جینۆسایدى کولتوورى کورد لە #کەرکووک#
نووسینی: #بارام سوبحی#
حکوومەتى ئێراق لە چوارچێوەى سیاسەتى بە عەرەبکردنى کەرکووکدا، زیاتر لە دە هەزار کیلۆمەترى لە ڕووبەرى پارێزگاکە دابڕى و هەزاران خێزانیشى لەو شارە ڕاگواست، بەهۆکارى ئەوەى وەکوو سەدام حسێن دەیووت: کورد ڕۆژێک دێت هەوڵى دامەزراندنى دەوڵەتى سەربەخۆى خۆى دەدات، کەرکووکیش دڵى ئەو دەوڵەتە دەبێت، بۆیە دەبێت زۆرینەى دانیشتووانى بکرێتە عەرەب. ئەو ستەمکارییانەى حکوومەتى ئێراقیش دەچنە چوارچێوەى جینۆسایدى کولتوورییەوە. حیزبى #بەعس# لەماوەى دەسەڵاتیدا لە (1963–2003)، بۆ کەمکردنەوەى ڕێژەى کورد لە کەرکووک، بەدەر لە کۆمەڵکوژى، ستەمکارییەکانى بە عەرەبکردن و ڕاگواستن و گۆڕانکارى دیمۆگرافى ئەنجامدا، ئەو تاوانکارییانەش دەچنە چوارچێوەى جینۆسایدى کولتوورییەوە.
مەبەست لە جینۆسایدی کولتووریی و نەتەوەیی بریتییە لە قەدەغەکردنی زمان و ڕۆشنبیری و شێواندنی مێژوو، فەوتاندنی تایبەتمەندێتی نەتەوەیی و نەهێشتنی یەکێتی هاوبەشی نێوان خەڵک و وێرانکردنی شوێنەوارە دێرینەکان وەکوو ڕووخاندنی ئەشکەوت و مزگەوت و کڵێسه و هەموو شوێنەوارێک کە پاشماوەی کۆن یان نوێ بێت و بەرهەمی جۆری ژیانی ئەو خەڵکە بێت. هەروەها (یایر ئاورۆنى) پسپۆڕى بوارى جینۆساید، لەپێناسەى جینۆسایدى کولتووریدا دەڵێت: وێرانکردنى ناسنامەى گشتى گرووپێکى ئیتنیکییە بەبێ ڕیشەکێشکردنى ئەندامانى گرووپەکە، یان بەشێوەیەکى تر بوترێت، وێرانکردنى نافیزیکى گرووپێکى ئیتنیکییە، ئەم دیاردەیەش زۆرجار وەک جینۆسایدى کلتوورى ناودەبرێت.
$سڕینەوەى کورد لە کەرکووک$
ناوى کەرکووک بەم شێوەیەى ئێستا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى (تەیمورى لەنگ) بۆ یەکەمجار لە پەرتووکى (شەرەفەددین عەلى یەزدى) (ظفرنامە) کە لە دەوروبەرى ساڵى (1424-1425ز)دا نووسراوە، بەم شێوەى ئێستاى ناوى هاتووە. بەگوێرەى سەرژمێرییەکانیش کە لە سەردەمى پادشایەتى و کۆماریدا ئەنجامدراون، کورد زۆرینەى دانیشتووانى پارێزگاکە بووە، بۆیە دەسەڵاتدارانى ئێراق بەتایبەتى بەعسییەکان لە هەوڵى کەمکردنەوەى ڕێژەى کورد و زیادکردنى پێکهاتەى عەرەبیدا بوون. بەر لەگەیشتنى بەعس بە دەسەڵات، تەنیا یەک گەڕەک و دوو کۆڵانى عەرەبى لە شارى کەرکووکدا هەبوون، بەڵام بەعس بۆ ئەوەى سیماى ڕاستەقینەى کەرکووک تێکبدات و بشێوێنێ، لەماوەى چارەکە سەدەیەکدا (36) گەڕەکى تازەى بۆ عەرەبى هاوردە لە شارى کەرکووک و دەیان نیشنگە و کۆمەڵگەى عەرەبى لە پارێزگاکە درووستکرد، هەرچى ناوى تۆخى عەرەبى و درووشمى تایبەت بەخۆى هەبوو لەو گەڕەکانەى نا، وەک: (کرامە، البعث، 17 تموز، الوحدە، الحریە، العروبە، النصر، القادسیە، واحد اذار، واحد حزیران، المیلاد، المنصور، 7 نیسان، قرطبە، تونس، عدن، صدام، المعتصم، الامین، الشهداء، الواسطى، النخوە، الصقور، الرشید، المأمون، الحجاج، المجزرە، الفاروق، الخضراء، الزوراء، غرناطە، الخلفاء، بدر، عدنان، تسعین و سعد).
