کێچ لە ئیدیۆمی کوردەوارییدا
کێچ: زیندەوەرۆچکەیەکی بچووک و گزگڵە و زۆر وردیلەیە و ڕەنگی ڕەشە و لە ئەسپێ بچووکترە و بە گەراکەی دەوترێت ڕشک، لە ژینگەی پیسدا پەیدا دەبێت، لە کۆندا لەبەر نەبوونی سابوون و تایت و فاس و مادە پاککەرەوەکان کێچ زۆربووە هەر بۆیە لە کوردەوارییدا لە زۆر ئیدیۆمدا بەکارهێنراوە و ناوی هاتووە وەکوو: کاریتەی لە قونێ کێچی ڕادەکات، کاریتە: دارێکی گەورەی ئەستوورە بۆ سەرگرتنی خانوو دەخرێتە سەرخانوو، بەو ئەندازەیە نیرگە و قەبە و زل بێت چۆن؟ دەتوانرێت بخرێتە ناو کۆم و قونی ئەو زیندەوەرۆچکە بچووکە، هەڵبەت ئەوە بۆ زیادەڕۆیی بەکارهێنراوە بۆ شارەزا و وەستایی کارزان و دەستڕەنگینی یاخود بۆ زۆری ستەمی ستەمکارێک، لەبەر ئەوەی کێچ پێیەکانی وەکوو پێی مێش گڕنی گڕنییە دەبێتە مایەی ئاڵوشی و هەستیاری و خورشت بۆیە ئەگەر کەسێک تەنگاو بێت حەجمانی نەمێنێت بۆ جێبەجێکردنی کارێک دەوترێت: کێچ کەوتە کەوڵی، لە ڕوویەکی ترەوە ئەگەر کەسێک زۆر دابنیشێت و کەم بجوڵێت دەوترێت: قەوزەی هەڵێناوە یان کێچی هەڵهێناوە واتە ئەوەندە دانیشتووە پیس و گڕوو بووە و کێچ کەوتووەتە کەوڵی، هەندێک کەس بەروبووم و کەلوپەل و شتومەک و شمەکی خۆیان زۆر بەرز دەکەنەوە و زۆر ستایشی دەکەن بۆ ئەو جۆرە کەسانەش وتراوە: #کێچ بە گا دەفرۆشێت#، بەهەمان شێوەی کێچ بە گا فرۆشتن وتراویشە: #کێچی حەفت مەن شیر ئەدا#، ئەمەش ستایشی لە ڕادەبەدەری کەسێکە بۆ شمەک و بەروبوومی خۆی، بۆ زۆر دەست ڕاستی و نیشانشکێنی تفەنگچییەکیش دەوترێت: #چاوی کێچ دەپێکێت#، بۆ زۆر بچووکی کەسێکیش وتراوە: بەقەت کێچێکە، بۆ کەسێکیش کە زۆر کابان و ماڵداری کەر بێت دەوترێت: ڕوون لە کێچ دەگرێت، وەکوو جنێو گەراکەشی لە ئیدیۆمدا شوێنی بۆ کراوەتەوە و وتراوە: کچە تیمی سەربە ڕشک، واتە کچێکە سەر پیسە و بەهۆی پیسیەکەیەوە ڕشکی لێداوە یان کێچ تێیدا گەرای داناوە. [1]