.
دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی پێی وایە، ئەندازیاریکردنی ئاسایشی ناوخۆ و هەرێمی پێویستە تەنها و تەنها هەڵقوڵاوی دیالۆگ بیت، بەهەمان شێوە پێویستە دەنگی میانڕەوی پەیڕەو بکرێت، کە لەسەر بنەمای لێکنزیکبوونەوەی بە پەلە دادەمەزرێت، بۆ گەیشتن بە کۆدەنگی لایەنە ناکۆکەکان.
بەو شێوەیە دەکرێ ڕێز و پێزانینی هاوبەشەکان و ستایشی جیهانی دەورووبەر دەستەبەربکرێت.
پێویستە سیاسەت لە کاتی هەبوونی کێشە لەسەر ئاستی ناوخۆ و لە پەیوەندییە دوولایەنەکان ڕۆڵێکی نموونەیی بگێڕێت، بۆ نزیکردنەوەی ڕوانگە و دیدە جیاوازەکان و خۆ بە دوورگرتن لە بەکارهێنانی زمانی زبر و توندوتیژ، یان زمانی ڕەقی چەک ، کە کەرەستەیەکی ماوە بەسەرچووە و ناکرێ لە جیهانی مۆدێرنیتە و هاوچەرخدا وەکو کالایەک بەکاربهێرێت، چونکە لە جیهانێکی کلۆبال برین و ئازارەکان لە هەر شوێنێ بن گشتگیر دەبن و بەرگێگی گەردوونی لەبەر دەکەن.
ئێمە هەموو ئاگاداری ئەو ئالنگاریانەین، کە بەرۆکی هەرێمی کوردستانیان گرتووە و بەردەوام ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەڵام بە پەیڕەوکردنی دیبلۆماسیەتی ئارام دەبینین چۆن هەرێمی کوردستان خۆی بەدوورگرتووە لە سیاسەتی کاردانەوە، یان لە سیاسەتی جەمسەرگیری.
لە ڕاستیدا دیپلۆماسیەتی ئارام ڕەهەندێکی تایبەتی بەهەرێمی کوردستان بەخشیوە، لە وەرگێڕانی وشەکان بۆ کردار، بەڕێز مەسرور بارزانی دەڵێ، پێم وانییە قسە یان گوتن ئه و کاریگەرییە زۆرەیان هەبێت، بەڵام کردار هەیەتی.
ڕاکێشانی وڵاتانی دراوسێ، بۆ نموونە سەردانە مێژووییەکەی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆکی کۆماری تورکیا، لە 22-4-2024 بۆ #هەولێر#ی پایتەخت، دوور لە گرژی و جیاوازییە سیاسییەکان، بۆ گەیشتن بە چارەسەرکردنی کێشەکان و پەرەپێدانی هەماهەنگی و هاوکاری دوولایەنە، ئەوەی پەیوەست بێ بە ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری لە ناوخۆ و لەناوچەکە بەهێزتر دەکات.
کەواتە دیپلۆماسیەتی ئارام ڕێگەیەکە بۆ چارەسەکردنی کێشە، نەک بەرپاکردنی ئەو جەنگانەی، کە تەنها کوشتن و وێرانکارییان لێ دەکەوێتەوە، چۆنکە جەنگەکان لەو شوێنە کۆتاییان پێ دەێ، کە دەستیان پێ کردووە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=