لە ساڵى (1968) پارێزگاى کەرکووک بریتى بوو لە: شارۆچکەی ناوەندى کەرکووک کە شارەدێکانى #قەرەحەسەن#، #پردێ#، #شوان# و تازەى لەسەر بوو، شارؤچکەى #کفرى# کە شارەدێى #قەرەتەپە#ى لەسەر بوو، شارۆچکەى #چەمچەماڵ# هەردوو شارەدێى #ئاغجەلەر# و #سەنگاو#ى لەسەر بوو، شارۆچکەى #خورماتوو# شارەدێکانى #داقوق# و #قادرکەرەم#ى لەسەر بوو، شارۆچکەى #حەویجە# شارەدێى ڕیازى لەسەر بوو.
کەرکووک لە تەواوى ماوەى دەسەڵاتى بەعسییەکاندا بەردەوام لە بەردەم هەڕەشە و سڕینەوەدا بوو. بە بەڵگەى ئەوەى بە مەرسومى کۆمارى ژمارە (608) لە (06-11-1975) شارؤچکەکانى چەمچەماڵ و #کەلار# لە کەرکووک کرانەوە و خرانە سەر سلێمانى، #کفری#ش برا بۆ سەر دیالە. پاشان بە مەرسومى کۆمارى ژمارە (41) لە (29-01-1976) خورماتوو دەوروبەرەکەى بەبێ داقوق لە کەرکووک دابڕێنرا و خرایە سەر سەڵاحەدین (تکریت). دواتر بە مەرسومى کۆمارى (514) لە (01-01-1984) شارەدێى زاب لە قەزاى شەرگاتەوە هێنرایە سەر قەزاى حەویجە لە کەرکووک. هەروەها بە مەرسومى کۆمارى ژمارە (434) لە (25-09-1989) پردێ و چەند یەکەیەکى دیکەى کارگێڕى سەربە کەرکووک گوازرانەوە سەر #هەولێر#. بە مەرسومى کۆمارى ژمارە (508) لە (01-01-1987) قادرکەرەم هەڵوەشێنرایەوە و کرایە ناوچەیەکى یاساغکراو. هەر لە هەمان ساڵدا شارەدێکانى (شوان، قەرەحەسەن، قەرەهەنجیر، یایچى) هەڵوەشێنرانەوە. ساڵى دواتر و لە چوارچێوەى شاڵاوەکانى ئەنفالدا شارەدێکانى (قادرکەرەم، سەنگاو، ئاغجەلەر، نەوجول) تەخت کران.
بەشێوەیەکى گشتى بەر لە ساڵى (1976)، ڕووبەرى شارى کەرکووک (پارێزگاکە) بریتى بووە لە (19.543 کم2)، هەروەها کەرکووک بریتى بووە لە حەوت شارۆچکە و (23) شارەدێ و (1438) گوند. دواى ئەو مێژووە بووەتە سێ شارۆچکە و نۆ شارەدێ و (590) گوند، ڕووبەرەکەشى بووەتە (9426 کم2)، واتە بەگشتى (10.117 کم2) لە ڕووبەرەکەى دابڕێنراوە. لەماوەى هەردوو ساڵى (1987–1988)دا لە سنوورى کەرکووک (781) گوند ڕوخێنراوە، شەش شارەدێ وێرانکراوە و هەڵوەشێنراوەتەوە کە لەو گوندانەدا (37726) خێزان ژیاون. (39187) خانوو ڕوخێنراوە. (45777) خێزان ڕاگوێزراوە و بەشێکى بەر شاڵاوى دڕندانەى ئەنفال کەوتووە. (381) قوتابخانە، (657) مزگەوت، (69) بنکەى تەندرووستى و شوێنى چارەسەر، (47) پەلەوەرگە، (75) ئاشى ئاو، (135) کارێزى ئاو، (157) تەکییە و پیرۆزگە وێران کران و لەناودران. بەکۆى گشتى (60%) کوردى کەرکووک بەر ستەمکارییەکانى ئەنفال و (ڕاگواستن، دەرکردن و هەڵوەشاندنەوە) کەوتوون، هەروەها (49%) خەڵک و خاکى کەرکووک بەر پەلامارى تەعریب و ڕاگواستن کەوتووە.
