بژار زوبێر
لەگەڵ زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، حکومەتی تورکیا هەوڵی ئارامکردنەوەی دۆخی نێوان خۆی و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەدات، سەرەڕای هێرشەکەی هەفتەی ڕابردوو بۆ سەر دامەزراوەیەکی ئەنقەرە، کە پارتە کوردستانییەکە بەرپرسیاریێتیی خۆی لێ ڕاگەیاند.
باڵی سەربازیی پەکەکە بەرپرسیاریێتیی هێرشەکەی چوارشەممەی بۆ سەر دامەزراوەی پیشەسازیی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکەوانیی تورکیا لەئەستۆگرت، کە تێیدا 5 کەس کوژران و 22ی دیکەش بریندار بوون، بەڵام لە پێشهاتێکی دەگمەندا جەختیکردەوە لەوەی هێرشەکە پەیوەندیی بەو پڕۆسەوە نییە، کە حکومەتی ئەنقەرە دەستی پێ کردووە.
پەکەکە، لە ڕاگەیێندراوێکدا کە لە تەلەگرام بڵاویکردەوە، ڕوونیکردەوە هێرشەکە ماوەیەکی درێژ لەمەوبەر پلانی بۆ دانرابوو، بۆ ئەوەی هۆشداری و پەیام دژی ئەو ڕەشەکوژی، جینۆساید و گۆشەگیرییە بدەن، کە حکومەتی تورکیا دەیکات، بەڵام دووپاتیکردەوە ئەو تەقینەوەیە پەیوەندیی بە پێشهاتە سیاسییەکانی تورکیا و باکووری کوردستانەوە نییە.
تورکیا بە بۆردوومانکردنی نزیکەی 50 شوێن لە ڕۆژاوای کوردستان و پێگەی پەکەکە لە باشووری کوردستان، وەڵامی هێرشەکەی دایەوە. لە کاتێکدا ڕۆژێک پێش ئەوە، لە ڕێگەی سەرکردەیەکی دیار و باڵای نێو هاوپەیمانیی حکومەت، دەستپێشخەرییەکی پێشکەشی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە کرد کە لە ساڵی 1999ەوە زیندانیکراوە.
حەمید بۆز ئەرسەلان ، شارەزای مێژوو و کاروباری پەکەکە پێیوایە بەشێکی دەسەڵات دەیەوێت دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ بزووتنەوە کوردییەکە بکات، لە کاتێکدا ئەگەری خراپبوونی دۆخی هەرێمی و تێکچوونی ئێران لە ئارادایە کە ئەگەر ببێتە ڕاستی، لێکەوتەی مسۆگەری لەسەر ئێراق و سووریا دەبێت.
هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و ئازادکردنی ئۆجەلان
#دەوڵەت باخچەلی# ، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، کە پارتێکی ڕاستڕۆی تووندڕۆیە و سەرسەختانە دژایەتیی پەکەکە دەکات و بەشێکە لە هاوپەیمانیی حکومەت، ڕۆژی سیشەممە، داوای لە ئۆجەلان کرد، کە سزای زیندانیی تاهەتایی لەسەرە، بچێتە پەڕڵەمان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ڕابگەیێنێت.
ئۆجەلان تەمەنی 75 ساڵە و چارەکە سەدەیەکە لە زیندانی دوورگەی ئیمرالی گۆشەگیرکراوە.
ڕۆژی شەممە، واتە دوای هێرشەکەی ئەنقەرە، باخچەلی ڕایگەیاند، تورک و کورد یەکدیان خۆشدەوێت، ئەمە ئەرکێکی ئایینی و سیاسییە لەسەر شانی هەردوو لا.
لە ئاماژەیەکی دیکەی سووربوونی تورکیا لەسەر هێورکردنەوەی دۆخەکە، لە هەمان ڕۆژی هێرشەکە، حکومەت ڕێگەی بە عومەر ئۆجەلان، برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان دا بۆ یەکەمین جار دوای 43 مانگ، سەردانی مامی بکات.