$ستەمى ڕاگواستن$
هەنگاوێکى دیکەى بەعسییەکان لە کەرکووک، دەرکردن و ڕاگواستنى کورد بووە لە کەرکووکەوە بەرەو ناوچەکانى هەرێمى کوردستان یان بەرەو ناوچەکانى دیکەى ئێراق. لەو چوارچێوەیەدا حکوومەتى بەعسییەکان لە ناوەڕاستى حەفتاکانەوە بەئاشکرا ڕێگەى نەدەدا کورد لە کەرکووک و دەوروبەریدا دابمەزرێ، زۆربەى ئەوانەیشى کە ساڵانێکى زۆر لە کەرکووک فەرمانبەر و مامۆستا بوون، بۆ هەولێر و سلێمانى و تەنانەت بۆ ناوەڕاست و باشوورى ئێراق دەگوێزرانەوە. هەر لە هەفتاکانى سەدەى ڕابردووەوە، کڕینى زەوى و خانووبەرە و تەنانەت نۆژەنکردنەوەى ماڵە ڕووخاوەکان لە کورد قەدەغەکرابوو. لە سەردەمى دەسەڵاتدارێتى بەعسییەکاندا، کورد لە کەرکووک مافى ئەوەى نەبوو زەوى یان خانوو بکڕێت، تەنانەت ئەگەر ماڵەکەشى بەر ڕێگەوبان بکەوتایە، کە ئەویش بەمەبەستى تێکدانى گەڕەکە کوردییەکان بەنێوەڕاستى ئەو گەڕەکانەدا دەبران و تا بکرایە فراوان دەکران بۆ ئەوەى زۆرترین ماڵى کوردى بەر بکەوێت. لەم حاڵەتەیشدا بۆیان نەبوو لە هیچ شوێنێکى شارەکە زەوییەک یان خانوویەک بکڕن، بۆیە ناچار دەکران شارەکە بەجێبهێڵن. هەروەها کوردى کەرکووک بۆى نەبوو ماڵەکەى چاک بکاتەوە، بۆیە خانوەکانى کورد وەک کەلاوەیان لێدەهات و کەڵکى ژیانیان تێدا نەدەما.
بەپێى نووسراوى ژمارە (30433) دیوانى پارێزگاى تەئمیم (کەرکووک) لە (12-01-1998) لە ماوەى (15-04-1998 تا 15-06-1998) واتە تەنیا لەماوەى دوو مانگدا (1468) خێزانى کورد دەرکراون. لە بەڵگەنامەیەکى دیکەدا بە ژمارە (589) لە (16-08-1997) کە ئیمزاى ئەیاد فتەیح خەلیفەى پارێزگارى کەرکووکى بەسەرەوەیە، ئاماژە بە ڕەزامەندى جێگرى سەرۆک کۆمار دەکات کە لە هەمانکاتدا سەرۆکى لیژنەى کاروبارى باکوور بووە، بۆ ئەوەى ئەو خانوانەى ژمارەکانیان دیارکراوە لەگەڵ ناوى خاوەنە دەرکراوەکانییان، بکرێن بەناوى ئەو سوودمەندانەوە کە (عەرەبى هاوردەن بۆ کەرکووک). لەم لیستەدا ناوى (29) کوردى دەرکراوى تێدایە لەگەڵ ژمارەى خانوەکانیان و ناوى ئەو عەرەبە هاوردانە کە ئەو خانوانەیان بەسەردا دابەشکراوە.
پارێزگارى سەربازى کەرکووک لیوا ڕوکن نەوفەل ئیسماعیل خدر لەسەر داواى وەزارەتى ناوخۆ / کاروبارى ئەمنى، بە نووسراوى ژمارە (563) لە (10-01-2000) داواى لیستى ناوى (300) خێزانى کورد و تورکمانى کردووە لە دانیشتووانى سنوورى نێوەندى پارێزگا بۆ ئەوەى لەو ساڵەدا دەربکرێن. هەروەها فەرمانگەى کاروبارى ناوخۆیى لە پارێزگاى کەرکووک لە نووسراوێکدا بۆ نووسینگەى تایبەت / دیوان بە ژمارەى (9/9/713) لە (24-01-2000) کە ناوى پلانى پێنج ساڵەى ڕاگوێزانى لێناوە، دەڵێت: “حەزدەکەین بەڕێزتان ئاگادار بکەینەوە لە جێبەجێکردنى پلانى پێنج ساڵەى وەزارەتى ناوخۆ/ کاروبارى ئەمنى لەگەڵ هەموارکردنەکانیدا کە تایبەتە بە دەرکردنى هاووڵاتییانى ناعەرەب بۆ دەرەوەى پارێزگاى کەرکووک. بەپێى خەمڵاندنى ڕێکخراوەکانى سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە نەوەدەکانى سەدەى ڕابردوودا لە کوردستان کاریان دەکرد، ژمارەى کوردانى دەرکراو و ئاوارە و ڕاگوێزراو لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانى دیکەى دەرەوەى هەرێم بەر لە لەناوچوونى ڕژێمى سەدام حسێن، گەیشتبووە (800) هەزار کەس.
$قەدەغەکردنى زمانى کوردى$
حکوومەتى بەعسییەکان لە ساڵانى نەوەدەکاندا، زمانى کوردى لە قوتابخانە و دەزگاکانى دەوڵەتدا قەدەغەکرد، کە لە مێژووى دەوڵەتى ئێراقدا هەنگاوى لەو جۆرە نەنرابوو. نەک هەر ئەوەندە، بەڵکوو ناوى کوردیى قوتابخانە، گەڕەک و دووکانەکانیشى بەناوى عەرەبى گۆڕى. ئەوەیشى قەدەغەکرد باوکان و دایکان ناوى کوردى لە منداڵەکانیان بنێن. لەگەڵ ئەم هەنگاوانەدا خەڵکى ناچاردەکرد خۆیان بە عەرەب ناونووس بکەن. ئەم هەنگاوانە ڕێژەى کوردیان لە کەرکووک بەشێوەیەکى دراماتیکى هێنایە خوارەوە. بەپێى سەرژمێرى (1997) لە پارێزگاى کەرکووک تەنیا (21%) دانیشتووان بە کورد نووسرابوون، لە کاتێکدا چل ساڵ بەر لەوە، ڕێژەى ئەوانەى زمانى کوردییان بە زمانى دایکى خۆیان دانابوو لە لیواى کەرکووکدا (48%) دانیشتووانیان پێکدەهێنا.
لەو چوارچێوەیەدا، پارێزگارى کەرکووک بە نووسراوى ژمارە (145) لە (21-09-1999)، ڕێنمایى تایبەتى دەرکردووە کە پشتى بەستووە بە ڕێنماییەکانى دیوانى سەرۆکایەتى بەنووسراوى زۆر نهێنى ژمارە (13721) لە (08-08-1998) لێى ئاگادار کرابووەوە لەگەڵ نووسراوى ئەنجوومەنى وەزیراندا / دەستەى پلان و بەدواداچوون بە ژمارە (4/5/14302) سەبارەت بەوەى ناوى لێ نابوو (بارودۆخى نەشاز لە قوتابخانەکانى پارێزگاى التأمیم). لێرەدا مەبەست لە بارودۆخە نەشارەکان قسەکردنى قوتابییان بوو لەنێوان خۆیاندا لە کاتى پشوى نێوا وانەکاندا بە زمانى کوردى یان تورکمانى یان سریانى. دژایەتیکردنى کورد لەلایەن بەعسییەکانەوە، گەیشتبووە ئەو ڕادەیەى وەزارەتى بازرگانى تەنیا ڕێگەى دەدا بە (رۆڵەکانى نەتەوەى عەرەب لە کەرکووک کارى بازرگانى بکەن، بەپێى مەرجى تایبەتى). لەلایەکى دیکەوە (ئەنجوومەنى سەرکردایەتى شۆڕش)ى بەعس بە بڕیارى ژمارە (76) لە (07-02-2000) بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى نەوتى باکوورى سەرپشک کردووە بۆ ئەوەى (فەرمانبەرانى کەمینە نەتەوەییەکانى ناعەرەب–لە کورد و تورکمان، خانەنشین بکات لەبەر هۆکارى بارودۆخى ئەمنى). ئەم بڕیارە ئیمزاى سەدام حسێنى بەسەرەوەیە، تەنانەت ئەو کەسانەشى دەگرتەوە کە نەتەوەى خۆیان گۆڕیبوو، خۆیان بە عەرەب نووسیبوو.