عومەر ئۆجەلان پەڕڵەمانتاری پارتی گەلانی دیموکرات (دەم پارتی)یە کە گەورەترین پارتی باکووری کوردستانە.
بەشێک لە سیاسەتڤانانی تورکیا دەڵێن، ناکرێت هێرشەکەی ئەنقەرە لەم دۆخەدا بە ڕێکەوت ڕوویدابێت، یەکێک لەوانە، محەمەد شیمشەک، وەزیری دارایی تورکیایە کە بە ڕەچەڵەک کوردە. ئەو لە پانێلێکی پەیمانگەی برۆکینگز لە واشنتن ئەمەی دووپاتکردەوە.
ئەم پێڤاژۆیە پرسیار لەسەر کاریگەریی سەرکردایەتیی ئۆجەلان دوای بەسەربردنی 25 ساڵ لە زیندان، بەسەر پارتەکەیدا درووستدەکات.
حەمید بۆرسەلان پێیوایە، وێڕای ئەو هەموو ساڵە، ئۆجەلان هێشتا ئەو مەرجەعەیە کە دەتوانێت کاریگەریی بخاتە سەر پڕۆسەکانی ئاشتی.
بەڵام یەکتان تورکی یەڵماز، مامۆستای زانکۆ لە نەمسا وای دەبینێت بێ هەبوونی پەیوەندیی ڕێکخراوەیی لەگەڵ پەکەکە، بۆ ئۆجەلان زۆر زەحمەت دەبێت پلانێک بسەپێنێت، کە حکومەت ڕەزامەندیی لەسەر دابێت، هەروەها ئاماژە بەوە دەکات بزووتنەوە کوردستانییەکە، یەکدەنگ نییە.
یەڵماز دەشڵێت، بێگومان ئەمڕۆ ئۆجەلان خۆی لە خراپترین دۆخی ئەزموونی سیاسیدا دەبینێتەوە، چونکە پێشتر پێویستی بەوە نەدەکرد لایەنگرانی کۆبکاتەوە و بە چارەسەرێکی سیاسیی ئاشتییانە، ڕازییان بکات.
بەڵام لێکۆڵینڤانەکە ئاماژە بەوەش دەکات هەمان شت لەنێو حکومەتیشدا هەیە، چونکە مەرج نییە ڕای گشتی پشتیووانی لە ئاشتبوونەوەی تورکیا لەگەڵ پەکەکە بکات و نەریتخوازەکان بە تووندی دژی دەوەستنەوە.
ئەم شرۆڤەکارانەی لە سەرەوە ناویان هێنراوە، پێیان وایە هەڵبژاردنی ئەم کاتە بۆ درێژکردنی دەستی ئاشتەوایی بۆ پەکەکە لەلایەن حکومەتی ئەنقەرە بێ هۆکار و بە ڕێککەوت نییە، بەڵکوو لە ئەنجامی درووستبوونی دۆخێکی هەرێمییە، کە نزیکە لەوەی بتەقێتەوە.
شرۆڤەکارەکان پێیان وایە، ئەنقەرە لە فراوانبوونی ئەو جەنگە دەترسێت کە ئیسرائیل دژی حەماسی فەلەستین و حیزبوڵڵای لوبنان دەستی پێ کردووە.
یەڵماز دەڵێت: حکومەتی تورکیا هەوڵدەدات بەرەی نێوخۆی وڵاتەکەی بەهێز بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت ڕووبەڕووی ئەو ئاڵنگارییە هەرێمییە ببێتەوە، کە ئیسرائیل درووستی دەکات، بۆ ئەوەش ئێستا بە دەرفەت دەزانێت تاوەکوو گوشاری سەر سنووری نێوان خۆی و سووریا کەمبکاتەوە.
دوای ئەوەی ئیسرائیل بەرەبەیانیی شەممە (26-10-2024) هێرشی کردە سەر ئێران، تورکیا داوای کرد سنوورێک بۆ ئەو تیرۆرە دابنرێت، کە ئیسرائیل لە ناوچەکە بڵاویدەکاتەوە و، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گەیاندووەتە لێواری جەنگێکی گەورەتر.[1]