ڕاگواستنى کورد لە کەرکووک تەنیا زیندوەکانى نەگرتەوە، بەڵکوو گەیشتە مردوەکان و گۆڕستانەکانیش، چونکە بەعسییەکان زۆرجار خێزانە کوردەکانیان ناچار دەکرد گۆڕى مردوەکانیان هەڵبکەنن و تەرمەکانیان لەگەڵ خۆیاندا ببەن، بۆ ئەوەى هیچ شتێک نەمێنێت بە کەرکووکەوە بیانبەستێتەوە. بەنموونە جارێکیان هاووڵاتییەکى کوردى بەتەمەنى دانیشتوى کەرکووک هەوڵى زۆرى دا قەناعەت بە پارێزگارە بەعسیەکە بهێنێت بۆ ئەوەى دەرینەکات، چونکە هەردوو کوڕەکەى لە (قادسیەى سەدام)دا گیانیان لەدەستدابوو. وەڵامى پارێزگار بۆ ئەو پیاوە لێقەوماوە ئەوە بوو کە دەتوانێت تەرمى کوڕەکانى لەگەڵ خۆیدا ببات بۆ (ناوچەى ئۆتۆنۆمى!).
$گۆڕینى بارى نەتەوەیى$
یەکێکى دیکە لە ستەمکارییەکانى بەعس بەرانبەر بە کوردى کەرکووک، ڕێگەدان بوو بە هاووڵاتییان بۆ ئەوەى نەتەوەى خۆیان بگۆڕن بۆ عەرەب. سەدام حسێن بە بڕیارى ژمارە (199) لە (06-09-2001) بە ناونیشانى (ڕاستکردنەوەى بارى نەتەوەیى) ڕێگاى ئاوەڵا کرد بۆ هەموو ئێراقییەک کە هەژدە ساڵیان تەواوکردووە، تاوەکوو نەتەوەى خۆیان بگۆڕن بۆ عەرەب. بەپێى بەڵگەنامەکان لە سەردەمى دەسەڵاتى بەعسدا (1968–2003)، لە چوارچێوەى سیاسەتى زۆرەملێى (ڕاستکردنەوەى بارى نەتەوەیى-تصحیح قومیە)دا، (38147) کورد کراون بە عەرەب یان خۆیان کردووە بە عەرەب، هەروەها (42386) تورکمان خۆیان کردووە بە عەرەب یان کراون. واتە بەگشتى (80533) کەس ناسنامەى نەتەوەییان گۆڕراوە. ئەمە سەرەڕاى ئەوەى هەر لەو ماوەیەدا کۆى گشتى عەرەبى هاوردە بۆ کەرکووک (26476) خێزان بووە کە (214696) کەس بوون. لەو ژمارەیەش (16104) کەسیان فەرمانبەر بوون و هێنراونەتە ناو کەرکووک، زۆربەشیان خراونەتە کۆمپانیاى نەوتەوە.
$کورد لە دیدگاى بەعسییەکان دا$
بۆچى بەعس بەم جۆرە ڕەفتارى لەگەڵ کوردى کەرکووکدا دەکرد؟ وەڵامەکەى لە لێدوانى سەرکردەکانى بەعسدا هەیە. بەنموونە سەدام حسێنى دیکتاتۆرى ئێراق زۆرجار باسى ئەوەى کردووە کورد نەتەوەیەکى دابەشکراوە و ڕۆژێک دێت هەوڵى دامەزراندنى دەوڵەتى سەربەخۆى خۆى دەدات، کەرکووکیش دڵى ئەو دەوڵەتە دەبێت، بۆیە دەبێت لە ناوچە کوردییەکان دایببڕن و زرینەى دانیشتووانى بکەن بە عەرەب، بەو کارەشیان ئامانجى دامەزراندنى دەوڵەتى کوردى دەکەن بە شتێکى مەحاڵ. عەلى حەسەن مەجید (عەلى کیمیایى) بەرپرسى نووسینگەى باکوورى حیزبى بەعس، واتە دەسەڵاتدارى یەکەمى بەعسییەکان لە کەرکووک و کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانى حیزبى بەعس، ئەمن و سوپا لە کەرکووک لە (15-04-1989)، دەڵێت: کاتێک هاتمە ئێرە ژمارەى عەرەب و تورکمان لە (51%) دانیشتووانى کەرکووک زیاتر نەبوو. بۆ ئاگاداریتان شەست ملیۆن دینارم خەرجکرد تا گەیشتینە ئەم دۆخەى ئێستا. هەموو ئەو عەرەبانەى کە هاوردمان بۆ کەرکووک، ڕێژەکەیان نەگەیاندە (60%)، لەبەر ئەوە لە کوردانى کەرکووک و دەوروبەرەکەى قەدەغەم کرد لە دەرەوەى ناوچەى ئۆتۆنۆمى کاربکەن.
تارق عەزیز وەزیرى دەرەوەى ئێراق کە سەرکردەیەکى مەسیحى بەعسییەکان بوو، لەبارەى کەرکووکەوە یەک مافى بە کورد بەخشیبوو، ئەویش ئەوەبوو کە دەتوانن بۆ ئەو شارە بگرین کاتێک پێیدا تێدەپەڕن، هەروەک چۆن عەرەب بۆ لەدەستدانى ئەندەلوس دەگرین.
$کورد و عەرەب لەدواى بەعس$
لە دەستوورى هەمیشەیى ئێراقدا کە لە ساڵى (2005) پەسەندکرا، ماددەى (140) تایبەت کرا بە چارەسەرى پرسى کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان، بڕگەیەکى ئەو ماددەیەش تایبەت بوو بە قەرەبووکردنەوەى ئەو کوردانەى بەر ڕاگواستن کەوتن، هەروەها پێدانى بڕێک پارە بە عەرەبە هاوردەکان بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو ناوچانەى لێوەى هاتوون. بۆ هەر خێزانێکى کورد بڕى دە ملیۆن دینار و بۆ هەر خێزانێکى عەرەب بڕى بیست ملیۆن دینار تەرخانکرابوو. لە کەرکووک لە (01-07-2007) تا (31-08-2014)، ژمارەى ئەو خێزانە ئاوارانەى بۆ قەرەبووکردنەوە ناویان نووسرابوو، کە لە سەردەمى بەعسدا بەر شاڵاوى ڕاگواستن و تەعریب و سڕینەوە کەوتوون (130) هەزار خێزان بوون. ئەو خێزانە عەرەبانەش کە فۆرمى قەرەبوویان بۆ پڕکرابووەوە تا بگەڕێنەوە شوێنى پێشوویان (30384) خێزان بوو.[1]
$سەرچاوەکان$
دکتۆر جەبار قادر: کەرکووک نەفرەتى نەوت و ستەمى دیمۆگرافیا، لەبڵاوکراوەکانى ئەکادیمیاى کوردى، چاپى دووەم، هەولێر، 2022.
لەتیف فاتیح فەرەج: برینەکانى قودس و دڵ، لە بڵاوکراوەکانى دەزگاى ڕۆشنبیرى جەمال عیرفان، چاپى یەکەم، چاپخانەى تاران، 2021.
یایر ئارۆن: جینۆساید ڕووە تیۆرییەکانى لێکۆڵینەوە لە جینۆساید، وەرگێڕانى #مەهاباد# قەرەداغى، لە بڵاوکراوەکانى زانکۆى ئەریبلى نێودەوڵەتى، چاپى یەکەم، هەولێر، 2019.
گۆڤارى ئەنفالناسى: ساڵنامەیەکى تایبەتە بە بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستى لەبارەى جینۆساید و ئەنفالى کورد، ژمارە ( 6 و 7)، چاپخانەى پاندا، سلێمانى، (14-04-2024).
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!